لە مێزگردێکی ڤیژن فاوندەیشن گفتوگۆ لەسەر وردەکاریی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەکرێت

28 تشرینی یەکەم 2026

ڤیژن فاوندەیشن

بە بەشداریی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی مێزگرد و گفتوگۆیەکی کراوەی بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانی و شارەزایانی ئابووری، دەستووریی، یاسایی، رۆژنامەنووسان رێکخستن، لەسەر پرسی داڕشتنی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و شایستە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئاستەنگە یاساییەکان و چارەسەرەکان بە ووردیی تاوتوێکران.

رۆژی دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری هەولێر، بە بەشداریی ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پسپۆڕانی یاسایی و دارایی، ئەندامانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بۆ پرسی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکان، گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر میکانیزمی ئامادەکردن و پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی فیدراڵی و چۆنیەتیی جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

ئامانجی سەرەکیی ئەم گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیە، هێنانەکایەی هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکدەنگی بوو لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی مسۆگەرکردنی سەرجەم شایستە داراییەکان و سڕینەوەی ئەو بەربەستە یاساییانەی لە دەقی یاسای بودجەدا هەن بۆ پشکی هەرێمی کوردستان.

کۆتوبەندەکانی بەغدا لە بودجەی 2027

د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانکار، ئاماژەی بەوەکرد لە پرۆژەیاسای بوودجەدا تەنیا یەک ماددە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە ماددەی 10ـەیە، لە بەرانبەردا یاسای بودجە لە ژمارە و دەقی یاسایی پێکدێت، ئەگەر دەقە یاساییەکان پڕبن لە کۆتوبەند، ئەوا ژمارەکان تەنیا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەکرد لە بودجەدا رێژەی دانیشتووان گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە دەقەکان چۆن شایستە داراییەکان رێکدەخەن. 

باسی لەوەکرد، ماددەی 10 مەرجی قورسی وەک هەناردەکردنی رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل نەوت و رادەستکردنی تەواوی داهاتی نانەوتی داناوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەوە شایستە داراییەکان خەرج ناکرێن، ئەمەش وادەکات ئەو پشکە کەمەی دیاریکراوە بە کۆمەڵێک بەربەستەوە ببەسترێتەوە.

مووچە و پلەبەرزکردنەوە لەنێوان یاسا و بڕیارەکاندا

د.هاوڕێ کەمال، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەکرد، پرسی مووچە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلایی بووەتەوە تا لە کێشە سیاسییەکان بەدەر بکرێت و پێویستە فەرمانبەری هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق هەمان ماف و شایستەی هەبێت.

 سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، داوایان لە بەغدا کردووە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بە یەکجار و لە بودجەی 2027 جێبەجێ بکرێت؛ بەڵام دواتر کراوە بە سێ پاکێج بە جۆرێک شایستەکانی 2016 تا 2020 لە ساڵی 2027، شایستەکانی 2020 تا 2024 لە ساڵی 2028 و شایستەکانی 2024 تا 2028 لە ساڵی 2029 دا شایستەی پلەبەرزکردنەوەیان بۆ ببەسترێت. 

وتیشی: "هەرچەندە ئەمە لە کۆنووسێکی هاوبەشی نێوان شاندی دانووشتانی هەولێر و بەغدا جێگیر کراوە، بەڵام بەو ژمارانەی ئێستای رەشنووسەکە پێناچێت بتوانرێت جێبەجێ بکرێت."

راوێژکارەکەی وەزارەتی دارایی، کە ئەندامی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستانیشە، تیشکی خستە سەر بێبەشبوونی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە 12 مووچەی پاداشتی کۆتایی خزمەت و 6 مانگی کەڵەکەبووی مۆڵەتەکان، لەکاتێکدا ئەو مافە بۆ خانەنشینانی ناوەڕاست و باشوری عێراق وەکخۆی خەرج دەکرێت.

دانوستانە تەکنیکییەکان و شایستە داراییەکان

د.ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی گفتوگۆکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، شاندی هونەریی و دارایی هەرێمی کوردستان، کە خۆیشی ئەندامی شاندەکەیە، لە مانگی ئابی 2026ـەوە بە بەردەوامی لە بەغدا بوون و سەرجەم بەڵگەنامە، داتا و وردەکارییەکانی پەیوەست بە مووچە و داهاتیان پێشکەش بە لیژنە هاوبەشەکان کردووە.

ئاماژەی بە جیاوازیی گەورەی نێوان مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد لە پلەبەرزکردنەوە، پاداشت و شایستەکان و لەوبارەیەوە ووتی: "نزیکەی 1 ترلیۆن دینار پێویستە بۆ پڕکردنەوەی جیاوازیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە بەراورد بە سوپای عێراق." لە کۆتاییشدا داوای یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی کرد لە پەرلەمانی عێراق بۆ پاراستنی ئەم مافانە و دەستەبەرکردنی لە یاسای بودجەدا.

مەترسییەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر قەوارەی هەرێم

د.رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە مێزگردەکەدا هۆشداری دا لە مەترسیی بەردەوامی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و لەوبارەیەوە رایگەیاند: بەشێوەیەکی پلەبەندی بەشێکی زۆری دەسەڵاتە راستەقینەکانی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێنەوە، ئەم دۆخەش پێویستی بە هەڵوێست و شرۆڤەی وردی کەسانی پسپۆڕ هەیە.

مەترسیی دیمۆگرافی لە بودجەدا

هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لایەنێکی دیکەی کێشەکانی خستەڕوو کە بنەمای کێشەکان لە بنەڕەتدا سیاسییە و پێویستە رێگەی نوێ بۆ چارەسەر بدۆزرێتەوە. هۆشداریدا لەوەی پێداگریی لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێم بەپێی رێژەی 14٪ وەک شمشێرێکی دووسەرە وایە؛ چونکە لە کاتێکدا لە رووی داراییەوە پشکەکە زیاد دەکات، لە درێژخایەندا دەبێتە دانپێدانانی فەرمی بە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان، پێش جێبەجێکردنی ماددەی 140 و راستکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان.

مەترسییەکانی کورتهێنان

د.ئەحمەد عەبدولڕەحمان، توێژەری ئابووریی، رەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقی بە خراپترین یاسای بودجە لە قەڵەمدا بەراورد بە ساڵانی رابردوو. ئاماژەی بەوەکرد، بودجەکە 43 ترلیۆن دینار کورتهێنانی تێدایە و هیچ پڕۆژەیەکی نوێی وەبەرهێنانی تێدا پەسەند نەکراوە، جگە لە کەرتی کارەبا نەبێت، زۆربەی پڕۆژەکان تەنیا تەواوکردنی کارەکانی ساڵانی پێشوون کە بە نیوە ناچڵی مابوونەوە.

پشتگوێخستنی ئابووریی نانەوتی

پەخشان زەنگەنە، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، یەکیک بوو لە بەشداربوانی مێزگردەکە، تیشکی خستە سەر لاوازیی ژێرخانی ئابووریی نانەوتی لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا و رایگەیاند: هەرێمی کوردستان نەیتوانیووە لە کاتی تەنگژەکاندا بنەمایەکی بەهێز دروست بکات تا وەک بەربەستێک بەرانبەر گوشارەکانی بەغدا بەکاریبهێنێت. 

لەگەڵ ئاماژەدان بە بوونی کەرەستەی مرۆیی و ماددیی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرگرتن لە پەراوێزخستنی لەلایەن بەغداوە، ووتی: "دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ چارەسەری کێشە دارایی و یاسایی و کارگێڕییەکان."

فشاری بەغدا و نەبوونی مەرجەعی یاسادانان

نیشتیمان کەمال، سیاسەتمەدار و شارەزای ئابووری مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستانی خستەڕوو بەوەی سیاسەتی حکومەتی فیدراڵ ئاراستە کراوە بۆ کاڵکردنەوەی دەستەواژەی "هەرێم" و لاوازکردنی قەوارە دەستوورییەکەی، کەموکوڕییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆخی نێودەوڵەتیش ئەمەیان بۆ بەغدا ئاسان کردووە. ئاماژەی بەوەکرد، گەورەترین ئاستەنگی ئێستا نەبوونی پەرلەمانی کوردستانە وەک دەزگایەکی شەرعیی یاسادانان، لە کاتێکدا پێشتر پەرلەمان رۆڵی گرنگی هەبووە لە داکۆکیکردن لە پرسی بودجە و دەرکردنی یاسا پێویستەکان.

سەپاندنی مەرجەعیەتی یاسایی و دادوەریی

هیوا حامید، راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، لە دوای ساڵی 2015 رێساکانی داڕشتنی بودجە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک رێککەوتنە سیاسییەکان کە پێشتر مەرجەعی سەرەکی بوون، جێگەیان بۆ یاسادانان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دەوڵەت چۆڵکردووە، بەغدا لە رێگەی ئەم باڵادەستییە یاسایی و دادوەرییانەوە مەودای مانۆڕی سیاسیی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی بەرتەسک کردووەتەوە.

ئامانجی دامەزراوەی ڤیژن فاوەندەیشن لە بەستنی ئەم مێزگردەدا، هێنانەکایەی کۆدەنگی و یەکڕیزی بوو لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا، هاوکات رەخساندنی دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی سەرنج و روانگەی ئەندامانی شاندی دانوستانکار، پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکانی ئابووری و یاسایی؛ ئەمەش لەسەر پرسی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027ـی عێراق و دەستەبەرکردنی سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم.