لوتكه‌ى سلێمانى 2026 به‌ سه‌ركه‌وتويى كۆتاييهات

20 ئەیلوول 2026

ڤیژن فاوەندەیشن

رۆژانى 17 و 18ـى ئه‌يلوول، لوتكه‌ى سلێمانى 2026 له‌ هۆتێل گراند ميلينيۆمى شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو، له‌م لوتكه‌يه‌دا؛ به‌رپرسانى باڵا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌شدارييان كرد، شاره‌زايانى ئابوورى له‌ عێراق و وڵاتانى ديكه‌وه‌ به‌شداربوون. دوو رۆژی پڕ لە گفتوگۆ و دیدار بەڕێوەچوون.

رۆژی یەکەمی لوتکەی سلێمانی

رۆژى يه‌كه‌مى لوتكه‌ى سلێمانى رۆژى 17ـى ئه‌يلوول به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ريه‌كه‌ له‌ به‌ڕێز نزار ئامێدى، سه‌رۆك كۆمارى عێراق. به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان. به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان. ژماره‌يه‌كى به‌رچاو له‌ وه‌زيران و بەرپرسانی باڵای هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌شدارييان تێدا كرد.

لوتكه‌ى سلێمانى 2026، به‌ وتارى بەڕێز عه‌دنان عوسمان، سه‌رۆكى لوتكه‌ى سلێمانى ده‌ستيپێكرد، وێڕاى به‌خێرهاتنى ميوانانى لوتكه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ لوتكه‌ى سلێمانى ته‌نیا پرسێكى ئاسايى بانك يان چه‌ند دانيشتنێكى رۆتينى نييه‌، به‌ڵكو پرس و تاقيكردنه‌وه‌ى ئاينده‌ى ئابوورى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌.

باسى له‌وه‌كرد كه‌ له‌ توێژينه‌وه‌ و به‌دواداچوونه‌كانى رابردووى دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى گه‌يشتوونه‌ته‌ ئه‌و راستييه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق سه‌رمايه‌ى نه‌ختينه‌، پرۆژه‌ى زۆريى نيشته‌جێبوون و بيناسازى، بانك و ناوه‌ندى دارايى فراوان و زياتر له‌ 3 هه‌زار كارگه‌ى گه‌وره‌ و بچووك بونييان هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هيچيان په‌يوه‌ست نين به‌يه‌كه‌وه‌ و دابڕاوانه‌ له‌ يه‌كتر كارده‌كه‌ن.

رایگەیاند:‌ دواى به‌ڕێوه‌چوونى لوتكه‌ى سلێمانى، كارنامه‌ى لوتكه‌كه‌ كۆتايى نايه‌ت، به‌ڵكو قۆناغى چنينه‌وه‌ى به‌رهه‌م و به‌دواداچوونى كردارى ده‌ستپێده‌كات تا ئه‌وكاته‌ى ئه‌م گفتوگۆيانه‌ ده‌بنه‌ بڕيارى حكوميى، رێكارى ياسايى ئاسانكراو له‌ باج و گومرگ و دابينكردنى قه‌رزى بانكيى بۆ كارگه‌ و پرۆژه‌كان و دواجاريش ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تى بووژانه‌وه‌ى ئابوورى و هه‌ليكار و گه‌شه‌سه‌ندن.

سەرۆک کۆماری عێراق: لوتکەی سلێمانی هەنگاوێکی گرنگە 

له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى كاره‌كانى لوتكه‌ى سلێمانى، به‌ڕێز نزار ئامێدى، سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ ميانى پێشكه‌شكردنى وتارێكدا رايگه‌ياند؛ “لوتکەی سلێمانی هەنگاوێکی گرنگە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەلایەن دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنەڕووی کێشەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان”.

وتيشى: لە ئێستادا كە ناوچەكە رووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاریی زۆر بووەتەوە، دەبێت هەموو لایەك پێكەوە كار بكەین بۆ دوورخستنەوەی لێكەوتەكانی لەسەر وڵاتەکەکان.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، سەرۆك كۆمار جەختی كردەوە: روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سێكتەرەكانی دارایی، ئابووری و خزمەتگوزاری كرداری لەپێشینە و گرنگە و کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر پێشکەوتنی وڵات.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆكایەتی كۆمار بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ باشتركردن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق.

