15 تەممووز 2026
هونەر ئەو چەکە کۆن و لەهەمانکاتدا سەردەمییانەی کە رۆڵی سەرەکیی هەیە لە سیاسەتی نافەرمی هەر وڵاتێکدا، لە هەرێمی کوردستان هەرجارە و بە نەشتەرێک جەستەی بریندار و کارەکتەرەکانیشی نائومید دەکرێن، "دەزگا ئەمنییەکان بیانوویان دەوێت بۆ پشکنینی دەقەکانمان" ئەمە قسەی دەرهێنەرێکی شانۆیی بوو یەکێکی دیکەیان دەڵیت "نائوێدی وای لە هونەرمەند و خەڵکیش کردووە تاقەتی کار و بینینی شانۆمان هەر نەبێت".
لێرەوە ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم دەبێتە باسی گەرم کە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات دەقی شانۆ، دراما و فیلم بە چاودێریی ئەوان و دوای رەزامەندیی ئەوان نمایش بکرێت، ئەمەش هونەرمەندان نیگەران و تووشی سەرسوڕمان دەکات کە ئەمە دەکرێت مەترسی بێت و بە "سانسۆرکردن"ی کارەکانیان ناوی دەبەن کە لە سەدەکانی رابردوودا کراوە.
بڕیارەکە مەترسییە بۆ داهاتووی کاری هونەری
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە کردووە، هونەرمەندان بە مەترسی و لایەنی بەرپرسیش بە کارێکی ئاسایی و یاسایی دادەنێت، لەوبارەیەوە مەهدی حەسەن، دەرهێنەری شانۆیی لە شاری هەولێر بڕیارەکەی پۆلیسی هەرێم بۆ نابەرپرسیاریی هەندێک هونەرمەند دەگێڕێتەوە، بەپێی وتەی ئەو دەرهێنەرە "لە مانگی رەمەزاندا چەند هونەرمەندێک درامایەکیان بەرهەمهێناوە، کە سوکایەتییەکی زۆری بە پۆلیس تێدابوو، ئەمەش بووەهۆی دەرکردنی ئەو بڕیارە کە بەهۆیەوە هونەرمەندانی جددی و خاوەنکاری باشیش تێیدا زەرەرمەند دەبن ".
بەپێی وتەی مەهدی حەسەن، "نابەرپرسیاری و سوکایەتی کردن بەرامبەر هەرکەسێک بێت ئەبێت لەسەری بوەستین، ئەم هونەرمەندانە ئەگەر رەخنەیان بگرتایە نەئەبوون بە هۆکاری ئەم بڕیارە دژی هەموو هونەرمەندان، لەگەڵ ئەوەشدا جەختدەکاتەوە کە هیچ سانسۆرێک بۆ کەسانی پیشەیی نییە کە دەیانەوێت کەموکوڕییەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک پیشانبدەن و ئاسانکاریشیان بۆ دەکرێت، سانسۆر تەنیا بۆ سوکایەتیکردنە".
لەبەرامبەردا شوان کەریم، دەرهێنەری شانۆ لە شاری سلێمانی بەشێک لە بریارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاسایی و بەشێکیشی بە مەترسیدار دەزانێت کە پێیوایە جۆرێکە لە بیانوو بۆئەوەی هەموو دەقێک سانسۆر بکەن، ئەگەرنا دەقێک کە لە نووسەرێکی جیهانییەوە دەهێنرێت ناکرێت دەستکاری بکرێت.
باسی لەوەشکرد بڕیارەکە بەهەر هۆکارێک درابێت پێویستە رێگری لێبکرێت، بۆئەوەش رێگا مەدەنی و یاساییەکان دەگیرێنەبەر" پێویستە سەندیکای هونەرمەندان بێتەسەرخەت و قسەی هەبێت لەمبارەیەوە جا ئەگەر هەوڵی ئەوان سوودی نەبوو رێگەی تر هەیە بەکاریبهێنین بۆئەوەی شانۆ و کاری هونەری هێندە بچوک نەکرێتەوە".
