2025-03-20
رۆژی پێنج شەمە ٢٠٢٥/٣/٢٠ لەشاری سلێمانی و لە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بە ئامادەبونی زیاتر لە ٣٠ کەسایەتی ئەکادیمی و بەرپرسی باڵای دامەزراوە حکومی وناحکومیەکان و کلتورکاران، گفتوگۆیەکی کراوە رێکخرا بۆ راگەیاندنی پرۆژەیەکی گرنگی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی بە ناونیشانی (چیرۆکی کوردبون، لە نێوان بێدەوڵەتی و دروستکردنی کاریگەری نێودەوڵەتیدا، دیپلۆماسی کلتوری وەک رێگە چارە) .
ناونیشانی سەرەوە بریتی بو لە تێزی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی (سۆران نەقشبەندی) هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەبواری دیپلۆماسی کلتوری بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆی کاتۆلیکا لە رۆمای وڵاتی ئیتالیا.
لەسەرەتای بۆنەکەدا وتەی عەدنان عوسمان سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن پێشکەشکرا، کە تایبەتبوو بە گرنگیی پاڵپشتیکردنی پرۆژەیەکی درێژخایەن لەبواری کلتوریدا بۆ نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد. دواتر توێژەر لە سێمینارێکدا کێشەی توێژینەوەکە و ئەنجامە سەرەکیەکانی بۆ ئامادەبوان خستەروو، پاشان پرۆژەیەکی پێشکەشکرد تاکو بکرێتە بنەمای کارکردنی دامەزراوەکە بۆ لۆبیکردن و دروستکردنی کۆدەنگی بۆ پێشخستنی ئاستی نەتەوەی کورد لەسەر شانۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
پرۆژەکە پێکدێت لەپلان و ستراتیژی درێژخایەن لەوانەش بەکارهێنانی ئیندێکس و چوارچێوە نێودەوڵەتیەکانی وەک ئیپسۆس و ئانهۆڵت بۆ پێوانی ئاستی زیندویەتی نەتەوەکان لەبوارە ژیاریە جیاجیاکاندا، هەروەها کار بۆ ئەنجامدانی لۆبی گشتگیر بۆ دروستکردنی براندی نەتەوەیی بۆ کورد لەسەرئاستی جیهان.
وا بڕیارە بۆ ئەم بابەتەکە لەنزیکترین کاتدا هەمان دانیشتن و گفتوگۆ لەهەولێری پایتەخت ئەنجامبدرێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و هەلی کارکردنی هابەشی دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکان لەبواری دیپلۆماسی کلتوری، و براندینی نەتەوەیی بۆ کورد لەسەر ئاستی جیهان.
لەکۆتاییدا، بەشداربوان بەدرێژایی چوار کاتژمێر گفتوگۆی بابەت و راسپاردەکانیان کردو کۆدەنگبون لەسەر پشتگیریکردنی پرۆژەکەو هاوبەشبون لەسەرخستنیدا.
بینەری سەرجەم گفتوگۆکان بن : https://youtu.be/-4qo4T2jiYU
بڵاوکردنەوە