سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر عێراق

2025-05-22

نوسەر : عەلی کوردستانی

ئیدارەی ترەمپ وەکو هەر ئیدارەیەکی تری ئەمریکا پابەندە بە پەیوەندیە سیاسی، ئابووری، دبلۆماسی و ئەمنیەکانی لەگەڵ عێراقدا، بەڵام عێراق یەکێک نیە لەئەولەویەتەکانی ئەجێندای ئیدارەکەی ترەمپ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەولەویەتی ئیدارەی ترەمپ زیاتر بابەتی مەلەفی ئەتۆمی ئێران، کۆتایهێنانی جەنگی غەزە، بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ ووڵاتانی کەنداون. 

سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە عێراق زیاتر لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکادایە بەرامبەر بە ئێران بە تایبەت کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت کەناڵەکانی پەیوەندی دارایی ئێران لە عێراق ببڕێت وگرووپەکانی نزیک لە ئێرانیش جڵەوبکرێن. بۆیە هەر گۆڕانکاریەک لەسیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەرئێران بەتایبەت کە لەئێستادا گفتوگۆکانی ئێران وئەمریکا بەردەوامن راستەوخۆ کاردەکاتە سەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە عێراقیش. لەهەمان کاتیشدا بابەتێکی سەرەکی تر بۆ ئیدارەکەی ترەمپ لە عێراقدا زیادکردنی وەبەرهێنانی ئەمریکی وکەمکردنەوەی نفووزی ئابووری چین ورووسیایە لەعێراقدا.

لەم شرۆڤەیەدا زیاتر لەسەر هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی نفووزی ئێران لە عێراق و پەیوەندیە ئابووریەکانی عێراق وئەمریکا قسە دەکەین. 

جڵەوکردنی گرووپەکانی نزیک لە ئێران

لە ناوئیدارەی ترەمپ و ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکاشدا کە زۆرینە بەدەست کۆماریەکانەوەیە وابیردەکەنەوە کە پێویستە سنوور بۆ نفووزی ئێران لە عێراق دابنرێت و کۆتایی بە گرووپە نزیکەکانی ئێران بهێنرێت لەرێگەی فشاروسزای ئابووری وهەروەها ئەگەر پێویستیش بکات لە رێگەی کردەوەی سەربازی. داوای سەرەکی ئیدارەی ترەمپ لە حکومەتی عێراقی ئەوەیە کە جڵەوی گرووپە چەکدارەکان بکات کە بە بەرەی مقاوەمە ناسراون وحەشدی شەعبیش بەتەواوی بخاتە ژێرکۆنترۆڵی خۆیەوە. 

لە مانگی¹ ئازاردا باڵوێزی ئێران لە عێراقدا محەمەد سادق کازم رایگەیاند کە ''ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ تاران داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام ئەم گرووپە یاساین و بڕیاربۆ حکومەتی عێراقە ئاخۆ هەڵیدەوەشیننەوە یان نا''.

لە ٣ نیسانی² ئەمساڵدا دوو کۆنگرێسمانی ئەمریکی جۆ ویڵسۆن (کۆماری) جیمی پانێتا (دیموکرات)  لە رێگەی پرۆژە یاسایەکەوە داوای رزگارکردنی عێراق لە ئێران دەکەن بەوەی کە ''کۆتایی بە گرووپەکانی سەر بە ئێران بهێنرێت و هەیمەنەی ئێرانیش بەسەر سیستمی سیاسی عێراق کۆتایی پێبهێنرێت. داوای وەستاندنی هاوکاریەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق دەکەن تا ئەو کاتەی کە گرووپەکانی سەر بە ئێران هەڵبوەشێنێتەوە لە نێویشیاندا حەشدی شەعبی و لە سیاسەت و حوکمڕانی عێراق دوور بخرێنەوە. داواش دەکەن ئیدارەی ئەمریکا زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە بخاتە لیستی تیرۆرەوە.''

