چاتەم هاوس: ناكۆكييه‌كانى يه‌كێتيى و پارتی چاره‌نوسى هه‌رێمى كوردستان ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌

2 تشرینی دووەم 2026

دامەزراوەی چاتەم هاوس بۆ توێژینەوە و راپرسی شیکارییەکی بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن نوسەر و توێژەر (وینسرۆپ رۆجەرز) توێژەر لە پرۆگرامی هاوبەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە چاتەم هاوس ئامادەکراوە، تیشک دەخاتەسەر نوێترین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و چارەنوسی هەرێمی کوردستان، لە دەرئەنجامی شیکارییەکەدا توێژەر بە دووری نازانێت هەرێمی کوردستان پارچە پارچە بکرێت، ئەگەر سەرکردایەتی کورد چارەسەری راستەقینە و نیشتیمانی بۆ کێشەکان نەدۆزنەوە.

دوای تێپەڕبوونی 2 ساڵ بەسەر پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مان و کابینەیەکی نوێی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو هێزی باڵادەستی هەرێمەکە هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لەبری ئەوە، هەرێمەکە لەلایەن حکومەتێکی کاربەڕێکەرەوە بەڕێوەدەبرێت کە مێژووی هەڵبژاردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلوولی 2018، ئەم بنبەستە سیاسییە، هەرێمی کوردستانی بەرەو دابەشبوونێکی قووڵ و رەنگە نەگۆڕ و هەمیشەیی ببات لە هەمانکاتدا، هاوپەیمانە دێرینەکانی هەرێمى كوردستان لە ئەمریکا و ئەورووپا، بەهۆی ئەم پەککەوتنە بەردەوامەی دامەزراوەکانەوە تووشی بێئومێدی بوون و چیتر ئامادە نین رۆڵی ناوبژیوان و نێوەندگیر بگرنە ئەستۆ، ئەم پاشەکشەیەی رۆژئاوا، قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەستوەردانی ئەکتەرە هەرێمایەتییەکاندا لاوازتر دەکات، ئەو لایەنانەی کە توانایەکی باشتریان هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەکان و پەیڕەویی ستراتیجیی یارییە درێژخایەنەکانن.

ئاستەنگە سەرەکییەکان

ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و هەنگاونان بەرەو پێشەوە، تەنيا ناکۆکییەکی سادە و کاتیی نێوان ئەو دوو پارتە نییە لەسەر دابەشکردنی پۆستە وزارییەکان وەک ئەوەی زۆرجار لە راگەیاندنەکاندا باس دەکرێن، بەڵکو سەرچاوەی ئەم چەقبەستووییە دەگەڕێتەوە بۆ هەرەسهێنانی تەواوەتیی "رێککەوتننامەی ستراتیجی" نێوان پارتی و یەکێتی. چیتر ئەم دوو هێزە سیاسییە خاوەنی تێڕوانینێکی بنەڕەتیی هاوبەش نین بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو چوارچێوە فەرمی و نافەرمییانەی کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا ئەم دوو پارتەیان پێکەوە گرێدابوو، لە ئێستادا لەکارکەوتوون و کاریگەرییان نەماوە.

لە دەرئەنجامی ئەم لێکترازاندنەدا، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دیفاکتۆ دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی جوگرافيى و کارگێڕیی جیاوازدا، هەریەکەیان بە تەواوی لەلایەن حزبێکەوە کۆنترۆڵکراون؛ پارتی دیموکراتی کوردستان دەسەڵاتی رەهای بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا هەیە، لەکاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە باڵادەستە، هەرچەندە ئەم دوو زۆنە بەتەواوی لە یەکتر دانەبڕاون وەک ئەوەی لە قۆناغی دوو ئیدارەیی نێوان ساڵانی 1998 بۆ 2005 بینرا، بەڵام دۆخێکی کارگێڕیی زۆر ئاڵۆز و قورسیيان دروستکردووە.

لەم سیستمەدا دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی فەرمان و رێنماییەکان، چاویان لە سەرکردە حزبییەکانە، نەک وەزارەتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت راپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن لە خاڵە سنوورییەکان و بازگەکانی نێوان دەڤەری پارتی و یەکێتیدا، باج و سەرانەی نایاسایی لە شۆفێرانی بارهەڵگر و بازرگانان وەردەگیرێت.

تا قۆناغێکی نزیکیش، هەردوو پارتەکە لەسەر ئاستی راگەیاندن جەختیان لەوە دەکردەوە کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناکۆکییە حزبییەکان، وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو ماوەتەوە بۆ نموونە، لە 6ـی تشرینی یەکەمدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە کە زیاتر لە چوار ساڵ بوو هیچ دانیشتنێکی فەرمیی ئەنجام نەدابوو.

