سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی ڤیژن دەکات

3 ئەیلوول 2025

بەڕێز د.عبداللطیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و شاندی یاوەری کرد.

سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی دیدارەکەدا جەختی لە پێویستی چالاککردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردەوە و تیشکی خستەسەر گرنگی جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ئەنجامی توێژینەوەکان، کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە، لە هەموو بوارەکاندا ئەنجام دراون.

د.عبداللطیف جەمال ڕەشید باسی لە گرنگی دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیری عەرەبی – کوردی کردەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکاری نێوان کولتوورە عەرەبی و کوردییەکان و دروستکردنی پردی هاوکاری نێوان ڕۆشنبیران و نووسەران، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بزووتنەوەی ڕۆشنبیری لە وڵاتدا دروست دەکات.

لای خۆیەوە عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ پاڵپشتی سەرۆکی کۆمار، ئاماژەی بە کاروچالاکیەکانی دامەزراوەی ڤیژن کرد، کە خۆیدەبینیتەوە لە ئەنجامدانی توێژینەوە و پێشکەشکردنی پەڕاوی سیاسەتەکان (پۆڵەسی پەیپەر) بۆ ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

 

sarok komar_1