2025-03-09
توێژەر : ئارام جەمال, چۆمان محەمەد, کاروان کاظم, ئەحمەد عەلی
ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا یاسای پارێزگاکان و یاساکانی دیکەی پەیوەندیدار بە لامەرکەزیی کارگیڕیی کتومت وەکخۆشیان جێبەجێبکرێن، هێشتا ناتوانن لامەرکەزیی کارگێڕیی پێگەیشتوو بەرجەستەبکەن، لەبەرئەوەی یاسا و دامودەزگا و دامەزراوە کارگێڕیی و سیاسییەکان هەڵگری میراتییەکی مەرکەزیی پتەون. لێرەوە ئەم توێژینەوەیە هەوڵ و گەڕانێکە بە نێو دەقی یاساکاندا و خستنەڕووی ڕێگەچارەی گونجاوە بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی هەردوو تای تەرازووی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی لەنێوان دامەزراوەکانی پایتەخت و یەکە کارگێڕییە خۆجێیەکاندا.
دیموكراسی ئەگەر لە جەوهەردا دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بێت بۆ کێشەکانی دەسەڵات، ئەوا یەكێك لەو داهێنانانەی، كە مرۆڤایەتی لەناو ئەزمونی دەوڵەت- نەتەوەدا، وەك ڕێگەچارەیەك بۆ دابەشكردنی دەسەڵات پێیگەیشتووە و بۆتە میكانیزمێك بۆ قوڵكردنەوەی دیموكراسی، دابەشكردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانە لە نێوان پایتەخت و یەکە دەستوریی و کارگێڕییەکاندا، کە لە یاسای دەستوریی و یاسای کارگێڕیدا بە فیدرالیزم و لامەركەزیی کارگێڕیی ناسراوە. هەربۆیە لە دنیای هاوچەرخدا ناكرێت باس لە دیموكراسی بكرێت بە بێ پیادەكردنی یەکێک یان زیاتر لە فۆرمەکانی لامەركەزیی.
ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات گەڕانێک بە ناو ژینگەی یاسایی ڕێکخستنی كارگێڕیی هەرێمی کوردستاندا بکات و لە ڕێگەی پشکنینی دەقی یاساو فەرمان و پێڕەو و ڕێنماییەکانەوە هەڵسەنگاندن بۆ سروشتی پەیوەندیی ستونی و شاقوڵییانەی نێوان حكومەتی ناوەند و وەزارەتەکان لە لایەک و ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەکی تردا بکات. دواتر توێژینەوەکە تیشکدەخاتەسەر ئەو ئاستەنگ و ئاڵانگارییانەی، لەڕووی دەستوریی و یاسایی و پەیکەربەندیی ڕێكخراوەیی و داراییەوە، بوونەتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پرسی لامەرکەزیی کارگێڕیی لە هەرێمی کوردستاندا و هاوکات ڕێگەچارەی گونجاویشی بۆ ئەو کەموکوڕیی و ئاستەنگانە خستۆتەڕوو
بڵاوکردنەوە