نووسه‌ر
Mar 23 2025
Mar 23 2025
پێشه‌كی (1-1)
هه‌موو وڵاتێك سیسته‌مێكی ده‌ستوری خۆی هه‌یه،به‌گوێره‌ی ده‌ستور شێوه‌ی رژێمی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ردنی ده‌وڵه‌ت دیاریكراوه.له ماده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوری عێراقدا هاتوه(كۆماری عێراق یه‌ك ده‌وڵه‌تی فیدراڵی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ی سه‌روه‌ریی ته‌واوه،سیسته‌می حوكم تیایدا كۆماریی نوێنه‌رایه‌تی(په‌رله‌مانی) دیموكراسیه، ئه‌م ده‌ستوره ده‌سته‌به‌ری یه‌كگرتویی عێراقه). ئه‌و ماده‌یه‌ی سه‌ره‌وه وێنه‌ی ته‌واوی تابلۆی ده‌وڵه‌تی عێراقی كێشاوه، كۆماری عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیه( ئیتحادییه) ،ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندگه‌رایی (مه‌ركه‌زی) نیه. به‌گوێره‌ی قانونی ده‌ستوریی ده‌وڵه‌كان له رووی شێوه‌ی حوكمكردنه‌وه جۆراو جۆرن.ده‌وڵه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ناناوه‌ندگه‌رایی دروست ده‌بێت( لامه‌ركه‌زییه‌ت).له‌پاڵ بوونی حكومه‌تی سه‌ره‌كی نیشتمانی، هه‌رێم و ناوچه‌كانیش خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ردنی خۆیانن و پێیان ده‌وترێت حكومه‌ته خۆماڵیه‌كان (حكوماتی محه‌للی).هه‌موو ناوچه‌یه‌ك له‌رووی دارایی و كارگێریی و ئاسایش و یاسادانه‌وه سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه‌و خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن، بۆیه له ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی تر، له هه‌رێمێك بۆ هه‌رێمێكی تر یاسا‌و ڕێساكان له‌یه‌كتری جیاوازن ، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك سیسته‌می فیدراڵی یاساكانی سزادان و تاوانكاری ئه‌وانیش له هه‌رێمێك بۆ هه‌رێمێكی تر جیاوازن .له‌هه‌مان كاتدا هه‌ر به‌گوێره‌ی هه‌مان ماده‌ی ئاماژه‌پێكراو له‌سه‌ره‌وه، ده‌وڵه‌تی عێراق سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تیه،ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراو له‌لایه‌ن گه‌له‌وه دیاری ده‌كرێت و په‌رله‌مان له جیاتی گه‌ل به‌شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ به ئیراده‌و به‌ناوی گه‌له‌وه ،سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و كابینه‌ی حكومی هه‌ڵده‌بژێرێت.به پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی كه سه‌رۆكی وڵات راسته‌خۆ به‌ده‌نگدانی خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێردرێت.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراق ،كاتی خۆی له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌سه‌ر شێوه‌ی ته‌نزی به‌ریتانیی دروستكراوه ، به‌و پێیه‌ی كه عێراق ژێرده‌سته‌ی (موسته‌عمه‌ره‌ی) به‌ریتانیی بوه، سیسته‌می ئه‌و وه‌خته نوێنه‌رایه‌تی پاشایه‌تی ده‌ستوریی بوه ، ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنچینه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان دروستبوه ،هه‌تاوه‌كو ڕێگه‌بگرن له تاكڕه‌ویی و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له چنگی یه‌ك كه‌سدا نه‌بێت ، بۆیه په‌یره‌وی سیسته‌می دوانه‌یی له‌ده‌سه‌ڵاته‌كاندا كراوه .چۆن؟ وڵاته‌كه له‌رووی بینای ده‌ستورییه‌وه له سه‌ر سێ كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی راوه‌ستاوه ، ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاته‌كانی (جێبه‌جێكردن ،یاسادانان،دادوه‌ری) به‌ڵام چونكه په‌یره‌وی دوانه‌یی ده‌سه‌ڵاتكراوه، بۆیه بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌و ده‌سه‌ڵاتانه دوانه‌یی بوه، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له نێوان سه‌رۆكی حكومه‌ت و پاشای وڵات دابه‌شبوه،ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان به هه‌مان شێوه دوانه‌یی بوه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی ئه‌عیان پێكهاتوه، واته په‌رله‌مان دوو ژوور بوه، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌ی دوو ده‌سه‌ڵاته‌كی تر، دوانه‌یی بوه .پێكهاتوه له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگای ده‌ستوری كه ئه‌و وه‌خته پێی وتراوه(دادگای باڵا) به گوێره‌ی ماده‌ی (81) له یاسای بنه‌ره‌تی عێراق بۆساڵی 1925 ئه‌رك و پسپۆری دادگای ده‌ستوری هه‌بوه .ئه‌و وه‌خته به‌ده‌ستوریان وتوه یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵات .
پاشان له‌گه‌لاوێژی ساڵی 1958 هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌ی سه‌ربازی روویداو سیسته‌می ده‌ستوریی وڵات به‌ته‌واوی گۆرا بۆ سیسته‌می سه‌ربازی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ،له جیاتی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و جیاكردنه‌وه‌یان له‌یه‌كتری ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و تاكره‌ویی و سیسته‌می ڕێبه‌رایه‌تی ئاراسته‌ی وه‌رگرت ، سه‌رۆكێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ره‌هاو مه‌زن!ئه‌مه به‌رده‌وام بوو، به چه‌ند هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌یه‌كی تری سه‌ربازیدا تێپه‌ڕی، به‌ڵام هه‌موو هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌كان له‌سه‌ر هه‌مان ڕێبازی سه‌ر‌وكایه‌تی تاكره‌وی به‌هێز ڕێره‌وی گرتبوو، هه‌تاوه‌كو ساڵی 2003 كه به بریاری نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی سیسته‌مه‌كه رووخێنرا، به‌و پێیه‌ی ئینگلیزه‌كان یه‌كێك بوون له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووخاندنی رژێمی دیكتاتۆری عێراق ، جارێكی تر له كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقدا گه‌رانه‌وه سه‌ر هه‌مان سیسته‌می سه‌ره‌تای دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراق كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی دابه‌شكردن و دوانه‌یی و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان دروستبوو بوو، ته‌نها یه‌ك گۆرانكاری كرا، جاران ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جیكردن له‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پاشای وڵات پێكده‌هات ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان چونكه عێراق پاشای نیه ،له‌بری پاشا سه‌رۆك كۆمار هاوبه‌شیه‌تی ، هه‌ر بۆیه هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه دوانه‌ییه هاوشێوه‌ی سیسته‌می پاشایه‌تی جاران، حكومه‌ت له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار پێكهاتوه، په‌رله‌مان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ پێكهاتوه(هه‌رچه‌نده به‌هۆی ناكۆكی تایفی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیه‌وه هه‌تاوه‌كو ئێستا پێكنه‌هێنراوه) به‌هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی و دادگای فیدراڵی پێكهاتوه.
دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له سیسته‌می فیدراڵیدا(1-2)
له سیسته‌می فیدراڵیدا كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان و دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامان و سنوری جوگرافی هه‌رێمه‌كان هه‌میشه بابه‌تی ئاڵۆز و خاڵی ناكۆكی بوون ، ئاشكرایه كه ده‌ستور دایكی یاساكانه ، نه‌خشه‌ی سه‌ره‌كی رژێمی ده‌ستوری وڵاته‌كه ده‌كێشێت، به‌ڵام ورده‌كاری جێبه‌جێكردنی ده‌سه‌ڵاته دارایی و كارگێڕی و ئه‌منی و دادوه‌ری به قانونی ئاسایی ڕێكده‌خرێت(ته‌شریعی عادی) .راستیه‌كی گرنگ و سه‌ره‌كی هه‌یه پێویسته به‌باشی سه‌رنجی له‌سه‌ر بده‌ین له‌كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور ئاراستیه‌ك هه‌بوو كه سیسته‌می فیدراڵی له‌سه‌ر بنچینه‌ی لامه‌ركه‌زی كارگێڕی بێت ، كۆماری عێراق بكرێت به هه‌ژده یه‌كه‌ی كارگێڕی سه‌ربه‌خۆی لامه‌ركه‌زییه‌وه به‌و پێیه‌ی عێراق له 18 پارێزگا پێكهاتوه، به‌ڵام به‌هۆی پێداگیری نوێنه‌رانی كورد له لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور ، چه‌سپێنرا كه سیسته‌می فیدراڵی له‌سه‌ر بنچینه‌ی مێژوویی و جوگرافیه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای خاك و مێژووی گه‌لانی عێراق دروستبوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم له ده‌ستور دیاریكراون هه‌روه‌ها چه‌ندین قانونی تر له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رچوون، به‌ڵام كێشه‌كانی جوگرافیا‌و دارایی و سامانی سروشتی له‌رووی واقیعیه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌بوون، هه‌رێم تۆمه‌تی مانه‌وه‌ی پاشماوه‌ی كلتوری ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی ئاراسته‌ی به‌غدا ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی ناوه‌ند تۆمه‌تی مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ئاراسته‌ی هه‌رێم ده‌كات و ده‌ڵێت هه‌رێم پیاده‌ی دسه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمێكی ناو یه‌ك ده‌وڵه‌تی فیدراڵی ناكات ، به‌ڵكو سنوری پسپۆری ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی تێپه‌ڕاندوه.كێشه‌كانی (خاك(جوگرافیا)،دارایی،سامانی سروشتی) وه‌كو سێ كێشه‌ی سه‌ره‌كی و ئاڵۆز به‌بێ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی ماونه‌ته‌وه.