سەرباری ئەوەش ئەم هونەرمەندە دڵنیاییدا کە دەقە هوونەرییەکان دەبێت بە فلتەری دامەزراوە ئەمنییەکاندا تێپەڕن و رەزامەندیی ئەوانی لەسەربێت و دەڵێت، "من خۆم دەقم لێوەردەگیرێت لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە"، ئەوەش سانسۆرە چونکە ئەگەر باسی گەندەڵی و بەرپرسێکی گەندەڵیش بکەیت ئەوان دەڵێن تەشهیرت کردووە و گونجاو نییە.
ترسی خۆی لەوە نەشاردەوە کە ئەگەری هەیە ئەمجۆرە بڕیارانە لە داهاتوودا سەرجەم کەس و لایەنەکان بگرێتەوە " کاتێک لە کارێکی هونەریدا باسی پۆلیسێک ئەکەیت کە رۆڵی خراپە مانای ئەوە نییە سوکایەتی بە پیشەی پۆلیس بکرێت".
وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان دەبێت رێگری لە بڕیارەکە بکەن
بڕیارەکە بەشێک لە هونەرمەندانی هێناوەتە دەنگ و کارگەی شانۆ،کە ئۆفیسی سەرەکییان لەسلێمانییە، راگەیەندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و رەخنەی توند لە بڕیارەکە و وەزارەتی رۆشنبیریش دەگرێت و تێیدا هاتووە، " ئەو داواکارییەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆی کردووە و داوایکردووە ئاگاداری وەزارەتی ڕۆشنبیری بکرێت کە کار بەو رێوشوێنە نوێیانە بکات، نیشاندەری ئەوەیە وەزارەتی ڕۆشنبیری نەك رۆڵی سەربەخۆی نیە لە پاراستنی ئازادیی کارکردنی هونەرمەنداندا، بەڵکو بووەتە وەزارەتێک کە رێنمایی لە دامەزراوە ئەمنیەکان وەردەگرێت، هەر شتێکیش بە پێوەری ئەو دامەزراوە ئەمنییانە مەترسیدار بێت، وەزارەتی رۆشنبیریی بێ دوودڵیی دەیخاتە نێو بازنەی سوری قەدەغەکردنیەوە"
کارگەی شانۆ رەخنەی ئەوە لە بڕیارەکە دەگرێت کە ئەوەی سوکایەتی بە پۆلیس دەکات هونەر نییە، بەڵکو دەسەڵاتداران و حکومەتن و دەڵێت، " ئەو زمانەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ هێرشکردنەسەر یەکتر بەکاریدەهێنن، لەگەڵ زمانی هونەریی شانۆکار و سینەماکاراندا، کامەیان ژەهراوین؟ لە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بپرسیت؛ دەتەوێت سیاسییەک بێدەنگ بێت یان هونەرمەندێک؟ وەڵامەکەی بۆ دەسەڵاتدار و حوکمڕانانی باشووری کوردستان بە ئازار دەبێت".
رووبار خالید کە یەکێکە لە ئەندامانی کارگەی شانۆ بە ڤیژنی وت، "بڕیارەکە تەنیا مەبەستییەتی شانۆ و فیلم و دراما سانسۆر بکات، ئەگەرنا لەناو هەموو چین و توێژەکاندا خەڵکی خراپ و گەندەڵ هەن، ئەگەر بەپێی ئەم بڕیارەبێت دوای ئەمەی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیس هەرێم، وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و پیشەوەران هەموویان هەمان داواکارییان دەبێت، ئیتر کاری هونەری دەبێت هەموو وەزارەتەکان بیبینن و رەزامەندیان وەربگیرێت، ئەوەش بە هەموو مانایەک سانسۆرکردنی کاری هونەرییە."
رووبار، لەبارەی رۆڵی سەندیکای هونەرمەندان و وەزارەتی رۆشنبیرییەوە جەختیکردەوە، دەبێت ئەو دوو لایەنە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و رێگری لە دەرچوون و جێبەجێکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە بکەن.
هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس دەبێت پابەندی ئەو بڕیارەبن
نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ئاگاداری نوسراوەکەی پۆلیسی هەرێم بوو، دەشیگوت ئەوەی تائێستا ئەوان وەکو سەندیکا لێی ئاگادارن تەنیا "داواکارییە"، بەڵام لە هەفتەی داهاتووشدا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەیان دەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن، سەبارەت بە رۆڵی سەندیکا وتی، "سەندیکا چی بکات ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی وا بدات؟ چونکە ئەوانیش هۆکاری خۆیانیان هەیە و دەڵێن کارەکتەری پۆلیس و ئەفسەر و کەسی ئەمنی لە دراما و فیلم و شانۆدا کراوە بە گاڵتەجاڕ و بەرتیلخۆر کە دژی کەسایەتیی راستەقینەیانە".
لە بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "دوای ئەوەی تێبینیکراوە لە بەشێک لە دراما، شانۆ و فیلمەکاندا کارەکتەری پۆلیس بە نەشیاو پیشاندەدرێت کە ئەمەش بێڕێزییە بە شکۆی پۆلیس، داواکارین رێگری لەم دیاردەیە بکرێت و بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی بەڕێوەبەرایەتییمان رەزامەندی نەدرێت بە دەرهێنانی ئەو جۆرە کارانەی کارەکتەری پۆلیسیان تێدایە".
لایەنی بەرپرس لەمباریەوە قسەی جیاوازی هەیە، کارزان ئەمیر گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان پیشەی پۆلیس وەک ئەرکێکی نیشتمانی کە هەموومان لێی بەرپرسیارین ناودەبات، "بۆیە سوکایەتیکردن و پێدانی رۆڵ و کارەکتەری نەشیاو بە پۆلیس و ئەفسەر لە کارە هونەرییەکاندا" بە هۆکاری پشت بڕیارەک دەزانێت و جەختدەکاتەوە "هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگاکان دەبێت پابەندبن بەو بڕیارەوە".
ئەگەرچی مێژووی دەرچوون و واژووکردنی ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەراتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی مانگی ٣-٢٠٢٦ ، بەڵام بەپێی وتەی وتەبێژەکەی پۆلیسی هەرێم "ئەم جۆرە رێکارانە هەر هەبووە بەڵام پێشتر تەنیا رێنمایی بووە و ئێستا بەهۆی پابەندنەبوونی هونەرمەندان بە رێنماییەکانەوە کراوە بە بڕیارێک بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان".
رووبار خالید کە شانۆکارە و ئەندامی کارگەی شانۆیە رەتیکردەوە هیچ هونەرمەند و دەرهێنەرێک تا ئێستا بە نووسراو ئاگادار کرابێتەوە لە رێنمایی لەوجۆرە و باسی لەوەکرد "پێشتریش سانسۆر و پشکنین بۆ کارەکان هەبووە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە پێشتر کاتێک دەستدەکرا بە کارێک ئاسایش دەیگوت یان با دەقەکە ببینین یان نمایشەکە پێش نمایش ببینین، ئەوکاتە یان رەتیاندەکردەوە یان تێبینیان لەسەری هەبووە و پێیان دەگۆڕین".
لەبارەی وردەکاریی لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم دەڵێت"مەرجە ئەو کەسەی لە دەقێکی هونەریدا دادەنرێت بۆ رۆڵ بینین لە رۆڵی کەسێکی ئەمنیدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگاکانەوە رەزامەندی لەبارەوە بدرێت، لەڕووی جل و بەرگ و شێوازی رۆڵ بینین و تێکستیشەوە رەزامەندی بدرێت".
ئەم رێکارە توندانەی گەڕاندەوە بۆئەوەی "لە رابردوودا" چەندین شانۆ، دراما و فیلم هەبوون کە رۆڵی ناشرین و سوکایەتی و گاڵتەجاڕیان داوە بە پۆلیس و کەسانی ئەمنی و ئەفسەران ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ کاری ئێمە " دەبێت بە پاکترین شێوە و جلوبەرگی مورەتەب و شێوازی وەستان و رۆیشتنی رێکوپێک مامەڵە بکەین لەکاتی دەوامدا".