نێچیرڤان بارزانی: کەرتی تایبەت هاوبەشی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى وتارى ده‌ستپێكى لوتكه‌ى سلێمانيدا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان چەند پەیامێکی گرنگی لەبارەی کەرتی ئابووری، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و جێبەجێکردنی دەستور راگەیاند.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی کارای کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند: "کەرتی تایبەت هاوبەشێکی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بووە"، جەختی کردەوە ئێستا کاتی ئەوە هاتوو خۆمان ئامادەبکەین و کاربکەین بەرەو ئابورییەکی هەمەچەشن هەنگاو بنێین.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و رایگەیاند: دەیانەوێت کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و عیراق زیاتر گەشە بکەن، ئاماژەی بەوەکرد، بەهێزیی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە حکومەتی بەغدا ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکات تا بتوانن لە پارێزگاکانی عیراقدا وەبەرهێنان بکەن.

هه‌روه‌ك سوپاسى تێڕوانينى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستانى كرد و گووتى: سوپاسى ده‌كه‌ين بۆ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رييه‌ى له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ى ڤيژن كرديان.

گووتيشى: قوباد تاڵه‌بانيى وه‌ك سه‌رمايه‌ ده‌بينم بۆ هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستخۆشى لێده‌كه‌م.

قوباد تاڵەبانی: سلێمانی پایتەختی داهێنانە

هه‌ر له‌ ميانى وتارى ده‌ستپێكدا، به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سلێمانی رووی لە گەشەیەكی بەرفراوانی ئابووریی كردووە و رۆڵی گەنجانیشی لە بواری زیرەكیی دەستكرددا بە بەردی بناغەی بەپایتەختكردنی داهێنان لە شاری سلێمانی وەسفكرد.

قوباد تاڵەبانی، لە میانەی پێشكەشكردنی وتاره‌كه‌يدا لە لوتكەی سلێمانی كە بە دروشمی "ئاراستەكردنی سەرمایە بەرەو گەشەی بەردەوامی خانوبەرە و پیشەسازی" بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر گەشەسەندنی هەمەلایەنەی ناوچەكە كردەوە.

ئاماژەی بەوەكرد: سلێمانی گەشەیەكی ئابووریی بەرفراوانی لە سێكتەرەكانی بازاڕی كار، رەخساندنی هەلی كار، بوارەكانی هونەر و كلتووردا بەخۆیەوە بینیوە، باسی لە رۆڵی گەنجان كرد و رایگەیاند: گەنجانی ئەمڕۆ بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد، توانیویانە سلێمانی بكەنە پایتەختی داهێنان.

ئاوات جەناب نوری: داوای پشکی راستەقینەمان لە بوودجە کردووە

يه‌كێكى ديكه‌ له‌ وتاره‌كانى ده‌ستپێكى لوتكه‌ى سلێمانى وتارى به‌ڕێز ئاوات جه‌ناب نورى، وه‌زيرى دارايى و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ شاندی دانووستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ لەسەر بەشە بوودجەی هەرێم، تێکڕای داخوازییەکانی هاوڵاتییان، بەتایبەتی موچەخورانی گەیاندووەتە بەغدا، پشتبەستن بە دەستور و یاسا و دادپەروەریی، داوای ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانمان کردووە.

تێڕوانینی ستراتیجی بۆ کەرتەکانی خانووبەرە، بانکەکان، پیشەسازی 

دواى كۆتاييهاتنى وتاره‌كانى ده‌ستپێك؛ كاره‌كانى لوتكه‌ى سلێمانى بۆ رۆژى يه‌كه‌م ده‌ستى پێكرد.

لە رۆژی یەکەمدا چوار پانێڵ پێشکەشکران، پانێڵی یەکەم به‌ ناونيشانى "تێڕوانینی ستراتیجی بۆ کەرتەکانی خانووبەرە، بانکەکان، پیشەسازی" بە بەشداریی هه‌ريه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.بەیاد جەمال میرەیی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەیاد گروپ – بەڕێوەبەری پانێڵ؛ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ وردى باس له‌ كه‌رته‌كانى خانووبه‌ره‌ و بانكه‌كان و پيشه‌سازيى كرا و دواتر ميوانان به‌ سه‌رنجه‌كانيان به‌شدارييان له‌ گفتوگۆكاندا كرد.