بازنه‌ی كێشه دارایی و ئابورییه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان(1-3)
بۆ تێگه‌یشتن له كێشه‌كان و ڕێره‌وی چاره‌سه‌ر پێویسته ئه‌و راستیه به روونی ببینین كه له عێراق چه‌ند یاسایه و ڕێنماییه‌كی سه‌ره‌كی و گرنگ هه‌ن كه پێویسته به باشی لێیان تێبگه‌ین، ئه‌وانیش:
1: یاسای بودجه‌ی فیدراڵ:
واباوه بۆ هه‌موو ساڵێك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ ڕه‌شنوسی قانونی بودجه ده‌نگی له‌سه‌ر بدات كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و پاشان وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه ئاماده‌كراون.له‌ساڵی 2023 نه‌ریتێكی تازه‌یان داهێنا كه بودجه له جیاتی بۆ یه‌ك ساڵ ، بۆ سێ ساڵ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت ، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا چه‌سپێنرا كه ده‌بێت هه‌موو ساڵێك حكومه‌ت خشته‌كانی خه‌رجی و داهات كه‌جه‌وهه‌ری بودجه‌یه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بنێرێت.كێشه گه‌وره‌كه لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت،وه‌زاره‌تی دارایی وه‌كو لایه‌نی تایبه‌مه‌ند و پسپۆڕ ئه‌و پرۆژه‌ی قانونی بودجه ئاماده ده‌كات و پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنه‌كه‌ی به چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكی كارگێڕی ناوخۆی وه‌زاره‌تدایه و زۆربه‌ی ساڵ هه‌مان پرۆژه‌كه‌ی ساڵی رابردوو ده‌هێنن و هه‌ندێك ماده‌ی لاده‌به‌ن و هه‌ندێك ماده‌ی تازه‌ی تری بۆ زیاد ده‌كه‌ن . كاتێك پرۆژه‌كه ده‌گاته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ خۆێندنه‌وه‌و ده‌نگدان په‌سه‌ند ده‌كرێت، له‌راستیدا له‌رووی تیۆرییه‌وه راسته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ی یاساكه ده‌كات ،به‌ڵام له‌رووی واقیعیه‌وه هه‌ژمونی سه‌رۆك وه‌زیران به‌سه‌ر ئه‌ندامانی كابینه‌ی وه‌زیرانه‌وه به‌هێزه! راستر وایه بڵێن له‌روانگه‌ی واقیعیه‌وه پرۆژه‌ی بودجه پرۆژه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی و پلاندانانه. بێگومان ئه‌م سه‌رنجه به‌ره‌هایی راست نیه به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی راستیه‌كی تاڵه!.لێره‌دا پێویسته خاڵی به‌ندی رونكردنه‌وه بۆ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین:
1)پرۆژه‌ی قانونی بودجه به ڕێكارێكی ناوخۆی وه‌زاره‌تی داراییدا تێده‌په‌ڕێت .
2)وه‌زاره‌تی پلانان خشته‌كانی پرۆژه‌كان ناونوس ده‌كات .
