لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی تورکیا، کورد هێزی یەکلاکەرەوە دەبێت

18 حوزەیران 2025

نوسەر : هێژا دڵشاد

هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لە تورکیا گرنگیی خۆی هەیە، بە تایبەت لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆککۆماریدا لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٣، ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکانمان بە روونی بۆ دەردەکەوێت.

 لەو دوو هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانێتی جۆراوجۆر لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی و هەروەها لایەنی ئۆپۆزسیۆنەوە هاتەئاراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەو قۆناغەدا فۆڕمەکانی دەسەڵات و هەیکەلی دەسەڵاتی سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵات گۆڕانکاریی زۆرى بەسەردا هات، سەرەڕای ئەوەش لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارییدا، هاوکات هەڵبژاردنی پەڕلەمانیش لەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە خولی یەکەمی سەرۆککۆماریدا لە ١٠ ى ئابی ٢٠١٤، بۆ یەکەمجار راستەوخۆ لە رێگەى دەنگی خەڵکەوە توانی سەدا پەنجا و یەک پۆینت حەوتی دەنگەکانی بەدەستبهێنێت و بە دوانزەهەمین سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرا کە شوێنی عەبدوڵا گول-ی هاوخەباتی گرتەوە. لەو هەڵبژاردنەدا یەکەمجار بوو لەو وڵاتە بە دەنگی هاوڵاتیان سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، لەبەرئەوەى پێشتر لە رێگەى پەرلەمانەوە سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرا. 

ئەردۆغان لە خولی یەکەمی سەرۆککۆماریدا کە دەسەڵاتەکانی زیاتر تەشریفاتی بوو و سیستمی وڵاتیش پەڕلەمانیی بوو، ئەردۆغان هەر زوو هەوڵی ئەوەیدا دەسەڵاتەکانی فراوانتر بکات و تەواوی ناوەندەکانی بڕیاردان بە خۆیەوە ببەستێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە گۆڕینی سیستمی وڵات بوو لە پەڕلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی. 

هاوپەیمانێتی ئاک پارتی و مەهەپە

بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی سیاسیی ئاک پارتی، رێژەى دەنگدەری پارتەکە بەشێوەیەکی گشتیی لەنێوان سەدا ٣٠ بۆ سەدا ٣٥ بووە و ئەردۆغان لە خولەکانی سەرۆکوەزیرانیدا بۆئەوەى بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت، هەمیشە بەدوای هاوپەیمانێکی سیاسیی یاخود هاوپەیمانێکی ناسیاسییەوە بووە. لە سەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیی، گولەنییەکان پشتیوانییەکی بەهێزى ئاک پارتی بوون تاکوو کودەتا شکستخواردووەکەى ١٥ تەمووزی ٢٠١٦ هاوکێشەکانی نێوان بزووتنەوەى گولەن و ئاک پارتی بە تەواوی پێچەوانە بونەوە.

لە پاش کودەتاکە، سیاسەتى ئاک پارتی گۆڕانکاری زۆری بەخۆیەوە بینی، ئەردۆغان بەدوای هاوپەیمانێتی نوێدا دەگەڕا، لێرەدا پارتی بزاڤی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بەباشترین بژاردەى سیاسیی دەبینی، تەنها ساڵێک پاش کودەتاکەى ٢٠١٦، بۆ یەکەمجار لە مێژووی  دەسەڵاتی ئاک پارتیدا، هاوپەیمانێتی سیاسیی ئاک پارتی لەگەڵ مەهەپە هاتەئاراوە، یەکەم هەنگاوی پشتیوانی مەهەپە بۆ ئاک پارتی، لە ریفڕاندۆمەکەى ٢٠١٧ هاتەئاراوە کە بۆ گۆڕینی سیستمی وڵات لە پەڕلەمانییەوە بۆ سەرۆکاییەتی ئەنجامدرا و سەدا پەنجاو یەک پۆینت چواری گەلی تورکیا دەنگیان بە (بەڵی) بوو بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور.

هەرچەندە لەو کاتەدا هاوپەیمانێتییەکەی نێوانیان بە فەرمی رانەگەیەنرابوو، بەڵام پێش ریفڕاندۆمەکە عیسمەت بیوککەتەمان سکرتێری گشتیی مەهەپە لە لێدوانێکیدا بۆ دی دەبلیو تورکی رایگەیاندبوو کە پارتەکەیان پشتیوانیی لە ریفڕاندۆمەکە بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور دەکات وەک پاساویش ئاماژەی بەوەشکرد تورکیای پاش کودەتاکە پێویستی بەو گۆڕانکارییەک هەیە بۆ رێگریی کردن لە مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەى.

 لە ٢٠ ى شوباتی ٢٠١٨ واتە چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی و پەڕلەمانیی، هاوپەیمانی جمهور (کۆماریی)، لەنێوان ئاک پارتی و مەهەپە بە فەرمی راگەیەنرا و لەو کاتەوە تائیستا لە هەر هەڵبژاردنێکدا دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە پشتیوانی خۆی بۆ ئەردۆغان دووپاتدەکاتەوە. 

 لە هەڵبژاردنی ٢٤ ى حوزەیرانی  ٢٠١٨ ئەردۆغان بە پشتیوانی دەنگەکانی مەهەپە بۆ جاری دووەم بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە و لە نۆی تەمموزی ٢٠١٨ سیستمی سەرۆکایەتیی بە کرداریی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەمەش تورکیا هەنگاوی بەرەو ئۆتۆکراسی (دەسەڵاتی تاکەکەسی) نا. 

هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەرفەتدانەوە بە ئەردۆغان

 مەسەلەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا، ساڵێکە لەلایەن بەشێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بەردەوام دەوروژێنرێت و لە میدیاکانى ئۆپۆزسیۆنەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)، بەردەوام پێداگریی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی دەکاتەوە، هۆکاری ئەو پێداگرییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئازاری ٢٠٢٤، بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەسەڵاتی ئاک پارتیدا، رێژەى دەنگەکانی جەهەپە لەسەرئاستی تورکیا پێش دەنگەکانی ئاک پارتی کەوت و توانی سەرکەوتنێکی بەرچاو بۆ خۆی تۆمار بکات، هاوکات جەهەپە وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دووبارە گەورەشارەوانییەکانی وەک ئەنقەرە، ئیستانبوڵ، ئیزمیری بەدەستهێنایەوە.

لەو هەڵبژاردنە ئاک پارتی سەدا ٣٥ پۆینت ٤٩ ى دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا جەهەپە سەدا ٣٧ پۆینت ٧٧ ى دەنگەکانی بەدەستهێنا جیاوازی دەنگەکانیان بە رێژەى سەدا دوو پۆینت دوو بوو، جەهەپە یەک ملیۆن و ٥١ هەزار و ٧٧٧ دەنگ زیاتری بەدەستهێنا. 

ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پاشەکشەى دەنگەکانی ئاک پارتی، شۆکێکی سیاسیی بوو بۆ خودی ئەردۆغان و ئاک پارتی، ئەگەر بەراوردێک بکەین لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەڕلەمانی لە مایسی  ٢٠٢٣، واتە کەمتر لە ساڵێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنى شارەوانییەکان، ئاک پارتی لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانتاریدا سەدا ٣٦ پۆینت سێی دەنگەکانی بەدەستهێنا جەهەپە ٢٥ پۆینت هەشتی بەدەستێنابوو. جیاوازیی نێوانیان سەدا یانزەیە. هەروەها کوردیش سەدا نۆى دەنگەکان نزیکەى پێنج ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا و بە ٦٢ پەڕلەمانتار بووە سێپەم پارتی سیاسیی لە پەڕلەمان.  

بێگومان هۆکاری پاشەکشەی دەنگەکانی ئاک پارتیی زۆرن، کە گرنگترینیان قەیرانی ئابوورییە لەو وڵاتە گرانیی و زیادکردنی باجەکانە.

 بەگوێرەی راپرسییەکانی ناوەندە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە، ئاشکرایان کردووە زۆرینەى خەڵکی تورکیا لەوباوەڕەدان قەیرانی ئابووری گەورەترین و گرنگترین کێشەى وڵاتەکەیانە. 

