بەباڵیۆزکردنی کلتور، بە باڵیۆزکردنی سلێمانی

6 تەممووز 2026

ئەم پڕۆژەیە لە بنەڕەتدا هەوڵدانێکی جددییە بۆ قووڵکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و کوردبوون، بە ئامانجی ئەوەی کایەی ڕۆشنبیری و هونەری لە چوارچێوەی تەقلیدیی خۆی دەربهێنرێت و بکرێتە وزەیەکی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی "دیپلۆماسیی کولتووری". 
مەبەست ئەوەیە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ئەرکە ڕووکارییەکان ڕزگار بکرێت و وەک دامەزراوەیەکی خاوەن ستراتیج وەک وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکان، ڕۆڵی گێڕانەوەی چیرۆکی نەتەوەیەک بۆ جیهان بگێڕێت.
خاڵی دەستپێک و وێستگەی سەرەکیی ئەم نەخشەڕێگایە "شاری سلێمانی"یە. ئەم شارە بە پایتەختی ڕۆشنبیری و شاری داهێنانی ئەدەبیی جیهانی ناسراوە و هەڵگری توانستێکی بێوێنەی هونەری، ئەدەبی و فکرییە. بۆیە لەم قۆناغەدا، پێویستە وەبەر‌هێنانێکی درێژخایەن لەم سەرمایە مرۆیی و کولتوورییەی ناوشاردا بکرێت. لەم سۆنگەیەوە، سلێمانی تەنیا ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی ستراتیجی بۆ کۆکردنەوە و ئاڕاستەکردنی تەواوی توانا ئەدەبی و فکرییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
بە کورتی، سلێمانی لەم پڕۆژەیەدا دەبێتە "بزوێنەر" و "لانکەی" داهێنانێکی نوێ، کە تێیدا هەموو کوردێک لە هەر کوێیەک بێت، بەرهەمەکەی لەم مەڵبەندەوە دەست بە گەشت دەکات.