ڕۆڵی زانکۆ تایبەتەکان لە داڕشتنی شوناسی کۆمەڵایەتی دا

2025-01-06

توێژەر : م. سارا کمال معروف

لەگەڵ بڵاوبوونەوە و بەرەوپیشچوونی خوێندنی تایبەت، دامەزراوەکانی خوێندنی تایبەت نەک تەنها وەک جێگایەکی پێشکەوتنی ئەکادیمی و پێدانی بڕوانامە، بەڵکو وەک ناوەندێک بۆ بونیادنانی پێگە و ناسنامەی کۆمەڵایەتیش کاردەکەن. سەرنجی سەرەکی ئەم توێژینەوەیەش ئەوەیە کە هۆکارەکانی وەک کلتوور و کارلێکەکانی ناو کەمپی زانکۆ، واتە ژینگە پەروەردەییەکان بە گشتی و ژینگەی پەروەردە و خوێندنی تایبەت بە تایبەتتر چۆن کاریگەرییان لەسەر بونیادنانی ناسنامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو خوێندکارانە هەیە کە تیایدا دەخوێنن. واتە ئامانجی توێژینەوەکە دەرخستنی ڕۆڵی زانکۆ تایبەتییەکانە لە داڕشتنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی خوێندکاراندا لە شاری سلێمانی، بە بەکارهێنانی تیۆری ناسنامەی کۆمەڵایەتیش هەوڵی ڕوونکردنەوەی بابەتی توێژینەوەکە دراوە. شێوازی توێژینەوەکە چۆنایەتییە و میتۆدی شیکاری بابەت بەکارهێنراوە، لە ڕێگەی ئامڕازی کۆکردنەوەی زانیاری چاوپێکەوتنەوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ) ١٥ ( خوێندکاری زانکۆ تایبەتەکانی سنووری شاری سلێمانی کراوە. ئەم توێژینەوەیە پەیوەندی نێوان ناسنامەی کۆمەڵایەتی تاک بە ژینگە پەروەردەییەکانەوە لێکدەداتەوە و هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە چۆن زانکۆ تایبەتەکان وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی تاکەکەس و چینی کۆمەڵایەتییەکەی لەناو خوێندکاراندا ڕۆڵیان هەیە.