ڤيژن فاونده‌يشن بەشداریی له‌ کۆنفرانسی (گه‌ڕان به‌دواى په‌يمانێكى نوێى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست) دەکات

9 تشرینی دووەم 2026

ڤيژن فاونده‌يشن

ڤیژن فاوەندەیشن، هاوشانی ژمارەیەکی زۆر ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، ئەکادیمی و توێژەر، دیپلۆماتکار، بڕیاربەدەست و سیاسەتمەدار، بەشداریی کۆنفرانسێکی هاوبەشی ناوەندەی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زانکۆی ئۆکسفۆرد دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیمانی نوێی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژانى 8 و 9ـى تشرينى دووه‌مى 2026 له‌ ئه‌نقه‌ره‌ى پايته‌ختى توركيا؛ به‌هاوبه‌شيى ناوه‌ندى لێكۆڵينه‌وه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست (ORSAM) و پرۆگرامی سیستمی جیهانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد (Oxford) سيمينارێك به‌ ناونيشانى (گه‌ڕان به‌دواى په‌يمانێكى نوێى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست) به‌ڕێوه‌چوو، عه‌دنان عوسمان، سه‌رۆكى دامه‌زراو‌ه‌ى ڤيژن وه‌ك يه‌كێك له‌ قسه‌كه‌ره‌ سه‌ره‌كييه‌كانی کۆنفرانسەکە، به‌شداربوو.

گفتوگۆكان ئازادانە به‌ڕێوه‌چوون

سيمينار و گفتوگۆكان به‌یاسای چاتام هاوس  (Chatham House Rule) بەڕێوەچوون به‌مه‌به‌ستى پاراستنى ئازادى گفتوگۆ و بيروبۆچوونه‌كان، بە بەشداریی راستەوخۆی بڕیاربه‌ده‌ستان، دیپلۆماتکاران، سەرکردە سیاسییەکان و ناوەندە ستراتیجییە دیارەکان (لەوانە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە هەرێمی کوردستان). 

چوار گروپ چوار ته‌وه‌رى سه‌ره‌كييان تاوتوێكرد

پوختەی کارنامە و دانیشتنە سەرەکییەکان به‌سه‌ر چوار گروپى كار و چه‌ند دانيشتنێكى تايبه‌تدا دابه‌شكرابوون، گروپى يه‌كه‌م گفتوگۆیان لەسەر تەوەری (کاریگەرییە ناوخۆییەکانی تورکیا؛ پەیمانێکی نوێی نیشتمانی؟) کرد، كه‌ تێيدا پشکنینی رەهەندە سیاسی، یاسایی، دەستووریی و کۆمەڵایەتییەکانی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەكه)‌ لەسەر ناوخۆی تورکیا و داهاتووی دۆزی کورد له‌ ناوچه‌كه‌ كرا. 

پرسه‌ بنەڕەتییەکانى ئه‌م ته‌وه‌ره‌ى گفتوگۆكان، پێناسه‌كردنه‌وه‌ و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى سياسه‌تى ناوچه‌كه‌ و شێوازی ململانێی سیاسی ناوخۆ و داڕشتنەوەی پەیوەندی دەوڵەت و کۆمەڵگە، دوای سەردەمی خەباتی چەکداریی پارتى كرێكارانى كوردستان بوو.

سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن وه‌ك پانێڵست به‌شداربوو

گفتوگۆكانى گروپى دووه‌م بەناونیشانی(بەرەو پەیمانێکی کۆمەڵایەتی هەرێمایەتی؛ کاریگەرییەکان لەسەر عێراق، سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) له‌م گروپه‌دا، عه‌دنان عوسمان، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن وه‌ك قسه‌كه‌رى سه‌ره‌كيى به‌شداربوو.

تەوەرە سەرەکییەکانى ئه‌م گروپه‌ خۆی دەبینییەوە لە؛ کۆتاییهێنان بە چوار دەیە لە شەڕی چەکداريى و رەنگدانەوەی لەسەر گۆڕینی هاوکێشە ئەمنییەکانی عێراق و سوریا، پەیوەندی نێوان کورد و حکومەتە ناوەندییەکان و ئەگەری بوونی ئەم پرۆسەیە بە مۆدێلێک بۆ مامەڵە لەگەڵ هێزە نا-دەوڵەتییەکان. 

