29 تشرینی یەکەم 2025
رۆژی چوارشەممە 2025/10/29 بەڕێز ئێلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیای فیدڕاڵ لەعێراق بەیاوەری شاندێک سەردانی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کرد و لەلایەن عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن و ئەندامانی ئەنجومەنەوە پێشوازییان لێکرا.
باڵیۆزی ڕووسیا لە وتەیەکیدا کە ژمارەیەک لەکەسایەتی سیاسی و حکومی و رۆژنامەنووس و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەیبوون ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان بە ماڵی دووەمی خۆی دەزانێت و پرسی کورد لای رووسیا نامۆ نییە، بەڵکو گرنگە و لەمێژەوە گەڕیدەو توێژەرە رووسەکان هاتونەتە کوردستان و خۆشحاڵە بۆ یەکەم جار لەسلێمانی لەگەڵ دەستەبژێرێکی لەم جۆرە کۆببێتەوە.
ئێلبروس کوتراشیڤ باسی لەوەش کرد کە عێراق لە ئەولەویەتی رووسیایە و گەشبینن بە دۆخی عێراق و پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری و کلتوری بەهێزییان هەیە و لەشەڕی داعشیش هاوکاری عێراقییان کردوە، فڕۆکەیان بۆ دابینکردوون و ئەو پەیامەیان گەیاندوە کە عێراق بەتەنها نییە و هاوڕێی هەیە. هەروەها وتیشی ئاستی وەبەرهێنانی رووسیا لەعێراق و هەرێمی کوردستان زیاترە لە 20 ملیار دۆلارو ئەو بڕەش لە داهاتودا زیاد دەکات، بەڵام ئابلوقە ئابورییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا رێگرن.
سەبارەت بەدۆخی رۆژئاوا و سوریا، باڵیۆزی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری هەیە و دانی پێدا دەنێن وەک ئەمری واقع نەک وەک حکومەت، ناکرێت دوو حکومەت لە دەوڵەتێک دا هەبێت. کورد بەشێکن لە گەلی سوریا، رووسیا بڕوای بە مافی چارەی خۆنوسینی گەلان هەیە، بەڵام پێویستە رێز لەسنور و سەروەری دەوڵەتان و شەرعێتی نێودەوڵەتی بگیرێت. هەروەها باسی لە پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان مۆسکۆ و دیمەشق و دوا سەردانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ روسیا کرد.
باسیشی لەئەنجامەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کرد و ئەمریکا و رۆژئاوای بەهاندانی ئۆکرانیا دژی رووسیا تۆمەتبارکرد. سەبارەت بە سزاکانی سەر رووسیا وتی راستە کاریگەری نەرێنی لە وڵاتەکەیان کردووە، بەڵام دووهێندەش کاریگەری لە ئەوروپا و جیهان کردوە.
سەردانەکە، بە پرسیار و گفتوگۆی چڕی نێوان میوانەکان و باڵیۆزی ڕووسیای فیدڕاڵ کۆتایی هات.














































بڵاوکردنەوە