توێژینەوەیەک دەربارەی هەناردەکردنی هەنار ئاڕاستەی ناوەندەکانی بڕیار دەکرێت

30 تشرینی یەکەم 2025

لە نوێترین هەنگاویدا، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، توێژینەوەیەکی دەربارەی چۆنێتی هەناردەکردنی بەرهەمی هەناری پارێزگای هەڵەبجە ئامادەکردووە و ئاڕاستەی ناوەندەکانی بڕیاری دەکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
توێژینەوەکە سەرجەم قۆناغەکانی رنین، گواستنەوە، کۆگاکردن و پاکێجین و هەناردەکردنی لەخۆی گرتووە و ئەو وڵاتانەشی دەستنیشان کردووە، کە دەتوانرێت هەناری پارێزگای هەڵەبجەی بۆ هەناردە بکرێ، کە خۆیان لە وڵاتانی (کەنداو و ئەوروپا) دەبیننەوە، هاوکات هەموو ئەو پێویستیانەشی دەستنیشانکردووە، کە پێویستن بۆ هەر پڕۆسەیەکی هەناردەکردنی بەرهەمی هەنار، کە کۆمەڵک رێکاری یاسایی و زانستی و لۆجستی لەخی دەگرێت.
توێژینەوەکە لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ئاڕاستەی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە، وابڕیارە لە داهاتووێکی نزیکدا پێشکەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و پارێزگای هەڵەبجە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکرێت.
ئەو نەخشە رێگایەی کە لە توێژینەوەکەدا پێشنیازکراوە، دەبێتە هەنگاوێک بۆ پالپشتی کردنی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆیی هەنار و دەستپێشخەری گرنگیشی پێشکەش کردووە بۆ بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی کەڵکی هەناردەکردنیان نییە، کە دەتوانرێت لە پیشەسازی خۆراکی ناوخۆیدا سوودیان لێ وەربگیرێتەوە.