لە دوای فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی عێراق، لەئێستادا پرۆژە یاسایەکی نوێ لە پەرلەمانی عێراقە بۆ رێکخستنەوەوتێکەڵکردنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە دامەزراوە فەرمیە ئەمنی وسەربازیەکانی عێراق. تەحەدی گەورە لەبەردەم حکومەتی عێراقیدا گرووپەکانی سەربەمقاوەمەن وەکو حزبوڵای عێراقی، نوجەباو سەید شوهەداو ئەوانی تر کە ئامادەنین خۆیان هەڵبوەشێننەوەو ببنە بەشێک لە هێزەفەرمیەکانی عێراق. بەڵام بەدەر لەهێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وبنکەکانی ئەمریکا لە سوریا لەساڵی ٢٠٢٤ دا، حکومەتی عێراقی تاڕادەیەکی باش خۆی پاراست لە تێوەگلان لە جەنگ وناکۆکیەکانی ناوچەکە لە غەزە، لوبنان، سوریاویەمەن. حکومەتی عێراق ئێستاش لەهەوڵدایە نەبێتە بەشێک لە ناکۆکیەکان بەتایبەت نێوان ئەمریکاوئێران، ئیسرائیل وئێران بۆ ئەوەی پارێزراوبێت لە هێرشی سەربازی و سزای ئابووری.

ستراتیژی ئیدارەی ترەمپ دژ بەنفووزی ئێران لە عێراقدا لە خولی یەکەمیشدا پەیڕەوکراوە بەتایبەت کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەبەرواری ٣ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ کە دوای ئەوەش راستەوخۆ پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکای پەسەند کردو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەئێران دەستیان بە هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق وسوریا دەستپێکرد. 

زۆرجار گرووپەکانی حەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمەش کۆتایهێنان بە چالاکیەکان وخۆهەڵوەشاندنەوەیان دەبەستنەوە بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا وزۆرجاریش داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە کەکار بۆ کۆتایهێنان بەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان بکات. لە ئەیلولی³ ٢٠٢٤ دا عێراق و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بە دوو قۆناغ کۆتایی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بێنن لە قۆناغی یەکەمدا هێزەکان تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ لەعێراقی فیدراڵدا بکشێنەوە وبەشێکی تریشیان کە بۆ ناردنی پشتگیری سەربازی هێزەکانیان لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا لە بنکەکانی سنووری هەولێر دەمێننەوە و لە قۆناغی دووەمدا لە ئەیلولی ٢٠٢٦ دەست بەکشانەوە بکەن. 

تا ئێستا ئیدارەی ترەمپ لە خولی دووەمیدا کە زیاتر لە ١٠٠ رۆژە دەست بەکاربووە بە فەرمی هیچی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نەووتووە. لە خولی یەکەمیدا ترەمپ  ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق کە نزیکەی ٥٢٠٠ سەربازبوون کەمکردەوە بۆ ٢٥٠٠ سەرباز. بەرپرسانی حکومەتی عێراقی وتەنانەت سەرکردەکانی حەشدی شەعبیش لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدو گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە لە ترسی گەڕانەوەی داعش وبەهێزبوونەوەی سووننە لە عێراقدا داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناکەن ویەکێک لە ئەگەرەکانیش ئەوەیە کە رەنگە حکومەتی عێراقی داوای درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکات.   

فەرمانی دەستگیرکدنی ترەمپیش کە پێشتر لە یەکێک لە دادگاکانی عێراقەوە لە ٧ کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەرچووبوو لە دوای دەرچوونەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەم ئەم فەرمانە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە هەڵوەشایەوە. لە ٢٦ شوباتی4 ئەمساڵدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ووڵاتانی تر لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە لە دژی ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی ئینتقالی سوریا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و جۆ ویلسۆن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رەت کردەوەو بەپروپاگەندە ناوزەدیان دەکات.     