چۆن بانکەکان دەبنە بزوێنەری گەشەپێدانی ئابووری

پانێڵى دووه‌م، به‌ ناونيشانى "لە ئابووری گەشەوە بۆ گشتگیری دارایی، پارەدانی ئەلیکترۆنی، چۆن بانکەکان دەتوانن ببنە بزوێنەری گەشەپێدانی ئابووری؟" به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ريه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان؛ رامی خەفش، سەرۆکی بەڕێوەبردنی گەنجینە و وەبەرهێنان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان لە بانکی ئەهلی عێراق، عەمار میرزا، سەرۆکی جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی عەمار، ساڤۆ بەختیار، بەڕێوەبەری ستراتیجی و هاوبەشی لە ئاسیا پەی به‌ڕێوه‌چوو، راڤە محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی پەیمانگای گەشەپێدانی پیشەیی لە زانکۆی ئەمریکی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى پانێڵ به‌شداربوو.

بازاڕی خانووبەرە لە نێوان گەشەی خێرا و مەترسییە داراییەکان

هه‌ر له‌ رۆژى يه‌كه‌مدا، پانێڵى “بازاڕی خانووبەرە لە هەرێم: لەنێوان گەشەی خێرا و مەترسییە داراییەکان، میکانیزمی دارایی پارێزراو و بەردەوام” پێشكه‌شكرا، هه‌ريه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی، مستەفا حاجی خەیروڵڵا، خاوەنی عقارات حاجی سەلام لە سلێمانی، رابەر تەڵعەت، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی، د.پێشەوا عومەر، خاوەنی کۆمپانیای گەردین وه‌ك پانێڵست به‌شدار بوون، ئەلەند مەحوی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بەڕێوەبەری پانێڵه‌كه‌ بوو، بازاڕى خانووبه‌ره‌، ئاڵنگاريى و هه‌نگاوه‌كانى گه‌شه‌سه‌ندنيان باسكران.

چۆن پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پاڵپشتی بانکەکان بەدەستبهێنن

"زەوی و رەهنی خانووبەرە و قەرز، چۆن پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بتوانن پاڵپشتی دارایی بانکەکان بەدەستبهێنن؟" چواره‌م پانێڵى لوتكه‌ى سلێمانى بوو، هه‌ريه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان، د.سەعد عەبدولقەهار شێخ، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نێودەوڵەتی دارایی و بازرگانی، سەڵاح هەدمی، جێگری بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بانکی بەغداد، مەی ئیسماعیل، نوێنەری بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانEBRD، هەندرێن عەلی بارام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆسەکان و پەرەپێدانی کۆمپانیای هیوا رەئوف وه‌ك پانێڵست به‌شدارييان تێدا كرد. بەناز ستار، سەرپەرشتیاری بەشی پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکان لە بانکی FIB -بەڕێوەبەری پانێڵكه‌ بوو، به‌ كۆتاييهاتنى ئه‌م پانێڵه‌ش يه‌كه‌م رۆژى لوتكه‌ى سلێمانى به‌سه‌ركه‌وتويى كۆتاييهات.
ستراتیجی بەرەوپێشبردنی بەرهەمی ناوخۆ و توانای کێبڕکێ

له‌ 18ـى ئەيلوول، دووه‌م رۆژى لوتكه‌ى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو. سێ پانێڵ پێشكه‌شكران، پانێڵی یەکەم به‌ ناونيشانى "ستراتیجی بەرەوپێشبردنی بەرهەمی ناوخۆ و توانای کێبڕکێ" پێشکەشکرا، هه‌ريه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، نەوزاد رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، عادل عەکاب، سەرۆکی یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق، محەمەد ئەلمەساری، نوێنەری دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی IFCوه‌ك پانێڵست به‌شدارييان كرد و پانێڵه‌كه‌ له‌لايه‌ن د.یادگار عەباس، ئەکادیمی و توێژەر به‌ڕێوه‌برا، له‌ رۆژى دووه‌مدا ده‌رگاى به‌شداريى بۆ لوتكه‌ى سلێمانى واڵا بوو، ژماره‌يه‌كى به‌رچاو ميوان به‌شدارييان تێدا كرد و به‌شداريى گفتوگۆكان بوون.