پرسی لامەرکەزییەت

لەبەرامبەر ئەم بنبەستەدا، سەرکردایەتیی سیاسی یەکێتی پێشنیازێکی رادیکاڵانەتری خستووەتەڕوو، کە خۆی دەبینێتەوە لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕیی و داراییەکان بۆ ئاستی پارێزگاکان، قائیمقامەکان و بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕییەکان (لامەرکەزییەت) بەپێی ئەم پرۆژەیە، تەنها بەشێکی سنووردار لە دەسەڵاتەکان لای حکومەتی هەرێم و پەرلەمان بمێننەوە، بەڵام زۆربەی بڕیارە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە کاروباری رۆژانەی حوکمڕانيى دەگوازرێنەوە بۆ ئاستە لۆکاڵییەکان. لایەنگرانی ئەم پێشنیازە، سیستمی کانتۆنەکانی سویسرا و ئیمارەتەکانی ئیمارات وەک مۆدێل و پاساو دەهێننەوە، بەو پاساوەی کە باشترین بژاردە ئەوەیە لایەنەکان رێگریی لە یەکتر نەکەن و دەسەڵاتی جێبەجێکردن دابەش بکرێت.

لەبەر رۆشنایی ئەو هەژموونە رەها و قۆرخکارییەی کە هەردوو پارتەکە بە جیا لەسەر ئاستی پارێزگاکان هەیانە، جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی بە فەرمیکردنی کۆنترۆڵی حزبی بەسەر سیستمی حوکمڕانیدا لە هەردوو زۆنەکە، ئەمەش بە گەورەترین گۆڕانکاریی دەستووری دادەنرێت لە سەردەمی تازەی حوکمڕانیدا.

لە هەمانکاتدا، ئەم هەنگاوە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بنەما سەرەکییەیە کە پرۆسەی ئاشتیی دوای شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەر بونیاتنرا، پێیوابوو زامنکردنی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەریی کورد، پێویستی بە بوونی دامەزراوەی نیشتمانیی بەهێز، یەکگرتوو و هاوبەش هەیە تەنانەت هاتنە ئارای بیرۆکەیەکی لەم شێوەیەش، ئاستی قووڵیی داڕمانی متمانە و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەردەخات.

سەرەڕای ئەوەش، زۆرێک لە وردەکارییەکانی پلانەکە ناڕوونن، بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان ئەم دەسەڵاتە خۆجێییانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم چۆن رێکدەخرێتەوە؟ پرسی دابەشکردنی داهاتەکان چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟ کێ بڕیار لەسەر سێکتەرە ستراتیجییەکانی وەک نەوت، غاز، کارەبا و بازرگانیی نێودەوڵەتی دەدات؟ پارتی دیموکراتی کوردستان بەتوندی دژی ئەم پلانەیە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەککەوتنی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت. 

لەسەر ئاستی جەماوەرییش، زۆرێک لە دەنگدەرانی کورد ناڕازین لە زیاتر پتەوکردنی دەسەڵاتی پارتە فەرمانڕەواکان بەبێ بوونی هیچ میکانیزمێکی راستەقینەی چاودێریی و لێپێچینەوە هاوڵاتییان، هەرچەندە لە واقیعی ئێستایان زۆر بێئومێدبوون، بەڵام بە باشی درک بەو مەترسییە گەورانە دەکەن کە ئەم پێشنیازە لەسەر پێگە دەستوورییە لەرزۆکەکەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا دروستی دەکات.

ئەزموونی پێنج ساڵی رابردووش سەلماندوویەتی حکومەتی فیدراڵیی بەغدا، بە قۆستنەوەی دابەشبوونی و پەرتەوازەیی نێوان پارتی و یەکێتی، توانیویەتی قۆناغ بە قۆناغ دەسەڵات و تواناکانی حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دۆسیە سیاسی و ئابوورییەکانیدا لاواز بکات.

دۆخێکی نەگونجاو بۆ دابەشبوون 

ئەم ئەگەری لێکترازانە ناوخۆییەی هەرێمی کوردستان لە کات و ساتێکی جیۆپۆلەتیکیی زۆر هەستیار و نەگونجاودا سەریهەڵداوە گرژی و ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ناسەقامگیرییەکی فراوانی لە ناوچەکەدا دروستکردووە، لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانە بیانییەکانی هەرێم سەرقاڵی قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆیانن و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانیش وایانکردووە دەوڵەتە زلهێزەکان هەوڵی سەپاندنەوەی هەژموونی خۆیان بەسەر ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا بدەن.

ئامادەیی سیاسیی و سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو پاشەکشەی گەورەی کردووە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، ئەمریکا کشانەوەی سەربازیی خۆی راگەیاند دوای (12) ساڵ لە سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها بەهۆی لێکەوتە ئەمنییەکانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، زۆربەی چالاکییە دیپلۆماسییەکان لە هەولێری پایتەخت پەکیان کەوتووە دیپلۆماتکارە ئەمریکی و ئەوروپییەکان نائومێد بوون لە کۆکردنەوەی پارتی و یەکێتیى لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ کەمبوونەوەی کاریگەریی و هەژموونی رۆژئاوا بەسەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا.