داخستنی کەناڵی دارایی ئێران

ئابووری عێراق بەتەواوی بەستراوە بە ئەمریکاوە ئەمەش بەهۆی ئەوەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق کە بەدۆلار دەفرۆشرێت راستەوخۆ داهاتەکەی ساڵانە لە نێوان ٩٠-١٠٠ ملیار دۆلار دەچێتە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لە نیویۆرک و دواتر دەگواسترێتەوە بۆ سەربانکی مەرکەزی بەغدا. بۆیە ئەمریکا زۆر بەلایەوە گرنگە ئێران بەهیچ جۆرێک لە دۆلاروداهاتی عێراق سوود مەندنەبێت.

  دوای دوو هەفتە لەدەست بەکاربوونی ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا بۆ خولی دووەم، لە بەرواری ٤ شووباتی ٢٠٢٥ یاداشتی سەرۆکایەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئیمزا کرد کە تایبەت بوو بە سەپاندنی زۆرترین فشار لەسەر ئێران لە یەکێک لە خاڵەکاندا5  داوادەکات کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری خەزێنە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە هەنگاوی خێرا بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سیستەمی دارایی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بۆ خۆدزینەوە و فێلکردن لە سزاکان بەکارنەهێنرێت. 

ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر ئەوەدەکات کە عێراق سوودی ئابووری بۆ ئێران نەبێت وپەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان ئێران و عێراق لاوازبکات. بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بانکی مەرکەزی لە بەغدا چاکسازی بکات وبەتەواوی کۆنترۆڵی جوڵەی دۆلار لەناوخۆی عێراقەوە بۆ دەرەوە بکات. بڕیاری کۆتایهێنان بە هاوردەکردنی غازی ئێرانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو کە ئێران دۆلاری دەست نەکەوێت. لە بەرواری ٩ ئازار ئەمریکا کۆتایی بە بەخشینی عێراق لە سزاکان هێنا کە ڕێگەی بە عێراق دا کارەبا لە ئێرانی دراوسێ بکڕێت .لە بەیاننامەیەکدا6  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت بڕیاری نوێنەکردنەوەی بەخشینەکە بۆ ئەوە دراوە کە “دڵنیابین لەوەی ئێمە ڕێگە بە ئێران نادەین بە هیچ  بووژانەوەیەکی فریاگوزاری ئابووری و دارایی بەخۆوە ببینێت.'

لە ئێستادا7 بەغدا بەپێی پێویستییەکانی ڕۆژانە تا 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێران وەردەگرێت. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت عێراق ساڵانە 4-5 ملیار دۆلار دەداتە ئێران بۆ هاوردەکردنی غاز. بەدەر لە بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ عێراق بەردەوامە لە هاوردەکردنی غاز بۆیە هەوڵەکان لە ناو ئیدارەی ترەمپ بەردەوامن بۆ فشار خستنە سەر عێراق. لە ١ نیسانی 8 ئەمساڵدا گرووپێک لە ئەندامانی کۆماری کۆنگرێس پرۆژە یاسایەکیان پێشکەشکرد بۆ سزادانی حکومەتی عێراقی بە هۆی هاوردەکردنی غازی ئێرانەوە. 

 لەسەردەمی ئیدارەی بایدنیشدا فشاری دارای لەسەر عێراق هەبوو بەهۆی ناردنی دۆلار لەبانکەکانی عێراقەوە بۆ ئێران  لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ بانکی مەرکەزی عێراق ١٤ بانکی عێراقی سزادا کە چیدی نەتوانن دۆلای ئەمریکی بکڕن ئەمەش بەهۆی فشارەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە بۆ رێگریکردن لە بردنی دۆلار بۆ ئێران.

پەیوەندی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا

ئیدارەی ترەمپ زۆر گرنگی بە بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی وئابووری لەگەڵ عێراق دەدات. سەرەڕای ئەوەی لە ٥ نیسانەوە بەرێژەی لە %٣٩ باجی خستە سەر هەر بەرهەمێکی عێراقی کە هاوردەی ئەمریکا بکرێت بەڵام ئەمە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ناگرێتەوە. بۆیە باجەکانی ئەمریکا کاریگەریەکانی ئەوتۆ ناکەنە سەر ئابووری عێراق جگەلەوەی بەهۆی شەڕی ئابووری ئەمریکاوچینەوە نرخی نەوت هەندێک دابەزیووە ئەمە زیاتر کاریگەری راستەوخۆی بۆ سەر ئابووری عێراق دەبێت. 