3)له‌كه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌سته‌كان و پارێزگاكان پێشووتر بودجه‌ی پێشنیاركراوی خه‌مڵێنراو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی به‌رزده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌پێی پێویست گرنگی پێ ناده‌ن و هیچ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی له ناو پرۆژه‌ی قانونی بودجه‌دا نیه.
4)دادگای فیدراڵی بڕیارێكی ده‌كردوه كه به‌هۆیه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی قانونی بودجه سنورداركردوه ، به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگا په‌رله‌مان مافی نیه ده‌ستكاری بڕگه‌كانی پرۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی حكومه‌ت بكات ، ته‌نها مافی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌حكامه قانونیه‌كان قسه‌بكات ، ئه‌م بریاره لایه‌نی باش و خراپی هه‌یه، لایه‌نی باشی پرۆژه‌ی بودجه‌ی له بازاركردنی سیاسی په‌رله‌مان ده‌ربازكردوه كه پێشووتر گفتوگۆی ناو په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌نگده‌ران و ناوچه‌یی بوو ، مامه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌یی له‌گه‌ڵدا نه‌ده‌كرا، له‌لایه‌كی تر حكومه‌ت به‌رپرسیارێتی دارایی ده‌گرێته ئه‌ستۆ، ناكرێت حكومه‌ت پابه‌ندكردێت به ئه‌ركێكی دارایی كه دڵنیا نین حكومه‌ت توانای دارایی به‌و شێوه‌یه هه‌یه. لایه‌نی خراپی ئه‌م بڕیاره ده‌ستكراوه‌یی به حكومه‌ت به‌خشیوه.
5) كاتێك پرۆژه ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت ، راسته‌خۆ لیژنه‌ی دارایی وه‌كو لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند ئه‌ركه‌كه ده‌گرێته ئه‌ستۆ، پرۆژه‌ی بودجه له بازنه‌یه‌كی ته‌سكی لیژنه‌ی دارایدا ده‌مێنێته‌وه ، ته‌نانه‌ن هه‌ندێك له ئه‌ندامان په‌رله‌مان، رۆژێك یان چه‌ند رۆژێك پێش ده‌نگدان پرۆژه‌ی قانونه‌كه ، پرۆژه‌كان بۆ ده‌نێرن ! ئه‌مه ئه‌و راستیه روون ده‌كاته‌وه كه قانونی بودجه به ناو پرۆسه‌یه‌كی به‌رته‌سكدا تێده‌په‌ڕێت ،ره‌نگه گفتوگۆكان به‌سه‌ر چه‌ند ئه‌حكامێكی قانونی بن وه‌كو پشكی بودجه و مه‌سه‌له‌ی نرخی نه‌وت و چه‌ند شتێكی تر ، به‌ڵام سه‌دان مه‌سه‌له‌ی گرنگ هه‌ن كه به‌بێ ده‌نگی تێده‌په‌رن ، پاشان كه قانونه‌كه ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه ده‌نگی بێدادیی له هه‌رێم و به‌شێكی پارێزگاكانی عێراق به‌رز ده‌بێته‌وه.
6)له ئه‌سڵدا مادام پرۆژه‌ی قانونی بودجه ،قانونێكی فیدراڵیه‌و په‌یوه‌سته به ئابوری نیشتمانی وڵاته‌وه به پارێزگان و هه‌رێمی كوردستانه‌وه،پێویسته هه‌رێمی كوردستانیش مافی ناردنی راسپارده شایسته داراییه‌كانی خۆی بۆ حكومه‌تی فیدراڵ بنێرێت و لیژنه‌ی پیسپۆر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دروست بكرێ.
