2025-05-19
لەنێوان رۆژانی ١٧-١٩ی مانگی ئایار کۆڕبەندی ساڵانەی دیالۆگی تاران ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت کە بڕیاردەرانی باڵا، دیپلۆماتکاران و سەرکردەو بیرمەندەکان لە سەرانسەری ئاسیا و ئەوروپا (ئەوراسیا) کۆدەکاتەوە، کۆڕبەندەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تاوتوێکردنی ئاسایشی ناوچەکە، گەشەپێدانی ئابووری و میکانیزمەکانی هاوکاریی فرەلایەنە لەتەوەرە سەرەکیەکانی دیدارەکەن، تێیدا نوێنەری زیاتر لە 50 وڵاتی ناوچەکە بەشداردەبن، لەوانەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی. دیدارەکە گفتوگۆو پانێڵ و وۆرک شۆپ و دانیشتنی تایبەتی لەخۆدەگرێت کە تیایدا تیشک دەخرێتە سەر پرسە جیۆپۆلیتیکیە هەنوکەییەکان، لە ئاسایشی وزەوە تا ئاڵوگۆڕی کولتووری.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی (VFSS) تاکە ناوەندی لێکۆڵینەوەی هەرێمی کوردستانە کە بەفەرمی بانگهێشتکراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە، عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەکە بە نوێنەرایەتی ڤیژن و لەچوارچێوەی دیدارەکەدا پەیوەندی بە وەزیرەکان و بەرپرسانی باڵا و ئەکادیمییە دیارەکانەوە کرد بۆ ناساندنی زیاتری کارو چالاکیەکانی دامەزراوەکە.
هەر لەمیانی بەشداریکردنی سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن لە کۆڕبەندەکەدا، چاوی کەوت بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لە دانیشتنێکدا باس لە گرنگی بەشداری دامەزراوەکانی هەرێم کرا لەم بۆنەو دیدارە ناوچەیی و جیهانییانەدا، لای خۆیەوە بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ڤیژن وەک یەکەم دامەزراوە لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارە لەم کۆڕبەندەدا. لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن، بەشێک لە پلان و ستراتیجی کارکردنی دامەزراوەکەی بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێم رونکردەوە، بەڕێزیان لای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەبونی دامەزراوەیەکی لەوجۆرە لەشاری سلێمانی و بەڵێنی پشتیوانی و هەماهەنگی پێدان.
ئەم کۆڕبەندە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەسەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بە هاوبەشی لەگەڵ چەند دامەزراوەیەکی پێشەنگی توێژینەوە دەستیپێکرد و ئامانجی پەرەپێدانی لێکتێگەیشتنی ناوچەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و پێشکەشکردنی ڕێنمایی سیاسەتی کردارییە بۆ ناوچەکە.
بڵاوکردنەوە