توێژینەوەیەکی دامەزراوەی ڤیژن له‌باره‌ى نەخشەڕێگای چەسپاندنی لامەرکەزیی

17 تشرینی دووەم 2026

لە کاتێکدا پرسی دابەشکردنی دەسەڵات و چەسپاندنی لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی یەکێکە لە پرسە هەرە گەرمەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان، توێژینەوەیەکی دامەزراوەی ڤیژن گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی تەنانەت ئەگەر یاسای ئێستای پارێزگاکان وەکخۆی جێبەجێ بکرێت، هێشتا ناتوانێت لامەرکەزییەتێکی پێگەیشتوو بەرجەستە بکات. بۆ ئەوەش نەخشەڕێگایەکی دەستووریی، یاسایی و کارگێڕیی دادەڕێژێت.

چڕنەکردنەوەی کارگێڕیی لە بری لامەرکەزیی

توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بەناونیشانی "رێگەچارەی چەسپاندنی لامەرکەزیی لە هەرێمی کوردستاندا" لەلایەن توێژەران ئارام جەمال، ئەحمەد عەلی، چۆمان محەمەد و کاروان کازم، لە شوباتی 2025دا ئەنجامدراوە، پشتبەستن بە میتۆدی وەسفیی شیکاریی، پشکنینی بۆ دەقە دەستوورییەکان، یاساکانی پەرلەمان و رێنماییەکانی حکومەت کردووە.

بەپێی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە، یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە 3ـی ساڵی 2009، کە دوای 5 ساڵ و پاش هەڵبژاردنی 30ـی نیسانی2014 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە جەوهەردا دەقێکی هاوشێوەی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی پارێزگاکانی عێراقە و لەسەر بنەمای چڕنەکردنەوەی کارگێڕیی داڕێژراوە نەک لامەرکەزیی راستەقینە. لەم چوارچێوەیەشدا، پارێزگار و سەرجەم موڵک و فەرمانبەرانی پارێزگا پەیوەستکراون بە وەزارەتی ناوخۆوە، کە خۆی لە پەیکەرێکی ئاڵۆزی نزیکەی 20 دەزگادا رێکخراوە.

بەربەستەکانی بەردەم لامەرکەزیی

توێژینەوەکە ئەو ئاستەنگانەی کە رێگرن لەبەردەم شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ یەکە کارگێڕییەکان، لە پێنج تەوەری سەرەکیدا کۆدەکاتەوە ئەوانیش: 

بۆشایی دەستووریی و لاوازیی یاسایی

هەرێمی کوردستان تائێستا دەستووری نووسراوی نییە، هاوکات ماددەکانی 122 و 123ـی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 تەنها پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێمەکانەوە دەگرنەوە. سەرباری ئەوەش، لە تەواوی مێژووی پەرلەماندا تەنها 3 یاسا راستەوخۆ تایبەت بە لامەرکەزیی پەسەندکراون، زۆربەی یاساکانی دیکەی وەزارەتەکان لەسەر بنەمای مەرکەزیی داڕێژراون.

ئیرادەی سیاسیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن

دۆسیەی لامەرکەزیی لە بری یاسا، بە فەرمان و رێنمایی بەڕێوەدەبرێت. توێژینەوەکە بە داتا دەیسەلمێنێت کە حکومەت بە فەرمانێک دەسەڵات دەبەخشێت و بە فەرمانێکی دیکە دەیسەنێتەوە. بۆ نموونە دەسەڵاتەکانی ساڵی 2012 لە ساڵی 2016 هەڵوەشێندراونەتەوە. لە ساڵی 2024ـدا دەسەڵاتی گواستنەوەی راژە و تەنسیب کە لە 25ـی تەمموزی 2024 درایە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، تەنیا دوای 5 مانگ و لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2024 لێیان سەندرایەوە.

ناهاوسەنگی دارایی

ماددەی 27ـی یاسای پارێزگاکان بەبێ دیاریکردنی هیچ ژمارە و رێژەیەک، باسی دارایی پارێزگاکانی کردووە، ئەمەش وایکردووە تەرازووی نێوان ئەرکە زەحمەتەکانی پارێزگاکان و توانستی داراییان بە تەواوی ناهاوسەنگ بێت. 

بەریەککەوتنی دەسەڵاتەکان

بوونی 25 ماددەی بەریەککەوتوو لە یاسای شارەوانییەکان ژمارە 6ـی ساڵی 1993 لەگەڵ یاسای پارێزگاکان، دووانەیی لە بڕیارداندا دروستکردووە. دابەشکاریی هەڕەمیی (پارێزگا - قەزا - ناحیە) کە میراتی سەردەمی عوسمانییەکانە (1534– 1921) قەزای کردووەتە ئەڵقەیەکی رۆتینیی زیادە لە نێوان ناحیە و پارێزگادا.

مەرکەزییەتی حزبە سیاسییەکان

پەیکەربەندیی ستوونی و قوچەکیی حزبەکانی هەرێمی کوردستان و نەبوونی سەربەخۆیی دارایی و بڕیاردان لە رێکخستنەکانی خوارەوەدا، وایکردووە ئەو حکومەتەشی پێکیدەهێنن بە سروشتی خۆی مەرکەزیی بێت.

پڕۆژە و نەخشەڕێگای چارەسەر

بۆ دەرچوون لەم قەیرانە کارگێڕییە، توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن، پاکێجێکی چاکسازیی یاسایی و دامەزراوەیی پێشکەش دەکات، کە بریتین لە:

دامەزراندنی دەستەی هەماهەنگیی کارگێڕیی خۆجێی

پێکهێنانی دەزگایەکی سەربەخۆ بە سەرۆکایەتیی کەسێک بە پلەی وەزیر بە ئەندامێتیی پارێزگارەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پسپۆڕانی ئەکادیمی، بۆ ئەوەی لە بری وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتیی پارێزگاکان بکات و راستەوخۆ دەنگی شارەکان بگەیەنێتە ئەنجومەنی وەزیران.

هەڵبژاردنی راستەوخۆی پارێزگار

هەموارکردنەوەی ماددەی 6ـی یاسای پارێزگاکان بە جۆرێک پارێزگار راستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتیانەوە و لە هەمان رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هەڵبژێردرێت.

سەربەخۆیی دارایی و 30%ـی داهات

هەموارکردنەوەی ماددەی 27 بۆ یەکخستنی دەزگا داراییەکانی پارێزگا لە یەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیدا، پێدانی مافی وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و تەرخانکردنی رێژەیەک لە داهاتەکانی (باج، رەسم و پێبژاردن) بۆ کارگێڕییە خۆجێیەکان کە لە 30% کەمتر نەبێت.

چاکسازیی دەستووریی و یاسایی

جێگیرکردنی دەسەڵاتە حەسرییەکان لە دەستووری داهاتووی هەرێمی کوردستاندا، گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی شارەوانی بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان، داڕشتنەوەی یاسای وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان تاوەکو وەزیرەکان تەنها پلانی ستراتیجی دابڕێژن نەک بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی پارێزگاکان.