بەستنەوەی بانکەکان، خانووبەرە، پیشەسازی لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام

"بەستنەوەی بانکەکان، خانووبەرە، پیشەسازی لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام" ناونیشانی پانێڵی دووەمی رۆژی دووەمی لوتکەی سلێمانی بوو به‌ڕێزان ئارام بابان، نوێنەری کارگەکانی سلێمانی، لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، دەیڤید مولەر، راوێژکاری پێشکەوتوو لە دەزگای OJCOS و چالاکوانی دیار لە کایەی گشتی و سیاسەتی ئەڵمانیا، د.بیرند ڤیلهور، راوێژکاری پێشکەوتووی پەیمانگای وێڵتێتۆس، د.ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی بوودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان وه‌ك پانێڵست به‌شدار بوون و د.ديدار عه‌بدولكه‌ريم، به‌رپرسى به‌شى توێژينه‌وه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجيش پانێڵه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌برد.

لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە بۆ شار و ژێرخانی سەوز و بەردەوام

پانێڵی حەوتەم و کۆتایی لوتکەی سلێمانی 2026 بەناونیشانی :"داهاتووی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە بۆ شار و ژێرخانی سەوز و بەردەوام" به‌ڕێوه‌برا، د.هەڵۆ عەسکەری، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کاروباری ژینگە، حەیدەر دەڕاجی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئابووریی کاربۆن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، د.نوور جاسم، نوێنەری زانکۆی کوردستان- هەولێر، د.موسا محەمەد تۆفیق، راوێژکار و توێژەری دارایی و خانووبەرە، خالید سلێمان، نووسەر و پسپۆڕی بواری ژینگە – فاروق گروپ بۆ وەبەرهێنان وه‌ك پانێڵست به‌شدار بوون و لەنجە شەهاب، ئەکادیمی و توێژەر – بەڕێوەبەری پانێڵه‌كه‌ بوو.

پێشانگای تایبەتی بانکەکان، پیشەسازی و کارگەکان

به‌شێكى ديكه‌ى لوتكه‌ى سلێمانى پێكهاتبوو له‌ پێشانگايه‌ك كه‌ بۆ كۆمپانياكانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌كرابوون، به‌شێكى به‌رچاو له‌ كۆمپانيای بانكی، خزمه‌تگوزاريى، په‌يوه‌نديى، وه‌به‌رهێنان به‌شداربوون و كاره‌كانيان و ئه‌و پرۆژانه‌ى ئەنجامی دەدەن نمايشیيان كردبوو، كۆتايى لوتكه‌ى سلێمانى 2026يش به‌ خه‌ڵاتكردنى ئه‌و كۆمپانيایان به‌شدار بوون کۆتایی هات.

ئەنجامەکانی لوتکەی سلێمانی

لە کۆتایی کارنامەی لوتکەی سلێمانی، عەدنان عوسمان سەرۆکی لوتکەی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا، تیایدا کارنامەی لوتکەی سلێمانی و ناوەڕۆکی پانیڵ و دیدار و گفتوکۆکان و ژمارەیەک لە راسپاردەکانی بۆ رۆژنامەنووسان خستەڕوو.

LUTKAI SLEMANI REPORT-1

LUTKAI SLEMANI REPORT-2

LUTKAI SLEMANI REPORT-3

LUTKAI SLEMANI REPORT-4

LUTKAI SLEMANI REPORT-5

LUTKAI SLEMANI REPORT-7

LUTKAI SLEMANI REPORT-9

LUTKAI SLEMANI REPORT-10

LUTKAI SLEMANI REPORT-11

LUTKAI SLEMANI REPORT-13

LUTKAI SLEMANI REPORT-16

LUTKAI SLEMANI REPORT-19

LUTKAI SLEMANI REPORT-20

LUTKAI SLEMANI REPORT-21

LUTKAI SLEMANI REPORT-22

LUTKAI SLEMANI REPORT-23

LUTKAI SLEMANI REPORT-24

LUTKAI SLEMANI REPORT-25

LUTKAI SLEMANI REPORT-26

LUTKAI SLEMANI REPORT-27

LUTKAI SLEMANI REPORT-34

LUTKAI SLEMANI REPORT-36

LUTKAI SLEMANI REPORT-42

LUTKAI SLEMANI REPORT-44

LUTKAI SLEMANI REPORT-45

LUTKAI SLEMANI REPORT-50

LUTKAI SLEMANI REPORT-51

LUTKAI SLEMANI REPORT-57

LUTKAI SLEMANI REPORT-58

LUTKAI SLEMANI REPORT-59

LUTKAI SLEMANI REPORT-62

LUTKAI SLEMANI REPORT-61

LUTKAI SLEMANI REPORT-60

LUTKAI SLEMANI REPORT-65

LUTKAI SLEMANI REPORT-67

LUTKAI SLEMANI REPORT-66