7)به گوێره‌ی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له ماده‌ی62 ده‌ستور ،ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێویسته قانونی بودجه و ژمێره‌ی كۆتایی ساڵانه بنێرێت بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی بڕیاردان له‌سه‌ریان.له‌م بڕگه مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ چه‌سپێنراوه ، جگه له قانونی بودجه ، مه‌سه‌له‌ی ژمێره‌ی كۆتایی(حسابی خیتامی) هاوشانی قانونی بودجه كراوه به ئه‌رك به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانه‌وه ،له ڕاستیدا قانونی بودجه قانونی خه‌مڵاندنه ، پێشبینكردنی سه‌رچاوه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی داهاتی ده‌وڵه‌ته له‌گه‌ڵ خه‌رجیه پێشنیازكراوه‌كان ، به‌ڵام ژمێره‌ی كۆتایی ، راسته‌قینه‌و فیعلیه ، به‌هۆیه‌وه بۆمان روون ده‌بێته‌وه كه له ساڵی رابردوو به فیعلی چه‌ند خه‌رجكراوه، چۆن خه‌رجكراوه ، ئه‌توانین بڵێین پرۆسه‌ی هاوتاكردنی قانونی بودجه‌یه(موتابه‌قه) كه به‌هۆیه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت وه‌زاره‌تی دارایی و حكومه‌ت پابه‌ند بوون به قانونی بوجه‌وه یان به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه جگه له‌و راستیه‌ی كه‌ژمێره‌ی كۆتایی پایه‌كی سه‌ره‌كی شه‌فافیه‌تی دارایی ده‌وڵه‌ته. به‌ڵام حكومه‌ته‌كانی پێشوو له‌گه‌ڵ ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستاش ژمێره‌ی كۆتاییان نیه! ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یی شه‌فافیه‌ت و چه‌سپاندنی قانون و به‌دیهێنانی داد كۆمه‌ڵایه‌تیه .
8) رائید فه‌همی كه پیشووتر وه‌زیر بوه‌و ئه‌ندامی په‌رله‌مان بوه‌و سكرتێری ئێستای حزبی شیوعی عێراقه ، له‌ساڵی رابردوو له دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی تۆماركرد، داوایكردبوو كه قانونی بودجه په‌سه‌ندنه‌كرێت، هه‌تاوه‌كو ژمێره‌ی كۆتایی پێشكه‌ش نه‌كرێت، دادگای فیدراڵی به بڕیاری ژماره(190/ فیدراڵی/2023 به‌شی یه‌كه‌می داواكه‌ی ره‌تكردوه به‌و بیانوه‌ی كه قانونی بودجه په‌یوه‌نده‌ی به ژیان و بژێوی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه‌و ناكرێ په‌سه‌ند نه‌كرێ، به‌ڵام بۆ مه‌سه‌له‌ی ژمێره‌ی كۆتایی حكومه‌تی پابه‌ند كردنی به پێشكه‌شكردنی ژمێره‌ی كۆتایی ساڵانه له‌هه‌مان كات هه‌ر به گوێره‌ی ده‌ستور دادگا حكومه‌تی پابه‌ندكرد به پێشكه‌شكردنی ره‌شنوسی قانونی ژمێره‌ی كۆتایی بۆ په‌رله‌مان به مه‌به‌ستی ده‌نگدان له‌سه‌ری. له ڕاستیدا هه‌تاوه‌كو ئێستا ژمێره‌ی كۆتایی پێشكه‌شنه‌كراوه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ته‌مومژو تاریكیه له‌سه‌ر قانونی بودجه.
2) قانون و ڕێنماییه‌كان ڕێنماییه‌كان ( ڕینمایی دارایی قانونی بودجه ، ڕێنمایی قانونی گرێبه‌ستی حكومی ).
قانونی بودجه و ڕێنماییه‌كانی ، قانونی گرێبه‌ستی حكومی و ڕێنماییه‌كانی،قانونی به‌ڕێوه‌به‌ردنی دارایی ده‌وڵه‌ت،
قانونی بودجه وه‌كو هه‌ر قانونێكی تر گشتگیره و حوكمی گشتی تیایه به‌پێی ماده‌یه‌كی قانونه‌كه ده‌سه‌ڵات به‌خشراوه به وه‌زاره‌تی دارایی ڕێنمایی پێ ده‌ربكات بۆ لایه‌نی جیبه‌جێكار كه خۆی ئه‌بینێته‌وه له وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و پارێزگاكان، داوده‌زگای ده‌وڵه‌ت پێویستیان به رونكردنه‌وه‌ی ورد هه‌یه هه‌تاوه‌كو بتوانن جێبه‌جێی بكه‌ن ، به‌مه ده‌ڵێن ڕێنمایی دارایی بۆ جێبه‌جێكردنی قانونی بودجه.له‌رووی بنه‌مای یاساییه‌وه، راسته نابێت ڕێنمایی ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌سڵی قانونه‌كه، به‌ڵام ئه‌مه قسه‌یه‌كی تیۆریه‌و له رووی كردارییه‌وه ڕێنمایی دارایی ئه‌گه‌ر له قانونه‌كه گرنگتر نه‌بێت كه‌متر نیه. دووباره ئه‌م كاره‌ش له بازنه‌ی داخراوی وه‌زاره‌تی دارایدایه.زۆربه‌ی كێشه داراییه‌كان بۆ هه‌رێم و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌ته فیدراڵیه‌كانیش ڕێنماییه داراییه‌كانه كه زۆربه‌ی كات ئه‌بنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م شایسته داراییه ته‌رخانكراوه‌كان .