لە مانگی9 نیسانی گەورەترین شاندی بازرگانی ئەمریکا کە بەگەورەترین شاندی بازرگانی ئەمریکا دادەنرێت لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا بۆ عێراق بە نوێنەرایەتی 60 کۆمپانیا سەردانی عێراقیان کرد بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری ئابووری لەگەڵ کەرتی تایبەت لە بوارەکانی ووزە، تەندروستی وتەکنەلۆجیا. 

بەگوێرەی نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکا لە عێراق، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی کاڵا لەگەڵ عێراق لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 9.1 ملیار دۆلار و هەناردەی ئەمریکاش بۆ عێراق یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە.

لە خولی یەکەمیشدا ئیدارەی ترەمپ گرنگی زۆری بە بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکادا، لە مانگی ئابی ٢٠٢٠دا پێنج کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار لەگەڵ وەزارەتەکانی نەوت وکارەبای عێراق ئیمزاکرد.  

کۆتایی 

-سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە چوارساڵی داهاتوودا بە گشتی چوارچێوەی سیاسەتی ئیدارەکەی بەرامبەر ئێران دەبێت، بۆیە ئەگەری رێککەوتن یان بژاردەی شەر لەگەڵ ئێراندا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ئەمنی، ئابووری، دبلۆماسی و سیاسی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر عێراق دەبێت.

- ئەگەر ئێران وئەمریکا بگەنە رێککەوتن ئەوا کاریگەری ئیجابی بۆ عێراق دەبێت لە رووی کەمکردنەوەی فشارەکان، دوورخستنەوەی ئەگەری هێرشی چەکداری ئەمریکا یان ئیسرائیل، وە بەهۆی دوورخستنەوەی دەستوەردانی ئێران، عێراق زیاتر دامەزراوەکانی بەهێزتروسەربەخۆتردەبن.

-تا ئەوکاتەی حکومەتی عێراق گرووپەکانی مقاوەمە بە تەواوی جڵەوناکات وحەشدیش نەخاتە تەواو ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە لەناودامەزراوەکانی دەوڵەتدا مەترسی سزای ئابووری ودارایی ئەمریکا بۆ سەر کەسایەتی و دامەزراوە عێراقیەکان دەمێنێت. لە هەمان کاتیشدا هەر جۆرە هێرشێکی نوێی گرووپەکانی مقاوەمە بۆ سەر هاوپەیمانان یان ئیسرائیل ئەگەری مەترسی هێرشی سەربازی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران دروست دەکاتەوە.
 
[1] https://ifpnews.com/iran-envoy-to-iraq-dissolution-of-pmu-up-to-iraqi-officials/
[2] https://www.congress.gov/bill/119th-congress/house-bill/2658/text
[3] https://breakingdefense.com/2024/09/us-announces-coalition-mission-in-iraq-to-end-by-2025-but-not-withdrawing/
[4] https://shafaq.com/en/Iraq/Iraq-s-Judiciary-denies-arrest-warrants-against-foreign-leaders
[5] https://www.whitehouse.gov/presidential-actions/2025/02/national-security-presidential-memorandum-nspm-2/
[6] https://www.aljazeera.com/news/2025/3/9/us-ends-sanctions-waiver-for-iraq-to-buy-electricity-from-iran
[7] https://www.reuters.com/business/energy/after-us-move-iraq-iran-power-trade-baghdad-looks-replace-iranian-gas-2025-03-10/
[8] https://www.congress.gov/bill/119th-congress/house-bill/2574/text
[9] https://www.newarab.com/news/us-sends-largest-trade-mission-iraq-boost-economic-ties