6 ئاب 2026
ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی، رووبەڕوو بەرامبەر مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، لە ئۆفیسی سەرەکی سەرۆکایەتی سوریا، جارێکی تر کۆبونەوە بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوانیان، پەیوەست بە تێکەڵبوونی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە دیمەشق.
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی سوریا و وەزیری دەرەوە لەلایەک و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات و هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارە خۆسەر، لەسەر پرسی تێکەڵکردنی تەواوەتی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگری و دۆسیەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، درووستکردنی لیوایەکی لە گەنجانی عەفرین کە تائێستا لە ناوچەی جزیرەن، گەڕانەوەی تەواوەتی ئاوارەکان و بەتایبەتی ئاوارەکانی سەرێکانی بوو بۆ زێدی خۆیان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کۆبونەوەکەوە دزەیان کردووەتە سەر روپەڕی رۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پرسی تێکەڵکردنەوەی تەواوەتی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگری، بە ڕەچاوکردنی گرەنتییە نێودەوڵەتییەکان، بونیاتنانەوەی دەوڵەت و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ڕۆژئاوای کوردستان گفتوگۆی رژدی لەسەر کراوە.
دیمەشق دەیەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ، هیچ فەرمانبەر یان شەڕڤانێک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نەمێنێتەوە لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی تازەی سوریا.
دۆسیەی شەڕڤانە ژنەکانی یەپەژە، درووستکردنی لیوایەکی سەربازی لە گەنجانی کوردی عەفرین و گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی، لەو بابەتە هەڵپەسێرداوانە بوون کە شاندی رۆژئاوای کوردستان جەختیان لەسەر چارەسەری بەپەلەی کردووەتەوە.
رێگرییەکانی لایەنگرانی تورکیا
عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی لەو ناوچانانەن لە ژێر دەسەڵات گروپە چەکدارە سورییەکانی سەر بە تورکیان و رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان عەبدی و شەرع.
مەحمود حەبیب، وتەبێژی هێزەکانی باکوری سەر بە هەسەدە رایگەیاند: بڕیاردراوە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا و لە ناو (نوسینگەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر) رێکبخرێنەوە.
لەبەرانبەردا هیچ وادەیەکی دیاریکراو، یان خشتەیەکی زەمەنی دانەنراوە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە و یەپەژە بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ.
پڕۆسەی ئاشتی تورکیا و کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بابەتێکی دیکەی کۆبونەوەکە بووە و بڕیاردراوە هەرکات پڕۆژە یاسایەکی تایبەت لە تورکیا پەسەندکرا، ئەو هاوڵاتیانەی ڕەگەزنامەی تورکیایان هەیە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان.
چەکی قورس و هەواڵگری
دوای کشانەوەی بەشێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە رۆژئاوای کوردستان و دواتر کشانەوەی هەسەردە لە دێرەزور و رەققە، هەسەدە بەشێکی زۆری چەکە قوریەکانی دەستدا، لە کۆبونەوەکەی رۆژی سێشەممە (٤ـی ئابی ٢٠٢٥) بڕیاردراوە پاشکۆیەکی تایبەت بۆ لیواکانی هەسەدە کە لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری رێکخراونەتەوە، بۆ چەکی قورس و هەواڵگری درووست بکرێت، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دیلەکان ئەو کەسانەی تائێستا ئازاد نەکراون.
تۆمارکردنی ناوی بریندارانی شەڕ و کوژراوان هەسەدە لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی برینداران و شەهیدانی سوریا، پرسێکی دیکەبووە و بڕیارە بەمنزیکانە جێبەجێبکرێن.
پەروەردە و زمانی کوردی
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە، لە قۆناغی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر پەروەردە و زمانی کوردی و جێگیرکردنی لە دەستور و زامنکردنی پۆستی کورد لە دامەزراوە کارگێڕی و خۆجێییەکان لە قۆناغی داهاتوودا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بابەتی پەروەردە و زمانی کوردییان لەو قوتابخانانە تاوتوێ کرووەد، کە زۆرینەیان کوردن. وەزیری پەروەردەی سوریا کە لەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، لەگەڵ هەردوو سەرکردەکەی رۆژئاوای کوردستان کۆبوەتەوە و بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە پێکبهێنرێت.
