ڤیژن فاونده‌یشن و سه‌نته‌ری نه‌هره‌ین كۆنفرانسێك لەبارەی ئاسایشی نیشتمانی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا رێكده‌خه‌ن

17 تشرینی دووەم 2026

پرسی ئاسایشی نیشتمانی، پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ، ناوەڕۆک و تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو کۆنفرانسەیە، کە بڕیارە دامه‌زراوه‌ی ڤیژن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی بە هاوبەشی لەگەڵ سه‌نته‌ری نه‌هره‌ین بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى ستراتیجی لە بەغدا ئەنجامی بدەن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یەكدا كه‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ 16-ی تشرینی دووەمی 2026 لە بەغدا به‌ڕێوه‌چوو، دامەزراوەی ڤیژن و سەنتەری نەهرەین، گفتوگۆیان له‌سه‌ر ورده‌كاریی و میكانیزمه‌كانی رێكخستنی كۆنفرانسێكی هاوبه‌ش له‌ شاری به‌غدا كرد، ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تایبه‌ت ده‌بن به‌ پرسی ئاسایشی نیشتمانی و هه‌نگاوه‌كانى پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق.

بڕیاره‌ له‌م كۆنفرانسه‌ هاوبه‌شه‌دا، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینەوە و توێژه‌رانی پسپۆڕ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی بكه‌ن و توێژینه‌وه‌ و دیدگا زانستییه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ ئاڵنگارییه‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كان و چوارچێوه‌ی هاوكاریی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێشكه‌ش بكه‌ن.