لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی ئاستی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی شاری سلێمانی
25 ئایار 2025
توێژەر : د. سامان حسێن
پرسی کەمینە و پێکەوە ژیان یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی جیهانی ئەمڕۆ، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق، لەبەر ئەوەی بە هۆی مێژووی ناوچەکەوە لەم ناوچەیدا چەندین گەل و نەتەوە و ئاین و ئایینزای جیاجیا دەژین. هەر یەکەیان مێژوو و باوەڕ و زمان و کولتوری تایبەتی بەخۆیان هەیە، و لە هەر وڵاتێکیشدا دەیان گرفتی گەورەی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتوری و سیاسیان هەیە. ئەم بابەتەش بۆخۆی دەیان کێشەی سیاسی و سەربازی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە تەوای ناوچەکەی گیرۆدەی کوشت و بڕ و ئاوارەیی و کۆچ و ناجێگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە. هەر بۆیە ئەم بابەتە لە ئێستادا کێشەیەکی گەورەیە لە جیهاندا. دەیان کاری زانستی لە ناوەندە ئەکادیمی و دامو دەزگاکانی توێژینەوەی ئەکادیمیدا لەبارەیەوە ئەنجام دەدرێت.
کێشەی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە گەڕان بەدوای ئاستی پێکەوەژیان و ڕەوشی ژیانی مەسیحییەکانی شاری سلێمانی لە ئێستادا، بە تایبەتی لە دوای ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن لە ناوچەکە لە شەڕە ڕەنگ ئاینییەکان و دەرکەوتنی بیری توندی ئاینی و ڕووداوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. ئەو پاشهاتانەی بەدوایدا هاتن، کە جارێکی تر بابەتی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی کردەوە پرسێکی سەرەکی. هەربۆیە ئەم بابەتە لە لایەن دامەزراوەی ڤژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی ڕوژێندرا، و لەم سۆنگەیەوە پانێڵێک بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری شارەکە و بەشێکی زۆر لە لێپرسراوە ئیدارییەکانی شارەکە، کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکەوە، ڕێکخرا. لە دوای پانێڵەکەو گفتوگۆکانی ئەنجامدران، و دوای ئەو وتانەی لە لایەن جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری شارەکە و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەکەوە پێشکەشکران، ئیدی دەرکەوت کە هەندێک پرسی ئەم لایەنە هەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و زانستیانەیە. ئەوە بوو دەزگاکە ڕایسپاردین بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک لەم بارەیەوە.
ئامانجی ئەم کارە دەرخستنی ڕادەی پێکەوە ژیانی نێوان کەمینەکانی شاری سلێمانییە، بە تایبەت مەسیحییەکان. مەبەستی سەرەکیشی ئەوەیە کە پەنجە لەسەر گرفتەکانیان لەم ڕووەوە دابنێت و دواتر چارەسەرییەکان بخاتە ڕوو، بە مەبەستی ئاراستەکردنیان بۆ شوێنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک کار لەسەر کەمکردنەوەی گرفتەکان بکرێت و ژیانی پێکەوە ژیان لە شاری سلێمانی بەرەو پێش ببات و چارەسەرێک بێت بۆ کێشەی ژیانی کەمینەیی لە شارەکە. ئەویش لە پێناو جوانترکردنی ژیانی شارەکە و بەرز ڕاگرتنی مێژووی جوانی شارەکە لەم ڕووەوە. هاوکات، ئامانجی ئەوەیە ئەم کارە ببێتە هەوێنێک بۆ کاری لەم جۆرە لە تەواوی ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش.
بۆ زانیاری زیاتر و بینینی پانێڵێک پەیوەست بەم توێژینەوەیە کرتە لێرە بکە ..
بڵاوکردنەوە