 بێگومان ئەم دۆخە دیپلۆماسییە قورستر دەبێت ئەگەر نوێنەرانی وڵاتان ناچاربن لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتێکی یەکگرتوو، مامەڵە لەگەڵ بەرپرسە خۆجێییەکاندا بکەن کە لە بنەڕەتدا تەنها فەرمان لە سەرکردایەتیی حزبەکانیان وەردەگرن.

رۆڵی وڵاتانی دراوسێ

لەبەرامبەردا، وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران لە پێگەیەکی زۆر بەهێزتردان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمێکی دابەشبوودا، ئەم دەوڵەتانە پەیڕەوی لە ستراتیجیی درێژخایەن دەکەن و دەتوانن لە رێگەی ئامرازە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانەوە لەسەر ئاستی ناوچەیی دەستوەردان بکەن، پێچەوانەی مۆدێلە سەربازيى و سیاسییەکەی ئەمریکا و ئەوروپا کە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە لە هاوکێشە ستراتیجییەکانی ئەنقەرە و تاراندا، یەکڕیزیی نێوان پارتی و یەکێتی هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نییە. 

ئامانجی سەرەکیی تورکیا لە قۆناغی ئێستادا لە هەرێمی کوردستان، زامنکردنی بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی بۆ چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتیش پشتگیریی تەواوی ئەم پرۆسەیەیان کردووە و کارئاسانیی زۆریان بۆ کردووە، هەروەها پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە دەوڵەتی نوێی سوریا دەربڕیوە.

 هەرچەندە لە کورتمه‌ودادا پێناچێت پارتی و یەکێتی لەم هێڵە گشتییە لابدەن، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە قووڵبوونەوەی ململانێ ناوخۆییەکانیان ببێتە هۆی پەرتەوازەبوونی هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە پرسەکانی دەرەوەی هەرێمى كوردستان، لە ئەگەری روودانی ئەمەدا، تورکیا ناچار دەبێت لایەنگریی لایەنێکیان بکات، ئەمەش گرژی و ناسەقامگیریی زیاتر لە هەرێمەکەدا دەهێنێتە ئاراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئامانجی لەپێشینەی ئێران بریتییە لە رێگرییکردن لە تێوەگلانی هێزە کوردییەکان لە ململانێیەکانی لەگەڵ ئەمریکا تا ئێستا، پارتی و یەکێتی هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەیە لەسەر پاراستنی بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە هەر هەنگاوێک کە وەک دەستوەردان دژی تاران لێکبدرێتەوە ئامانجی دووەمی ئێران، کۆتاییهێنان یان سنووردارکردنی یەکجاریی چالاکییەکانی گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەگەر بگاتە ئاستی دەرکردنیشیان. 

مەترسی پارچە پارچەکردنی هەرێمى كوردستان

لاوازیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمى كوردستان بەهۆی پەرتەوازەییەوە، جێبەجێکردنی ئەم داوایە قورس دەکات، ئەمەش ئەگەری ئەوە بەهێزتر دەکات کە ئێران خۆی راستەوخۆ دەستوەردانی ئەمنی بکات و کارەکان بگرێتە دەست هاوکات لە غیابی چەتری پاراستنی ئاسایشی ئەمریکادا، دەستوەردانی بەردەوامی وڵاتانی دراوسێ دەبێتە هاندەرێک بۆ سەرکردەکانی بەغدا تا راستەوخۆ دەست لە کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان وەربدات، ئەم پێشهاتە گورزێکی کوشندە لە خۆبەڕێوەبەریی کورد دەدات و ئاگری گرژییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر خۆش دەکات.

ئەو کەشە نائومێدکەرەی کە لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانی دوو ساڵ لەمەوبەردا باڵی بەسەر پڕۆسە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستاندا کێشابوو، لە ئێستادا زۆر قووڵتر بووەتەوە بیرۆکەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی حوکمڕانی بۆ ئاستە خۆجێییەکان بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییەی لوتکەی دەسەڵات، تەنها یەکێکە لە پێشنیازەکان، بەڵام دەکرێت لێکەوتەی زۆر وێرانکەری لێبکەوێتەوە، بەردەوامبوونی ئەم بنبەستە سیاسییەی نێوان پارتی و یەکێتی، مەترسیی داڕمانێکی ریشەیی و بێگەڕانەوە دەخاتە سەر ئەو چوارچێوە دەستووری و سیاسییانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا خۆبەڕێوەبەریی کوردیان زامن کردبوو.

 بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە، سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی پێویستە بیر لە چارەسەری داهێنەرانە و نیشتمانی بکەنەوە، بەڵام نەک ئەو چارەسەرانەی دەبنە هۆی قووڵکردنەوەی دابەشبوونەکان و لاوازکردنی دامەزراوەکانی حکومەت، یان پێشێلکردنی بنەما دیموکراسییەکان؛ ئه‌گەر وانەکەن هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چارەنووسێکی مەترسیدار دەبێتەوە و پارچە پارچەکردنی هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە ئەگەرەکان.