راپرسییەکانی لە پاش هەڵبژاردنی ئازاری ٢٠٢٤ وە ئەنجامدراون لە زۆربەیاندا هێشتا دەنگەکانی جەهەپە لەپێش دەنگەکانی ئاک پارتییەوەیە. تەنانەت دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەگەڵ کورد بۆ ئاشتەوایی، ئاک پارتی نەیتوانیوە متمانەى رایگشتیی بەدەستبهێنێتەوە.

بەگوێرەى هەواڵێکی پێگەى تی ٢٤، لە بەرواری ١٥ ى حوزەیرانی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە  لە نوێترین ئاماری ناوەندەکانى راپرسی لەو وڵاتە، لە کۆی ئەنجامی  ١٦ ناوەندی راپرسیی، هێشتا دەنگەکانی جەهەپە، لەپێش دەنگەکانی ئاک پارتییەوەیە و بەشێوەیەکی گشتیی دەنگەکانی جەهەپە سەدا ٣٣,٤ بووە و ئاک پارتیش ٣٠,٧ بووە. 

 چاودێرانی سیاسیی و تەنانەت بەشێک لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکانیش ئاماژەیان بەوەکردووە پاشەکشەی دەنگەکانی ئاک پارتی هۆکار بووە ئاک پارتی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ کورد.

لە ١٤ ى مایسی  ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەنجامدراوە بەگوێرەى وادەی فەرمی خۆی بێت ئەوا لە ١٤ ى مایسی ٢٠٢٨ دا دەبێت ئەنجامبدرێت. ئەگەر مێژووی هەڵبژاردنەکان لەسەردەمی ئاک پارتیدا بهێنینە بەرچاومان زۆرجار هەڵبژاردن ساڵێک پێش وادەى خۆی ئەنجامدراوە. ئەگەر هەیە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆماریی لە ٢٠٢٧ ئەنجام بدرێت، لەم بارەیەوە لێدوانی جۆراوجۆر لەلایەن بەرپرسانی ئاک پارتییەوە هەبووە. بێگومان تا ئەوکاتە چاوەڕێ دەکرێت دەستوور هەموار بکرێتەوە و ئەردۆغانیش پەنا بۆ رێککەوتنی سیاسیی نوێ ببات.

ئەگەرەکانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار

رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ لە هاوکێشەکان بۆئەردۆغان نەگۆڕێت، لەبەرئەوەى چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ یاخود لە ساڵی ئایندە هەموارکردنەوەى دەستوور لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و ئاک پارتی خوازیارە بە پشتیوانی مەهەپە و لایەنی کورد (دەم پارتی) رەنگە لایەنی دیکەش دەستوور هەمواربکاتەوە، یەک لە بڕگەکانیش دەرفەت پێدانەوەى خولێکی دیکەیە بە ئەردۆغان بۆ خۆکاندیدکردنەوەى بۆ سەرۆککۆمار لەبەرئەوەى دەستووری ئێستا بۆ سێ خول دەرفەت دەدات. بەمەش جارێکی دیکە ئەردۆغان دەنگی تەواو بۆ هەڵبژاردنەوەى بەدەستبهێنێتەوە و درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆى لە بەرزترین پۆستی وڵاتەکەیدا بدات.

ئەگەرێکی دیکەى سەرکەوتنى ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی داهاتوودا، پەرتەوازەبونی بەرەى ئۆپۆزسیۆنە، ئەمەش چانسی سەرکەوتنى ئەردۆغان زیاتر دەکات.  لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لەساڵانی ٢٠١٤ ، ٢٠١٨ و لە ٢٠٢٣ دا، ئەردۆغان رکابەری سیاسیی هەبوو. لەو دوو هەڵبژاردندا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە یەک کاندیدەکان بوو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و وەک رکابەری سەرسەختی ئەردۆغان دەردەکەوت توانی سەدا ١٠ى دەنگەکات بباتەوە. هاوکات بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش کاندیدی هاوبەشیان هەبوو تاڕادەیەک توانیان دەنگی باش کۆبکەنەوە بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ٢٠٢٣ دا کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتیی جەهەپە بوو هاوپەیمانی لەگەڵ پێنج پارتی سیاسیی بەست بۆئەوەى هەڵبژاردن لە بەرامبەر بە ئەردۆغان بباتەوە، لایەنی کوردیش ناڕاستەوخۆ پشتیوانیان لێدەکرد، بەڵام بە جیاوازی سەدا پێنجی دەنگەکان کڵچدارئۆغڵو نەیتوانی هەڵبژاردنەکە لە ئەردۆغان بباتەوە.