له‌پاڵ قانونی گرێبه‌ستی حكومی ، ڕێنمایی جێبه‌جێكردنی قانونی گرێبه‌ستی حكومی هه‌یه. له راستیدا ئه‌م به‌شه‌یان تایبه‌ته به بواری پرۆژه‌كانی حكومه‌ت پشكی وه‌به‌رهێنانی بودجه،دوباره كاریگه‌ری راسته‌وخۆی به‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی شایسته داراییه‌كان بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان هه‌یه، قانونه‌كه و ڕێنماییه‌كان به تێروانینی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی نوسراون تێكه‌لاون له‌ڕێوشوێنی بیروكراتی درێژخایه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌ك بكه‌ین جگه له‌وه‌ی پێویسته ته‌رخانكردنی دارایی بودجه‌ت هه‌بێت، له هه‌مان كاتدا پێویسته ئه‌نجامدانی پرۆژه له‌گه‌ڵ قانونی گرێبه‌ستی حكومی و ڕێنماییه‌كانی هاوتابن ، به‌جۆرێكن له‌رووی تیۆریه‌وه زیاتر له چه‌ندین مانگی پێویسته هه‌تاوه‌كو رێوشوێنه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كه‌یت، جه‌وهه‌ری قانونه‌كه‌و ڕێنماییه‌كان له‌گه‌ڵ تێروانینی ده‌وڵه‌تی لامه‌ركه‌زی و پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی خێرا و ئاوه‌دانكردنه‌ی به‌په‌له‌ی وڵات ناگونجێت.
3) قانونی به‌ڕێوه‌به‌ردنی دارایی ده‌وڵه‌ت ژماره(6) ی ساڵی 2019:
ئه‌م قانونه داهێنانێكی سیاسی بوو، بۆ پرۆكردنه‌وه‌ی بۆشایی نه‌بونی قانونی بودجه ده‌ركرا، هه‌ندێك ساڵ به‌هۆی ناكۆكی سیاسی نه‌ده‌توانرا له په‌رمان قانونی بودجه په‌سه‌ندبكرێت،بۆیه ئه‌م قانونه‌یان داڕشت به‌و شێوه‌ی قانونێكی گشتی و هه‌میشه‌ییه ، به پێچه‌وانه‌ی قانونی بودجه كه ساڵانه‌یه، له‌لایه‌كی تر چه‌ند ئه‌حكامی خه‌رجی و داهاتی تیایه كه ده‌توانین وه‌كو ڕێبه‌رێكی دارایی سه‌یری بكه‌ین .
4) بریاره دادوه‌رییه‌كان(دادگای فیدراڵی و دادگای كارگێڕی)
هه‌موو ئه‌و قانون و ڕێنماییانه‌ی پێشووتر باسمانكرد هه‌ڵگری مانا‌و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازن ، بۆیه زۆرجار هاوڵاتیان و داوده‌زگاكان به ناچاری په‌نا بۆ دادگا ده‌به‌ن هه‌تاوه‌كو لێكدانه‌وه‌ی ماده‌كانیان بۆبكه‌ن، ئه‌كه جگه له تانه‌ی ده‌ستوری نه‌بونی ماده‌كانی ئه‌و قانونانه، له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌دان بریاری دادوه‌ری له‌لایه‌ن دادگای كارگێڕییه‌وه ده‌رچون كه په‌یوه‌ست به ژیانی دارایی و كارگێڕییه‌وه، كه‌واته له‌پاڵ بوونی قانون و ڕێنمایی هاوكات سه‌دان بڕیاری دادگاكانی فیدراڵی و كارگێڕیمان هه‌یه.
