6 تشرینی دووەم 2025
ڕیفۆرم و چارەسەری ستراتیژی بۆ کەرتی پەروەردە
دامەزراوەی ڤیژن لە خوولی سێهەمی چاوی کراوە میوانداری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کرد
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ڕۆژی ٦/١١/٢٠٢٥دا، بەشی سێهەمی خولی دانیشتنەکانی پڕۆژەی چاوی کراوەی ئەنجامدا. ئەم دانیشتنە تایبەت بوو بە کەرتی پەروەردە و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی م. نەژاد عەبدوڵڵا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کاربەدەستان، کەسانی ئەکادیمی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا، م. نەژاد بەوردی تیشکی خستەسەر پەیكەر و پێكهاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و ئامارەکانی مامۆستا و خوێندکاران. پاشان باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئەم کەرتە کرد و چەندین پێشنیاز و نەخشەڕێگای بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و ڕەخساندنی شەفافیەتی زیاتر خستەڕوو.
تەوەرە و هەنگاوە ستراتیژییەکان بۆ گەشەپێدانی پەروەردە
١. گرنگیدان بە ژێرخان
پێویستە بودجەی شایستە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ دابین بکرێت. لە ئێستادا حکومەت وەک بەدیل پەنا دەباتە بەر خێرخوازان و وەبەرهێنەران بۆ مۆدێرنکردنی بیناکانی خوێندن، بەڵام ئەمە پێویستی بە پلانێکی حکومی بەردەوام هەیە.
٢. نوێکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن
پێویستە سیستمەکە لە "تەوەرەی زانیاری" بگۆڕدرێت بۆ "تەوەرەی کارامەیی". گرنگترین خاڵەکانی ئەم گۆڕانکارییە بریتین لە:
· گۆڕینی فەلسەفەی لەبەرکردن بۆ تێگەیشتن: فێرکردنی قوتابی بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
· تێکەڵکردنی ژیریی دەستکرد: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وەک هاوبەشێکی فێربوون و ڕەچاوکردنی ئیتیکی بەکارهێنان.
· پەرەپێدانی کارامەیی نەرم: جەختکردنەوە لەسەر ژیریی سۆزداری و کارکردنی بەکۆمەڵ.
٣. گەشەپێدانی پیشەیی مامۆستایان
دانانی پڕۆگرامی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستایان لەسەر میتۆدە نوێیەکان، لەگەڵ پاراستنی ماف و کەرامەتیان بۆ گەڕانەوەی ئینتیما و خۆشەویستی بۆ پیشەی مامۆستایی.
٤. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا
فراوانکردنی پڕۆژە دیجیتاڵییەکانی وەک (E.PARWARDA) و ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ فێربوونی دیجیتاڵی، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی فێربوون.
٥. شەفافیەت و بنبڕکردنی گەندەڵی
جێبەجێکردنی میکانیزمی شەفاف لە دامەزراندن و بەڕێوەبردن، بۆ ئەوەی تەنها کەسانی لێهاتوو و شایستە لە پۆستە پەروەردەییەکاندا بن.
٦. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی جیهانی (نموونەی فینلەندا)
· فێربوونی پڕۆژە-بنەما: کارکردن لەسەر پڕۆژەی ڕاستەقینە.
· سەربەخۆیی مامۆستا: پێدانی دەسەڵات بە مامۆستا بۆ داڕشتنی وانەکان.
· ژینگەی بێ فشار: کەمکردنەوەی تاقیکردنەوە ستانداردەکان بۆ ئەوەی قوتابی لە ترسی شکست ڕزگاری بێت و داهێنان بکات.
بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە تەماشای تەواوی ئیڤێنتەکە بکەن:
https://youtu.be/bqljkUU-BSQ?si=SvJSttpWX02g8sMh
بڵاوکردنەوە