دەستوەردانی پیشەیی لە بواری کاری کۆمەڵایەتی لەگەڵ کۆچبەری گەڕاوە

2025-03-27

توێژەر : پ. د. ژیا عەباس

دیاردەی کۆچکردن یەکێکە لەو دیاردانەی لەکۆنەوە مرۆڤایەتی ناسیویەتی، ئەگەرچی بەگوێرەی سەردەمەکان هۆکارەکانی دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی بارودۆخی جەنگ و ململانێی چەکداری و کارەساتی سروشتی  و قەیرانی ئابووری هەمیشە هۆکارگەلێک بوون پاڵیان بەتاکەکان و بەتایبەتتر گەنجانەوە ناوە تا  کۆچبکەن لە وڵاتی ڕەسەنی خۆیان بۆ وڵاتی مەبەست لە پێناو داهاتویەکی گەشتر و ژیانێکی شایستەدا، لەگەڵ ئەوەشدا کۆچکردن کارێکی ئاسان نیە بۆ هەموان، بەڵکو خراپی باری ئابوری تاک وادەکات زۆرجار ئەو ژیانی خۆی بخاتە مەترسی و ڕێگەی مەرگ بگرێتە بەر و بەشێوازێکی نایاسایی لە پێناو گەیشتن بە وڵاتی مەبەست، مەرجیش نییە گەشتەکەو گەیشتنەکە بەوجۆرە دەربچێت، کە پێشبینیدەکرا. ئەمەش وادەکات زۆرێک لە کۆچبەران بڕیاری گەرانەوە بدەن بۆ زێدی خۆیان و ئەو خاکەی تێیدا لەدایکبوون و گەورە بوون ئەمەش دیسان کۆمەڵێک هۆکاری هەیە : هەندێکی پەیوەندی بە دۆخ و گوزەرانی خودی کۆچبەر خۆی هەیە یان بەدەستنەهێنانی ڕەگەزنامە لە وڵاتی ، کە وادەکات بەشێوازێکی نایاسایی بژی و هەمیشە لە ژێر باری ترس و هەڕەشەدا بێت یان ئەو هۆک ارانە نەماون، کە وایانلێکردووە کۆچبکات وپەیوەستن بە هەلومەرجی وڵاتە ڕەسەنەکەی خۆی، بۆ نمونە کۆتاییهاتن بەجەنگ و بوژاندنەوەی ئابووری ...هتد.
گەراندنەوەی کۆچبەران کارێکی ئاسان نییە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی وڵاتی مەبەست وڕەسەن هەیە، لەگەڵ هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە کۆچبەران. ئەمەش دەچێتە چوارچیوەی چەمکێکی تازە لە بواری کۆچ، کە پێیدەوترێت حوکمداری کۆچ  (حوکمة الهجرة) کەمەبەست لێی ئیدارەدانێکی ڕاست و تەندروستی پرۆسەی کۆچ و گەڕانەوەی کۆچبەرانە بۆ زێدی خۆیان بەجۆرێک، کە تاکی کۆچبەری گەڕاوە زەرەرمەند نەبێت و ڕێز لە ماف و شکۆو مرۆڤبوونی بگیرێت، چونکە لە کۆتاییدا ئەم پرۆسەیە هەردوو ولات لێی سودمەنددەبن، بەپێی توێژینەوەکان دەردەکەوێت تێچووی کەسێکی کۆچبەر لە وڵاتی مەبەست زیاترە لەو هاوکارییە ماڵییەی  لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ولاتی خۆی، تیای خەرجدەکرێت، لەلایەکی دیکەوە سودی بۆ ولاتی ڕەسەنی خۆی دەبێت، چونکە دواجار سەرچاوەیەکی مرۆیی و خاوەن تواناو لێهاتووییەو زمانێکی تازەو شێوازی ژیانکردنی جیاوازو ڕەنگە خولی ڕاهێنانی لە بوارە جیاوازەکان وەرگرتبێت و ئەزمونێکی باشی لە وڵاتی مەبەست وەرگرتووە. ئەمانەش دەبێتە سامانێکی مرۆیی، کەدەکرێت ڕۆڵ بگێڕێت لە بەرەوەپێشچونی ولاتەکەی، ئەگەر بەباشی کاریلسەر بکرێ بدرێت، بەلام لەکاتی گەڕانەوەیاندا کۆمەڵێک پێداویستی و کێشەیان هەیەو دەبێت هاوکاریبکرێن، لەم ڕوەوە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری (سەرەتایی ، کۆمەڵایەتی ، دەروونی ، یاسایی ، ئابووری ، تەندروستی، پەروەردەیی) پێشکەشبکرێت. لێرەدا کاری کۆمەڵایەتی وەک پیشەیەکی زانستی لەڕێگەی تیۆرو مۆدێلە جیاوازەکانی دەستتێوەردانەوە دەتوانێت لەم ڕوانەوە هاوکارێکی باش بێت.
بەگشتی ئەم توێژینەوەیە لەچەند باس و تەوەرێک پێکهاتووە : باسی یەکەم چوارچێوەی گشتی توێژینەوەکەیە، لەتەوەری یەکەم چوارچێوەی تیۆری توێژینەوەکەیە، کە کێشەو گرنگی و ئامانجی توێژینەوەکەیە، تەوەری دووەم ناساندنی چەمک و زاراوەکانە، باسی دووەم تایبەتە بە بابەتی کۆچ بەگشتی لەڕووی مێژویی و هۆکارەکانی و شوێنەوارەکانی، باسی سێهەم گەڕانەوەی کۆچبەران لەڕووی مێژویی و هۆکارەکانی و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێویستیانە بەپشتبەستن بە تیۆر و مۆدێلەکانی دەستوەردانی پیشەیی لە بواری کاری کۆمەڵایەتیدا.