لە ئەگەری هەموارکردنەوەى دەستوور و دەرفەت پێدان بە خۆکانید کردنەوەى ئەردۆغان بۆ جاری چوارم ببێتەوە بە سەرۆککۆمار، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کورد ئەمجارە دەنگ بەلایەنی ئۆپۆزسیۆن نادات و خۆشی کاندیدی بۆ سەرۆککۆمار نەبێت، بێگومان هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماوەى ساڵێکە پڕۆسەی گفتوگۆکان لەنێوان تورکیا و کورد لەئارادا هەیە و چاوەڕێ دەکرێت کۆمەڵێک پێشهاتی ئیجابی بێتەئاراوە.

لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ کاتێک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا، بۆ ماوەی مانگێک جەهەپە لە ئیستانبوڵ کۆبونەوەى جەماوەرى لەدژی دەستگیرکردنەکە ئەنجامدا، ئەو کات دەم پارتی ئیدانەى دەستگیرکردنەکەی کرد و بە بڕیارێکی سیاسیی ناوبرد، بەڵام ئەوەشیان راگەیاند پارتەکەیان بەشداریی لە خۆپیشاندان و کۆبوەنەوە جەماوەرییەکانی جەهەپە ناکات، ئەم هەڵوێستەى دەم پارتی لەلایەن دەولەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە یەک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پڕۆسەی گفتوگۆکانە لەگەڵ کورد، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو هەڵوێستەی دەەم پارتی کرد و بە بریارێکی لۆژیکی ناویبرد. لەکاتێکدا کورد لە ئیستانبوڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٤ دەنگیان بە ئیمامئۆغڵو دابوو وە جۆرێک لە رێککەوتنێکیش لەنێوان جەهەپە و دەم پارتی لەئارادا بوو.

بەبیرخۆمانی بهێنینەوە لە ٢٠١٣ کاتێک پڕۆسەی ئاشتی لەئاردا هەبوو، کورد و جەهەپە پێکەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک لە ئیستانبوڵ کرد، کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند و دروشمەکان بۆ روخاندنی حکومەت گۆڕدرا. ئەمجارە لایەنی کورد دەیەوێت ببێتە لایەنێکی سەرەکی بۆ رێککەوتنێکی مەودا درێژ بۆ چارەسەری پرسی کورد  و پاراستنی دەستکەوتەکانی لەئێستاو داهاتوودا.

 کورد یەکلاییکەرەوەى هاوکێشەکان دەبێت

لەچوارچێوەى دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەنێوان لایەنی کورد و لایەنی تورکیا، کوردیش داواکاریی خۆی بۆ لە دەستووری نوێدا هەیە. هەڵبەتە بێدەنگ کردنی چەکەکان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (پەکەکە) هێشتا پڕۆسەیەکی دورودرێژی پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکە، ئەویش چارەنووسی کۆتایی ئەندامانی باڵای پەکەکە و گەرەنتی مافەکانی کورد لە دەستووری ئەو وڵاتەیە.

هەرچەندە بەرپرسانی دەم پارتی زۆر بە روونی ئاماژەیان بە داواکارییەکانیان لە بڕگەکانی هەموارکردنەوەى دەستووری نوێی تورکیا نەکردووە، ئەوەى بەشێوەیەکی گشتیی باسی لێوەدەکرێت بریتین لە مافی خوێندنی زمانی دایک بۆ هاوڵاتیانی کورد لەو وڵاتە. دانپیانانی زمانی کوردی لە دەستووردا و ئازادکردنی لە دامەزراوە فەرمیی و نافەرمییەکانی ئەو وڵاتەدا. هەموارکردنەوەى یاساکانی پارتە سیاسییەکان و کۆتاییهێنان بە داخستنى پارتی سیاسیی. دەستەبەرکردنی مافە کەلتوورییەکان بۆ کورد، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەگشتیی. کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنی سەربازیی و ئۆپراسیۆنی پۆلیسی بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی سیاسیی کورد. بێشک هەموو ئەمانەش پەیوەستە بە هەنگاوەکانی پەکەکە و تورکیا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە لەو وڵاتە.