دامەزراوەی ڤیژن پرسی ئەنفال لەگەڵ سەرکونسڵی ئەرمینیا تاوتوێ دەکات

2 تشرینی دووەم 2025

ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠٢٥/١١/٢ شاندێکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی سەردانی کونسڵخانەی ئەرمینیایان کرد لە شاری هەولێر. لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەڕێز رافایل مۆڤسیسیان سەرکونسڵی ئەرمینیا گفتوگۆیەکی چڕ کرا دەربارەی هەردوو کارەساتی جینۆسایدی ئەرمەن و کورد و شێوازی سودبینین لە هەوڵ و ئەزمونی ئەرمەنییەکان لە ناساندن و برەودان بەو کارەساتەی روبەرویان بووتەوە.
دامەزراوەی ڤیژن لەو دانیشتنەدا، ئاماژەیان بەوەدا کە دەیانەوێت بە سود بینین لە ئەزمونی ئەرمەنییەکان، کارێکی زانستیانەی جیاواز لەسەر تاوان و کارەساتی ئەنفال بکەن، بە مەبەستی ناساندنێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەو تاوانە و هەوڵدان بۆ ناساندنی وەک جینۆساید لە ئاستی جیهاندا، هەروەها کارکردن لەسەر هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر قوربانیان و کەسوکاریان لەلایەن عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە.
لای خۆیەوە، سەرکونسڵی ئەرمینیا ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ دروستکردنی هەماهەنگی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەنێوان ئەرمینیا و هەرێمی کوردستاندا.