بەربەستەکانی بەردەم عەفرین و سەرێکانی
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ئامادەی سوریا لە چەند رۆژی رابردوودا لە سنوری حەمما و عەفرین جموجوڵیان هەبووە. زانیاری هەیە پڕۆسەکە بۆ دەستگیرکردن ئەبو عەمشە، فەرماندەی هێزەکانی عەمەشاتی سەر بە تورکیا بوبێت، کە ئێستا کراوەتە فەرماندەی لیوایەکی وەزارەتی بەرگری لە حەمما.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، وەزارەتی بەرگری لەسەر هێڵە بۆ دووبارە رێکخستنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی فیرقەی ٦٢ کە عەمید محەمەد جاسم ناسراو بە (ئەبو عەمشە) سەرۆکایەتی دەکات و بارەگای سەرەکی لە پارێزگای حەممایە.
وەزارەتی بەرگری سوریا هێزێکی فیرقەی ٧٠ـی بە سەرۆکایەتی موختار تورکی راسپاردووە بۆ ملکەچکردنی فیرقەی ٦٢، لە بەرانبەردا ئەو هێزە ئامادەباشی ڕاگەیاندووە و براکانی ئەبو عەمشە هێزیان کۆکردوەتەوە و مەترسی هەیە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان هەردوولا ڕووبدات.
ئەبو عەمشە، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای نیشتیمانی سوریایە و لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت، دوای دووبارە رێکخستنەوەی سوپا کراوەتە فەرماندەی فیرقەی ٦٢، چەکدارەکان و بەرپرسەکانی رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێسپی پێشتریش کێشەیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین درووست دەکرد.
ئیلهام ئەحمەد دەبێت دیپلۆماتکاری سوریا
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئیبراهیم حەمیدی ڕۆژنامەنووس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە: ئەحمەد شەرع داوای لە عەبدی کردووە، لیستێک لە ناوی ئەو کەسانە ئامادە بکات، کە کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆست لە دەوڵەتدا.
بۆ ئەو مەبەستە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سوریا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەرگرتنی پۆستێک لەو وەزارەتە. چەند پێشنیازێک لە ئارادان، وەک: جێگری وەزیری دەرەوە، یاریدەدەری وەزیر، یان ڕاوێژکاری باڵای وەزیر.
بەرپرسیارێتی نوێی مەزڵوم عەبدی
ئەو ڕۆژنامەنووسە نوسیوویەتی: بە شێوەیەکی فەرمی وەرگرتنی پۆستێک لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام سەرکردایەتی نوێی سوریا چەندینجار جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە لە دیمەشق ئامادەیی زیاتری هەبێت، دواجار پێشنیازی بۆ کراوە، ببێتە یاریدەدەر یان، نێردە، یان ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی سوریا بۆ کاروباری پێکهاتەکان (بە کوردیشەوە). لەبەرامبەردا ئەمریکا و فەرەنسا داوایانکردووە مەزڵوم عەبدی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی وەربگرێت، لەکاتێکدا ئەحمەد شەرع، ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کردووە.
سەردانەکەی بارزانی و کۆبونەوەی شەرع و عەبدی
کۆبونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، دوای چەند کاتژمێرێک لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سوریا هات، کەناڵی عەربییە بڵاوی کردەوە: نێچیرڤان بارزانی هەوڵی نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی دیمەشق و حەسەکەی داوە.
پێش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی ئەنجامداوە، تا پێشنیازەکانی بگەیەنێت بە دیمەشق، بەڵام هیچ دیدارێکی ئاشکرایان لە دیمەشق ئەنجامنەدا.
رادیۆی مۆنیتکارلۆی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە بڵاوی کردەوە؛ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانە بۆ دیمەشق، پەیامێکی سیاسی لە خۆگرتووە بەوەی دۆسیەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە لێکتێگەیشتنی سیاسی چارەسەر بکرێت، بەجۆرێک مافەکانی کورد لە دەستور و دەوڵەتدا پارێزراوبێت. هەولێریش پشتیوانی سەقامگیری یەکێتی و سەروەری سوریا دەکات، چونکە سەقامگیری سوریا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
شەڕی تیرۆر و داعش، پەیوەندی ئابوری و بازرگانی نێوان هەولێر و دیمەشق، هەماهەنگی ئەمنی و سنوور، بەشێکی دیکەی تەوەری سەردانەکە بوون.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: سەردانەکە لەسەر داوەتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری سوریا بووە، لە کۆبونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی ئەحمەد شەرعی کردووە بۆ سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ووتیشی: "هەرێمی کوردستان رۆڵی ئەرێنیی هەبوو لە رێککەوتنی پێشووی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بەردەوام لایەنێکی هاریکار دەبێت لەگەڵ رێزگرتن لە تایبەتمەندیەتی دەوڵەتی سوریا، ئێمە تێدەگەین پرسێکی ناوخۆیی سووریایە، بەڵام دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان لە پرسەکانی ناوچەکەدا رۆڵی کاریگەری هەیە، سوریاش پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەل بکات و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز بکات.
بڵاوکردنەوە