3 ئاب 2026
تۆڕی ئاکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامی وڵاتەکەی گەیاندە قەتەر وەک نێوەندگیرێک، کە ڕازیین بە کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکانی گواستنەوە و بازرگانی، دۆناڵد ترەمپ پلانی هێرشی بۆ سەر ئێران راگرت.
ترەمپ: بە هێزێکی ئاگرینەوە ئامادەین
وەک پیشەی هەمیشەیی کە بڕیارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە (2ـی ئابی 2026) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی بەپەلەدا بڵاوی کردەوە کە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدایە، ئامادەیە دژی ئێران بجوڵێت، بە هێزێکی سەربازی ئاگرین کە جیهان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەخۆیەوە نەیبینیووە.
ترەمپ نوسیوویەتی: سەرەڕای ئامادەکارییەکانمان، ئێران و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێکردین هێرشەکانمان دوابخەین، دوای ئەوەی لەسەر هێڵە گشتییەکان گەیشتینە رێککەوتن.
"لەسەر بنەمای ئەو داواکارییانە، لە پێناوی بەرژەوەندی و ئایندەی جیهاندا، ڕەزامەند بووم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە، بە مەرجێک بتوانرێت لە زووترین کاتدا بگەینە ڕێککەوتنێک. دەوڵەتی ئیسرائیلش لەم پابەندبوونەدا هاوڕامە. با هەموومان دەستبەکاربین. رێککەوتنەکە بگەیەنینە ئەنجام". ترەمپ لە پەیامەکەیدا وا دەڵێت.
پلانەکەی قەتەر و ئەمەریکا
تۆڕی ئاکسیۆسی ئەمەریکی پشتبەستن بە دوو دیپلۆماتکاری پلەباڵا و ئاگاداری دۆسیەکە، بڵاوی کردەوە: "وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی یەکشەممە، بە پلان و نەخشەڕێگاکەی نێوان قەتەر و ئەمەریکا بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕازی بووە".
بەپێی پلانە سەرەتاییەکە؛ کەشتییە بازرگانییەکان و بارهەڵگرەکانی نەوت، بۆ چوونە ناو ئاوەکانی کەنداو بە ئاوەكانی ئێران و بۆ دەرچوونیان بە ئاوەكانی عوماندا تێدەپەڕن.
ئاکسیۆس، ئاشکرای کردووە؛ ڕازیبوونی عەراقچی بەو پلانە، پاڵنەربووە، دۆناڵد ترەمپ هێرشی پلان بۆ داڕێژراوی سەر ئێران ڕابگرێت.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عەراقچی
ئەو پێشهاتانە، رۆژێک دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بە وەزیری دەرەوەی سعودیەوە هات، کە تیایدا سعودیە ترسی لە تەشەنەسەندنی رووداوەکان هەبووە و فشاری کردووە بۆ گەیشتن بە ڕیککەوتن.
هاوکات لەگەڵ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە، عەراقچی پەیوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و پاکستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە: عەراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ فەیسەڵ فەرحان، هاوتا سعودییەکەی، گفتوگۆیان لەسەر بەردەوامیی پلانگێڕییەکان و رێکارە دوژمنکارانەکان کردووە، کە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە پەیڕوی دەکەن.
ئێران، هۆشدارییداوە کە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، یەکێتی خاک و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، لە هەر هێرش و کردەوەیەکی دوژمنکارانە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیل و هەر بەشداریی و پاڵپشتییەکی وڵاتانی ناوچەکە، لەبەرمبەردا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و گونجاوی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەخۆیەوە دەبینێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەوەیخستووەتەڕوو، پەیوەندی عەراقچی بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە، لە کاردانەوەی ئەو لێدوان و هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ بووە، بۆ کردنە ئامانجی ژێرخانی وزەی ئێران و دەستپێکردنەوەی هێرش و پەلامارەکان، کە گرژبوونی زیاتری دۆخی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە.
هێوربوونەوەیەکی کاتی
دوای ئەو زنجیرە پەیام و هەوڵە دیپلۆماسییانە، رۆژی یەکشەممە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئارامییەکی ڕێژەیی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک لەوپەڕی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری، بە تایبەتی هۆشدارییەکانی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل و پایتەختی وڵاتانی ناوچەکە، کە تیایدا داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی کردبوو گەشت بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەن. ئامۆژگاریی کردبوون ئامادەکاریی بکەن و بەپەلە ناوچەکە جێبهێڵن.
ترس و رۆڵی سعودیە
تۆڕی هەواڵی (سی.بی.ئێس) بڵاوی کردەوە، لە پشت پەردەوە سعودیە رۆڵێکی گەورە و یەکلاکەرەوەی بینیووە، فشاری کردووە بۆ ڕازیکردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و پێدانی دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە ڕیککەوتن و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
بەپێی سەرچاوە ئەمەریکییەکان، محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە رۆژی شەممە (1ـی ئابی 2026) پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە کردووە و داوای لێکردووە دان بەخۆیدا بگرێت و هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدات، هۆشدارییداوە لە دەستپێکردنەوەی هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران.
"جێنشینی سعودیە چەند جارێک نیگەرانییەکانی خۆی بۆ ترەمپ دووبارە کردووەتەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، بەتایبەتی کردنە ئامانجی دامەزراوەکان و ژێرخانی ووزەی ئێران، لەبەرامبەردا ئێران دەستەوەستان ناوەستێت و کاردانەوەی بەرفراوانی دەبێت" میدیا ئەمەریکییەکان بەشێکی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان بەوشێوەیە بڵاوکردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاوی کردەوە؛ محەمەد سەلمان داوای کردووە پەنا ببرێتە بەر زمانی گفتوگۆ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئەوپەڕی هەوڵەکان بخرێتەگەڕ بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و رێگەخۆشکردن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، لەپێناو سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، کە ئاڵۆزیی و نا سەقامگیری جیهانیی لێدەکەوێتەوە.
فشاری سعودیە و سووربوونی ترەمپ
تۆڕی ئاکسیۆس و سەرچاوەکانی دیکەی هەواڵ بڵاویان کردەوە، جێنشینی سعودیە، نیگەرانی خۆی نەشاردووەتەوە لە دەستپێکردنەوەی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئێران و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەکان بڵاویان کردووەتەوە، ترەمپ ڕژد بووە لەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشی چڕ بۆ سەر دامەزراوەکان و ژێرخانی ووزەی ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە ئوردن و بەردەوامیی رێگرییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز.
فشاری وڵاتانی نێوەندگیر
پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی محەمەد سەلمان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، خالید سەلمان وەزیری بەرگری سعودیە لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوەتەوە و هەڵوێستی ڕیازی پێگەیاندووە سەبارەت بە بەردەوامی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن.
سعودیە رۆڵێکی کارای گێڕاوە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر تاران، لە مانگەکانی ڕابردوودا، هاوشانی قەتەر، ئیماران، تورکیا و پاکستان و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بەردەوام بووە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و پەنابردنە بەر ڕیگاچارەی دیپلۆماسی و دوورکەوتنەوە لە هێرش و پەلامار و ئاڵۆزیی.
نێوەندگیرەکان و بەتایبەتی قەتەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر ئاستی باڵا بەردەوام بوون لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسانی عەممان، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بووە دووبارە گەرووی هورمز بکرێتەوە و دانوستانەکان بەرەو پێشەوە ببەن و چی پێویستە بکرێت بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە.
بڵاوکردنەوە