پوخته‌ی كێشه‌كان و پێشنیاری پێویست :(1-4)
1: به گوێره‌ی قانونی بودجه هه‌رێمی كوردستان پشكی به %12.67 هه‌یه، ئه‌مه‌ش پاش لێبڕینی به‌شی بودجه‌ی سه‌روه‌ری.له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه به‌رهه‌م بهێنێت و راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی بكات. له‌گه‌ڵ گێرانه‌وه‌ی داهاتی نانه‌وتی. ئه‌م كاره نه‌توانراوه جێبه‌جێ بكرێت ، یه‌كه‌میان كه‌رتی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانه‌و جۆری گرێبه‌ستی هاوبه‌شیه له به‌رهه‌مهێنان،له‌هه‌مان كات به گوێره‌ی ماده‌ی(12) برگه‌ی (ج) تێچووی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ته‌نها(6) شه‌ش دۆلاری ئه‌مریكیه.ئه‌مه‌ش مه‌رجێكی قورس و مه‌حاڵه كۆمپانیاكانی نه‌وت بتوانن به‌و نرخه نه‌وت ده‌ربهێنن، به‌م هۆیه‌وه هه‌رێم نه‌یتوانیوه ئه‌ركی سه‌رشانی جێبه‌جێبكات ، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ده‌ڵێت هه‌رێم پابه‌ندی قانونی بودجه نه‌بوه‌و پشكی بودجه‌ی بۆ نانێرین . له‌لایه‌كی تر هه‌رێم به ناچاری داهاتی ناوخۆی نا نه‌وتی به‌كارهێناوه بۆ كاری بودجه‌ی به‌كاربردن و هه‌ندێك له پرۆژه‌كان و كورتهێنانی موچه.
2: دادگای فیدراڵی بریاری ژماره (224) یه‌كخستوه‌كانی 269/فیدراڵی / 2023. ی ده‌ركردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی موچه ، بڕیاره‌كه‌ی دادگا زۆر گشتگیر و دورو درێژ و فراوان و هه‌مه لایه‌نه‌یه، جه‌وهه‌ره‌كه‌ی مه‌سه‌له‌ی موچه‌ی سه‌ربه‌خۆ كردوه له قانونی بودجه ، له راستیدا ئه‌م بابه‌ته دو لایه‌نه‌یه ، لایه‌نی باشی دابڕینی موچه‌یه له پرسی و سیاسی و قانونی بودجه، لایه‌نی خراپی پشكی هه‌رێمی كوردستانی كورت كردۆته‌وه بۆ موچه، ئه‌مه له كاتێكدا موچه بڕگه‌یه‌كی بودجه‌یه، هه‌رێمی مافی وه‌رگرتنی پشكی بودجه‌ی هه‌یه كه خۆی ئه‌بینێته‌وه له به‌شه‌كانی به‌كاربردن(موچه) و وه‌به‌رهێنان (پرۆژه‌كان) و گه‌شه‌پێدانی پارێزگاكان و چه‌ندین بڕگه‌ی تر ، به‌ڵام ئێستا بودجه‌ی هه‌رێم له پشكی شایسته‌ی خۆی كورتكراوه‌ته‌وه بۆ موچه ، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی مافی دارایی هه‌رێم و قانونی بودجه‌ی فیدراڵه .
3: قانونه‌كانی بودجه و گرێبه‌ستی حكومی و به‌ڕێوه‌به‌ردنی دارایی ده‌وڵه‌ت و ڕێنماییه‌كان و بریاره‌كانی دادگاكانی فیدراڵی و كارگێڕی ، گێژاوێكی یاسایی دروستكردوه ، هه‌ر لایه‌ن و ده‌سته‌یه‌ك به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و تێگه‌یشتنی خۆیان لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ، به جۆرێك باسی بابه‌تێك ده‌كه‌یت، ماده‌یه‌كی قانونیت بۆ په‌یدا ده‌كه‌ن كه مه‌سه‌له‌كه ره‌تده‌كاته‌وه، پاش ماوه‌یه‌كی تر بڕیارێكی دادگای كارگێڕیت بۆ ده‌هێنن كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی پێشوو ده‌سه‌لمێنێت. له راستیدا تێكه‌ڵه‌و گێژاوێكی یاسایی و ڕێنمایی دروستبوه كه مامه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌یی و بابه‌تی له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن.