ته‌وه‌ره‌ى گفتوگۆكان به‌ بەشداریی نوێنەرانی دیپلۆماسی و ستراتیجی هەرێمی کوردستان (وەک نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم و ناوەندە توێژینەوەییەکان) شانبەشانی کەسایەتییە ناوچەییەکان لە عێراق، ئێران و سوریا به‌ڕێوه‌چوو.

جگه‌ له‌م دوو گروپه‌، دوو گروپى ديكه‌ش له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا تاوتوێی تەوەرە سەرەکییەکانیان كرد، له‌ گروپى سێيه‌مدا (رەهەندە نێودەوڵەتییەکان؛ ئاشتیسازی و سیستەمی جیهانی) ناونيشانى گفتوگۆكان بوو، تیایدا باس له‌ کاریگەریی ئەم قۆناغە نوێیە لەسەر هاوسەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان (ئەمریکا، روسیا و یەکێتی ئەوروپا) و دیاریکردنەوەی پێگەی هاوپەیمانییەکانی واشنتۆن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (HSD) و پێگەی کورد لە گۆڕەپانی جیۆپۆلەتیکی نێودەوڵەتیدا كرا.

گرووپی چوارەم به‌ ناونيشانى (مۆدێلی تورکیا لە هاوتەریبیدا لەگەڵ چارەسەری ململانێ جیهانییەکان؛ فێربوونی هاوبەش) به‌ڕێوه‌چوو، ته‌وه‌رى سه‌ره‌كيى هەڵسەنگاندنی بەراوردکارییانەی ئەزموونی تورکیا لەگەڵ مۆدێلە جیهانییەکانی چارەسەری ململانێیەکان، دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم مۆدێلە و دەرهێنانی وانە بەسوودەکان بوو.

کاریگەریی و دەرئه‌نجامە ستراتیجییەکانی كۆنفرانسه‌كه‌

كاريگه‌ريى و ده‌رئه‌نجامه‌كانى ئه‌م كۆنفرانسه‌، له‌ چه‌ندين لايه‌نه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت، كاريگه‌رييه‌كان له‌سه‌ر ناوخۆى توركيا، هه‌رێمى كوردستان و عێراق، باكور و رۆژهه‌ڵاتى سوريا و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تييش دروست ده‌بێت.

له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى توركيا، ئه‌م گفتوگۆيانه‌ دەکرێت ببنه‌ ده‌رچه‌يه‌ك بۆ سه‌ره‌تاى نوسينه‌وه‌ و دانانى چوارچێوه‌ ياساييه‌كان له‌ قۆناغى دواى چه‌كدانانى په‌كه‌كه‌، ده‌كرێت قۆناغى ململانێى توركيى-كوردى بگۆڕێت بۆ قۆناغى به‌شداريى مه‌ده‌نى و په‌رله‌مانى و كه‌مكردنه‌وه‌ى تونده‌ڕه‌ويى نه‌ته‌وه‌يى.

له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كرێت ئه‌م قۆناغه‌ ببێته ‌هۆى کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنوورییەکان، ئاسانکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان ئەنقەرە- بەغدا و هەولێر و بەهێزکردنی پرۆژەی ئابووری وەک (پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان).

پرۆسه‌ى ئاشتيى توركيا پرسێكى ناوخۆيى نييه‌

کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندە ستراتیجییە جیهانی و ناوچەییەکان لەم كۆنفرانسه‌وه‌ دەریدەخات کە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پرۆسه‌ى ئاشتی له‌ توركيا تەنيا رێککەوتنێکی سەربازیی و سیاسی ناوخۆیی نییە، بەڵکو وەچەرخانێکی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکییە کە دەبێتە نەخشەڕێگای پەیمانێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تەواوی جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.