3 تەممووز 2025
جەنگیز چاندار دانوستانەکانی ئێستای نێوان کورد و تورکیا بە پڕۆسەیەکی ناوازە ناو دەبات کە زۆر جیاوازە لە ئەزمونەکانی رابردو و دەشڵێت ئێستا قۆناغی سەرەتای دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییانە و ئاشتییانەی پرسی کوردە، بەڵام رێگایەکی دورمان لەبەردەم ماوە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 7\3\2025 گفتوگۆیەکی کراوە بەشێوازی ئۆنلاین لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بۆ جەنگیز چاندار نوسەر و رۆژنامەنوسی ناسراوی تورک و هاوکات پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا رێکخرا. لەو گفتوگۆیەدا جەنگیز چاندار بەوردی باسی لە قۆناغەکانی دانوستانی نێوان کورد و تورکیا کرد و تیشکی خستە سەر دوایین بەرەوەپێشچونەکان و بە گرنگییەوە لە هەنگاوەکانی کورد و حکومەتی تورکیای ڕوانی بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتە و رونیشیکردەوە کە سەکردەکانی تورکیا لە ئایندە دەڕوانن و پێیان وایە بەرلە هەر هەنگاوێک، دەبێت هاوسۆزیی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بەهێزتر بکەن ئەمەش بەوە دێتەدی کە گروپی ئۆپۆزسیۆنی سەربازی لەناوخۆدا نەمێنێت، هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمیش بەجۆرێک گۆڕاوە کە پێویست بە خەباتی چەکداری ناکات، هەربۆیە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەکرێ وەک سەرەتایەک لێی بڕوانرێت بۆ گفتوگۆی چارەسەری پرسی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ بە تایبەت لەئێستادا کە کورد لە هاوکێشەکەدا بەشدارە و هیچ کەس ناتوانێ نکۆڵی لێ بکات.
هەر سەبارەت بە دوایین دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان کورد و تورکیا، چاندار وتی: بەم نزیکانە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دادەنێت و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش کۆمسیۆنێک بە نوێنەرایەتی سەرجەم پارتە بەشداربوەکانی پەرلەمان پێکدەهێنێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە و میکانیزمی چارەسەری پرسی کورد، لەڕێیەشەوە بڕیاری لێخۆشبون دەردەکرێت و یاسای سزادان گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت کە ئەمەش وا دەکات دەستور بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی کوردیش هەست بکات کە بەشێکی گرنگی تورکیایە.
دەشڵێت: لە ناوخۆی تورکیا هەموان گەشبینن بەڵام هێشتا ئاگامان لەوەیە کە بیروڕای جیاواز بونی هەیە و رەنگە لە داهاتودا ببنە هۆی کێشە، هەربۆیە دەکرێ بڵێین سەرەڕای گەشبینییەکان، بەڵام هێشتا رێگەیەکی دورو درێژمان لەبەردەم ماوە.
بڵاوکردنەوە