29 تشرینی یەکەم 2026
ڤیژن فاوندەیشن
کار و خزمەتەکان، گرفت و بەربەست و رێگرییەکان، چۆنییەتی گۆڕینی کێشە و ئاڵنگارییەکان بۆ دەرفەت و خزمەتکردن، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆیەکی کراوەی دامەزراوەی ڤیژن بوو، کە بە بەشداریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، شارەزایان و پسپۆڕان، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان، بەڕێوەچوو.
رۆژی پێنجشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە چوارچێوەی پرۆژەی چاوی کراوەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر دۆخی سێکتەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، کارو خزمەتەکان، ئامار و زانیاریی، گرفت و ئاڵنگارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بەڕێوەچوو. بە بەشداریی ژمارەیەک لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، شارەزایان و پسپۆڕان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراوەکانی تایبەت بە خاوەنپێداویستی تایبەتەکان، پزیشکانی دەروونی، مامۆستایانی زانکۆ و یاساناسان.
لەسەرەتای گفتوگۆ کراوەکەدا، ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، ئاماژەی بە کار و ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد و چەندین ئامار و زانیاریی خستەڕوو سەبارەت بە خانە و بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و رۆڵ و ئەرکیان، کە پێکهاتوون لە خانەکانی منداڵان و بە ساڵاچووان و ژنان، ماڵەکانی داڵدەدان، منداڵانی بێسەرپەرشت، ماڵی ئارام، هێڵی فریاکەوتنی منداڵان، خێزانی جێگرەوە، دایەنگە حکومی و ناحکومییەکان، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، چاودێریی کەمئەندامان، پەیمانگا و سەنتەرەکانی تایبەت بە نابیستان و نابینایان و شیاندنەوەی کەمئەندامان، سەنتەرەکانی تایبەت بە ئۆتیزم و بەشەکانی دیکەی فەرمانگەکەیان.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، چەندین کێشە، بەربەست، رێگریی لەبەردەم کارەکانیان خستەڕوو لەوانە، یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان کە بەشێکی زۆریان کۆنن و پێویستییان بە نوێکردنەوە و هەموارکردنەوە هەیە.
بەشێکی دیکەی کێشەکانی خستەڕوو پەیوەست بە کەمی ستاف و پسپۆڕیی، کەمی بینا و باڵەخانە بۆ زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
بەشداربووانی گفتوگۆ کراوەکە، سەرنجی خۆیان لەسەر کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و چۆنییەتی خزمەتکردنی بێلانە و بێسەرپەرشت، کەمئەندامانان و کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت و بەساڵاچوان خستەڕوو، پێشنیاز و رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانیان خستەڕوو، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاوی کراوەی دامەزراوەی فێژن، نەخشەڕێگا و راسپاردە و پێشنیازەکان گەڵاڵە بکرێن و بخرێنە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنیان.
ئامانجی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە پرۆژەی چاوی کراوە ئەوەیە ببێتە پردێک لەنێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەن و کەسە پەیوەندیدارەکان، لە رووی خستنەڕووی کارو چالاکی و ئاستەنگ و کێشەکان، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامی گفتوگۆکان، راسپاردە و پێشنیازی پێویست گەڵاڵەبکەن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر پێشکەش بکرێت.
چاوی کراوەی ڤیژن فاوندەیشن ئامانجی ئەوەیە، ئاڵنگارییەکان بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت و لە رێگەیانەوە خزمەتی زیاتر پێشکەش بە سوودمەندانی بوارە جیاوازەکان بکرێت.



















بڵاوکردنەوە