پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازی (خزمەتی ئاڵا) لە عێراق: تێڕوانین وشیکاریی ستراتیژی

4 حوزەیران 2026

توێژەر : چۆمان محەمەد

پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا (سەربازیی زۆرەملێ) لە عێراق، دەستپێشخەرییەکی نوێ و جیاوازی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە. پێش پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەزموونی سیستمی سەربازیی زۆرەملێ لە عێراقدا هەبووە و دوای ئەو پڕۆسەیەش، چەند جارێک هەوڵ دراوە پڕۆژەی جیاواز پەیوەست بەم پرسە ئاراستەی دەسەڵاتی یاسادانان بکرێن. ئەمجارە لیژنەی ئاسایش و بەرگری، سوورتر لە جاران پڕۆژەکەیان ڕەوانەی پەرلەمان کردووە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە ؛ ئێستا عێراق لە هەموو کات زیاتر لەوە نزیک بووەتەوە کە ببێتە خاوەنی سیستمی سەربازیی زۆرەملێ.

عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە دۆخێکی هەستیار و ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت و بە دەست چەندین قەیرانی قوڵی سیاسی، دارایی و تائیفییەوە دەناڵێنێت. لە پاڵ ئەوەشدا، جووڵاندنی پڕۆژەیاسایەکی لەمجۆرە لەم کاتەدا، لایەنە سیاسییەکان و شەقامی عێراقیی کردووەتە دوو بەرەی دژ بەیەک؛ بەرەیەک پێی وایە پڕۆژەکە پێویستییەکی گرنگ و هەنووکەیییە بۆ دۆخی سیاسی و سەربازی، خوێن بە بەرگی وابەستەییی نیشتمانیی لاواندا دەکاتەوە و بە هۆکارێک بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی یەکێتیی گەل و نوێبوونەوەی توانای مرۆییی هێزە چەکدارەکان دەیبینن. بەرەکەی تر، بە پێچەوانەوە، پێی وایە دۆخی ئێستای عێراق بۆ دەرچوواندنی یاسایەکی لەوجۆرە گونجاو نییە و بە هۆکارێک بۆ دروستبوونی لێکترازان و پشکپشکێنەی تائیفی دەیبینن.