هیچ بڕیار و یاسایەک نییە بۆ سانسۆرکردنی کاری هونەری
وەزارەتی رۆشنبیری ئەو لایەنە باڵایەیە کە بەرپرسە لە کاری هونەرمەندان و پاراستنی ئازادیی کارکردنیان وەک لە راگەیەندراوی کارگەی شانۆشدا هاتووە، "دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بکات"، بەڵام پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی هونەرمەندان، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە کە هیچ بڕیارێکی لەوجۆرە چووبێتە لای ئەوان بەشێوەی "بڕیار" ئەو دەڵێت "ئەوە تەنیا داواکارییەکە و لێمان کراوە"، چونکە نابێت دەقی هونەری سوکایەتی بە پیشەیەکی وەکو پۆلیس بکات کە کەسایەتیی نیشتمانین، ئەوانیش لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس هەمان داوایان کردووە کە ئەگەر رۆڵی پۆلیس هەبوو ئەوان بیبینن.
باسی لەوەکرد هەندێک دراما هۆکاری ئەم شێوازە مامەڵەیەن کە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناچارکردووە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بەدەرلەوە هیچ کەس و هونەرمەندێک ناچارنییە بەهیچ بڕیار و یاسایەک دەقەکانی بنێرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس یان دەزگا ئەمنییەکانی تر و جەختیکردەوە کە هەر هونەرمەندێک ئەو کارەی لەگەڵکرا راستەوخۆ پەیوەندی بە وەزارەتەوە بکات یان سەردانیان بکات بۆئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەن بەجۆرێک رەتیکردەوە هیچ بڕیار و یاسایەک هەبێت هونەرمەند ناچاربکات دەقەکەی پیشانی لایەنە ئەمنییەکان بدات.
ئەمە سەرەرای ئەوەی بڕیارەکە "داواکارییەکە"ی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێم بە جۆرێک لە پاڵپشتی بۆ هونەرمەندان دادەنێت بۆئەوەی نەکەونە هەڵەوە و سوکایەتی بە کەس نەکەن تاوەکو تووشی گرفت نەبن.
سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی هەولێرە بڕیارەکە بە شتێکی ئاسایی دادەنێت بۆ رێگریکردن لە سوکایەتی و ناوزڕاندنی هەر کەس و پیشەیەک، دەڵێت، ناکرێت لەڕێگەی شانۆ یان دراما و فیلمەوە سوکایەتی بە هیچ پیشەیەک بکرێت کە سەرەتای دەرچوونی ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی رەمەزان و ئەو درامایانەی لەو مانگەدا پەخش دەکران.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی رۆشنبیری، " شتێک لە هەرێمی کوردستان بەناوی فلتەرکردنی دەقی هونەری و سانسۆرکردنەوە نییە بریارەکەش بۆ سانسۆرکردن نییە بەڵکو بۆ رێکخستنە و تا ئێستا هیچ دەقێکی شانۆ و هونەری نەبراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هیچ دەزگایەکی ئەمنی".
نوسراوەکە لە 2026/3/1دا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێرەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم کراوە بۆ گرتنەبەری ئەو رێکارانە، لە 2026/3/29دا لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمەوە واژووکراوە و ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
لەماوەی پێشوودا دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، دوو پانێڵی لەبارەی کاری هونەری و شانۆ لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، لە پانێڵەکاندا هونەرمەندان، ئەکتەر، شانۆکار و دەرهێنەرانیش نیگەرانیی زۆریان پیشاندا لە دۆخی ئێستای هونەر و کاری هونەری یەکێکیش لە نیگەرانییەکانیان کە جەختاین لێدەکردەوە، رۆڵی خراپی دامەزراوە ئەمنییەکان بوو لە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کارە هونەرییەکانیاندا، کە داوای بینین و پشکنینی دەقی هونەری دەکەن یان بەر لە نمایشکردنی فیلمی سینەمایی یان دراما داوادەکەن بیبینن و دواتر لە تێبینییەکانیان هونەرمەند ناچاردەکات بە گۆڕانکاری و دووبارەکردنەوە لە تۆمارکردن، یان تەنانەت دەگاتە راگرتن و رێگریکردن لە بەشێک کارە هونەرییەکان.
بڵاوکردنەوە