کاریگەرییەکانی زانیاریی ناڕاست لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن گفتوگۆی لەبارەوە کرا

28 تەممووز 2025

بە ئامادەبونی نوێنەرانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەندیکای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ و یاساناس و چەند شارەزاو پسپۆڕێک، فۆکەس گروپێک لە دامەزراوەی ڤیژن تایبەت بە "زانیاریی ناڕاست و چەواشە و گوتاری رق و کینە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا" بەڕێوەچوو. 

لە گفتوگۆیەکدا، باس لە سەرچاوە و فۆڕمەکانی زانیاریی ناڕاست و چەواشە کرا کە زۆرجار لەسەر ئاستی حیزب و تاکەکەس و کەناڵی راگەیاندن و رێکخراو و چەندین دەزگای دیکەدا لەڕێی سۆشیال میدیاوە بڵاو دەکرێنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا سۆشیال میدیا وەک سەرچاوەی سەرەکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشە باسی لێوە کرا و کاریگەرییەکانی خرانەڕو بەتایبەت بۆ سەر متمانەی دەنگدەر لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.

دواتر چەندین پێشنیارو راسپاردە لەلایەن بەشداربوانەوە خرانەڕوو وەک ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لەڕێی ناوەندە پەروەردەییەکان و هەروەها دانانی رێبەر و رێنمایی پێویست بۆ رۆژنامەنوسان لەلایەن رێکخراو و سەندیکاکان و گرتنەبەری چەندین میکانیزمی دیکەی پێویست. 

ئامانجی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ئەنجامدانی ئەم فۆکەس گروپە، ئامادەکردنی توێژینەوەیەکە لە شێواندنی زانیارییەکان و بڵاوبونەوەی وتاری رق و کینە، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا. دواتر لەسەر بنەمای داتاو پێشنیاز و گفتوگۆکان، پلانی کرداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بۆ ناوەندەکانی  بڕیار دەخرێنە روو. 

Focus-group-1

Focus-group-2

Focus-group-3

Focus-group-4

Focus-group-5

Focus-group-6

Focus-group-7

Focus-group-8

Focus-group-9

Focus-group-10