4: هه‌رێمی كوردستان قانونی بودجه‌ی نیه ، به‌و پاساوه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردنی بودجه‌ی هه‌رێم فیدراڵه‌و ئه‌وانیش پشكی بودجه نانێرن، له راستیدا هه‌رێم له نێوان دوو بژارده‌دایه، یه‌كه‌میان قانونی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بكات هه‌تاوه‌كو باوه‌ڕ و متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ستبهێنێت له لایه‌كی تر پێگه‌ی یاسایی هه‌رێم بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ به‌هێز ده‌كات،بژارده‌ی دووه‌میان په‌سه‌ندی قانونی بودجه‌ی فیدراڵ بكات له‌ڕێگای په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌ش خۆی ڕزگارده‌كات له‌و بۆشاییه یاساییه‌ی كه هه‌یه‌تی .
5: نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا به شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌رقاڵی بازاركردنی سیاسین و خۆیان به ده‌ركه‌وتنی میدیایی له كوردستانه‌وه سه‌رقاڵكردوه‌و له‌جه‌وهه‌ری كاره‌كه‌ی خۆیان دووركه‌وتونه‌وتوه، ساڵانه سه‌دان داوای یاسای له دادگاكانی فیدراڵ و كارگێری تۆمار ده‌كرێن ، به‌ده‌گمه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی كورد، یان كاربه‌ده‌ستێكی كورد سكاڵای كردبێت ، ده‌توانرا لۆبیه‌كی یاسایی و رای گشتی دروست بكرێت ، ده‌توانرا له ڕێگاكانی دادگا و پرسیاركردنی په‌رله‌مانی و كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای 25 ئه‌ندام وه‌زیر رووبه‌رووی لێپێچینه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ڵام هیچی نه‌كراوه، به‌ڵكو له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی هه‌رێمه‌وه سه‌رقاڵی یه‌كتر شكاندن و خۆهه‌ڵكێشانن!
6: زه‌مینه‌ی سیاسی دروستبكرێت ،هه‌تاوه‌كو قانونی نه‌وت و گاز له‌په‌رمان ده‌ربچێنرێت،ئه‌مه وه‌رچه‌رخانێكی دارایی و سیاسیه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
7:خه‌ڵكی به توانا لێوه‌شاوه‌و نیشتمانپه‌روه‌ر بۆ به‌غدا بنێرن ، به‌شی زۆریان كێشه‌كانی زمان زانین و رۆشنبیری گشتی و یاسایی و تێگه‌شینی كاری ده‌وڵه‌تیان نیه.
8: گۆرانكارییه‌كی جه‌وهه‌ری له عێراق روویداوه، جاران به هۆیه‌كانی شه‌ڕی تایفیی و تیرۆره‌وه كێشه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم له ڕێگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی سیاسی چاره‌سه‌ر ده‌كران ، ئیستا ئه‌مه كۆتایی پێ هاتوه، داوده‌زگای ده‌وڵه‌ت بوژاونه‌ته‌وه، گۆرانكارییه‌كی سه‌ره‌كی دروستبوه ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و بیرۆكراتی سه‌رپێی خۆی كه‌وتوه، راسته هێشتا ده‌وڵه‌تی قوڵ هه‌یه، به‌ڵام دا‌و ده‌زگاكانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دادگاكانی كارگێری و فیدراڵی چالاك بونه‌وه، لێكتێگه‌یتشنی سیاسی نرخی نه‌ماوه، مه‌سه‌له‌كان بوون به یاسا و به‌رگی دامه‌زراوه‌یی پێوه كراوه ، بۆیه پێویسته هه‌رێم له‌م راستیه تێبگات كه ده‌بێت به لۆژیكی ده‌وڵه‌تداری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی فیدراڵ گفتوگۆبكات، به پێچه‌وانه‌وه لۆژیكی نا ده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت كاری پێ ناكرێت.
9: میدیای نیشتمانیی به‌رپرسیار كێشه‌یه‌كی تری سه‌ره‌كیه ، به‌هۆی ناكۆكی حزبی ، دونیای میدیای كوردیی بۆته پارێزه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ دژی مافی گه‌له‌كه‌ی خۆی قسه ده‌كات ، به‌و پاساوه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یه، به‌ڵام پاراستنی مافی هه‌رێكی ئه‌ركێكی نیشتمانی و سه‌ره‌كی هه‌موو لایه‌كه.
نووسه‌ر
بڵاوکردنەوە