لوتکەی COP31؛ گۆڕینی بەڵێنەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە بۆ هەنگاوی کردەیی 

12 تشرینی دووەم 2026

ڤیژن فاوندەیشن

لە کاتێکدا جیهان رووبەڕووی لێکەوتە خێرا و مەترسیدارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتەوە، شاری ئەنتاڵیای تورکیا دەبێتە ناوەندی بڕیارە چارەنووسسازەکانی ژینگەی جیهان و 31ـەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان(COP31) بە بەشداریی زیاتر لە 90 هەزار کەس لە 197 وڵات و هەرێمی شەش کیشوەری جیهانەوە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 20ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.

تورکیا، کە ئەمساڵ سەرۆکایەتیی لوتکەکە دەکات، دروشمی "بەهێزکردنی متمانە و گۆڕینی بەڵێنەکان بۆ هەنگاوی کردەیی" کردووەتە نەخشەڕێگەی سەرەکیی کۆنفرانسەکە.
ئامادەبوونی سەرکردەکان و بایکۆتی ئەمریکا 

کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، زیاتر لە 100 سەرکردەی جیهانی کۆکردووەتەوە. لە لوتکەی سەرکردەکاندا کە رۆژانی 11 و 12ـی تشرینی دووەم بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان، لە ناویاندا نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد.

ئامادەنەبوونی فەرمیی واشنتۆن بووەتە یەکێک لە مژارە گەرمەکانی کۆنفرانسەکە، بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هیچ شاندێکی فەرمیی حکومیی رەوانە نەکردووە و ئەمریکای لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوا کشاندووەتەوە، هەرچەندە ئەندامانی کۆنگرێس و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئامادەن.

ڤیژن فاوندەیشن بەشداری لوتکەکە دەکات

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی له‌ چوارچێوەی تيمى سه‌رۆكايه‌تيى کۆماری عێراق به‌شداره‌ له‌ 31ـه‌مين كۆنفرانسى گۆڕانى كه‌شوهه‌واى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان كه‌ ئه‌مساڵ به‌ به‌شداريى 197 وڵات و هه‌رێمى جيهان، له‌ ئه‌نتاڵياى توركيا بۆ ماوه‌ى 11رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

کار و چالاکییەکانی ڤیژن فاوندەیشن 

له‌ ميانى به‌شدارييان له (COP31)‌، دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى، سه‌ردانى به‌شى عێراقييان كرد و له‌گه‌ڵ بڕياربه‌ده‌ستان و ئه‌و لايه‌نانه‌ى ده‌كرێت له‌ داهاتوودا كارى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، گفتوگۆيان كرد.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، دامه‌زراوه‌ى ڤيژن په‌يوه‌نديى به‌ لايه‌نه‌ به‌شداره‌كانه‌وه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا كار له‌سه‌ر توێژينه‌وه‌ ژینگەییەکان بكه‌ن، پێکەوە كاربكه‌ن بۆ دۆزينه‌وه‌ى هاوكار و هاوبه‌شى نوێ له‌ بوارى توێژينه‌وه‌ و پلان و چالاكييه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ ژينگه‌.

هاوبەشیی نائاسایی نێوان تورکیا و ئوسترالیا

پێچەوانەی نەریتی باوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە تەنیا یەک وڵات سەرۆکایەتیی هەموو کارەکانی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات، ئەمساڵ تورکیا و ئوسترالیا دوای ململانێیەکی دیپلۆماسی، رێککەوتنێکی هاوبەشیان کرد و لەسەر دابەشکردنی رۆڵەکان رێککەوتن.

تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ 

لە لوتکەکەدا بەشداربووان لە سەنتەری پێشانگاکانی ئەنتاڵیا تاوتوێی چەندین دۆسیەی هەستیار دەکەن، لەوانە:

سنووردارکردنی گەرمبوونی زەوی: هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی لە 1.5 پلەی سیلیزی تێپەڕ نەکات.

گواستنەوە بەرەو ووزەی پاک: خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنییەکانی وەک نەوت و خەڵووز.

پرۆژەی سفر پاشماوە : تورکیا گرنگییەکی تایبەت بەم تەوەرە دەدات بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی گازی میسان و دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان.

دابینکردنی بودجە بۆ کەشوهەوا: کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، شانبەشانی پاراستنی زەریاکان، ئاسایشی خۆراک و بنیاتنانی شارە خۆڕاگرەکان.

ناوچەی شین و سەوز

چالاکییەکانی ئەمساڵی لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان(COP31) بەسەر دوو ناوچەی سەرەکیدا دابەشکراون:

ناوچەی شین (527 هەزار مەتر چوارگۆشە) تایبەتە بە کۆبوونەوە باڵاکان و دیدارە دیپلۆماسییەکان، چوونەژوورەوە بۆ ئەو ناوچەیە بەپێی رێکارە توندەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانە. 

گەورەترین هۆڵی ئەم ناوچەیە بە ناوی (ئەنادۆڵ) و دوو هۆڵی رۆژنامەوانییش بە ناوی (مەولانا) و (یونس ئەمرە) ناونراون.

ناوچەی سەوز (582 هەزار مەتر چوارگۆشە)، کراوەیە بۆ بەشداریی گشتی، ئەکادیمییەکان، رێکخراوەکان و گەنجان تاوەکو داهێنان و تەکنەلۆژیاکانیان بخەنەڕوو. گەورەترین هۆڵی ئەم ناوچەیە کە جێگەی 5 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، بە ناوی (غەززە) ناونراوە.

ناوی هۆڵەکان بە ناوی شوێن و کەسایەتییە مێژووییەکان

ناونانی هۆڵەکانی کۆنفرانسەکە بە ناوی شوێن و کەسایەتییە مێژووییەکانی باکووری کوردستان، تورکیا و جیهانی ئیسلامی، لەوانە: (ئەحمەدی خانی) و (ئیبن سینا) و (فارابی)، یەکێکی دیکە بوو لە بابەتە جێی بایەخەکانی لوتکەی ئەمساڵ کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت.

ئامادەکارییە ئاسایشی و لۆجستییەکان 

بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەرخستنی ئەم کۆبوونەوە جیهانییە، دەسەڵاتدارانی تورکیا، نزیکەی 28 هەزار کارمەندی ئاسایش و هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی خستووەتە ئەرکەوە، هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنتاڵیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی بۆ چاودێریکردنی ئاسمانیی ناوچەکە خستووەتەکار. لە رووی لۆجستی و ژینگەییەوە، 630 پاسی دۆستی ژینگە بۆ گواستنەوەی شاندەکان تەرخانکراون و 5 نۆرینگەی تەندروستی لەگەڵ 20 تیمی فریاگوزاریی خێرا لە ئامادەباشیدان.

مێژووی COP31 

يه‌كه‌مين لوتكه‌ى كه‌شوهه‌وا ساڵى 1995 له‌ به‌رلينى ئه‌ڵمانيا به‌ڕێوه‌چوو، له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا ساڵانه‌ وڵاتانى ئه‌ندام كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌نگاوه‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر، بۆ ئه‌مساڵ توركيا لە شاری ئەنتاڵیا میوانداریی ئەو كۆنفرانسه‌ جیهانییە دەکات.

cop report-1

cop report-2

cop report-3

cop report-4

cop report-5

cop report-6

cop report-7

cop report-8