2025-02-26
رۆژی ٢٠٢٥/٢/٢٦ لە هەولێری پایتەخت، شاندێکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی سەردانی کونسوڵیەتی گشتی کۆماری تورکیای کرد و لەلایەن بەڕێز ئەرمان تۆپچوو کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر و هاورێ لەگەڵ جێگری کونسوڵ و هاوکارانی پێشوازییان لیکرا. لەو سەردانەدا شاندی ڤیژن، باسیان لە دامەزراوەکەو کار و چالاکیەکانی کرد و هیوایان خواست کە ئاستی پەیوەندی کلتوری و رۆشنبیری و ئەکادیمی لە نێوان هەرێم و دەوڵەت و ناوەندەکانی بیری تورکیا بڕواتە قۆناغێکی باشتر، بەجۆرێک کە خزمەت بە ئاشتی و پێکەوە ژیان و هەماهەنگی زیاتر بکات.
شاندەکەی ڤیژن جەختیان لەسەر پێویستبونی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو هەنگاوە کاریگەری نەرێنی زۆری هەبوەو هەیە بەسەر ژیانی هاوڵاتیانی دەڤەرەکەو گیانی هەماهەنگی و تەبایی، هەروەها کاروباری رۆژانەی هاوڵاتیان و گەشتیاران و بازرگانان پەک دەخات. ئەوەشیان خستە روو کە لادانی ئەو گەمارۆیە لەم ساتەوەختەدا رۆڵێکی گەورەی ئەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و رۆشنبیری و سیاسییەکانی نێوان تورکیاو هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی.
لەلای خۆیەوە بەڕێز کونسوڵی گشتی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی ڤیژن دەربڕی و باسی لە گرنگی هەبونی دەزگای بیر و لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کرد لە سلێمانی و هیوای خواست کە هاوکاریەکی باش لە نێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان و تورکیادا بونیادبنرێت و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری لەو بارەوەیەوە خستە روو.
هەروەها هیواخوازبوو کە بەنزیکترین کات سەردانی سلێمانی بکات و پەیوەندیەکان ئاسایی ببنەوە بە شێوەیەک خزمەت بە برایەتی و پێکەوەژیان و بەهێزکردنی ئاستە جیاوازەکانی پەیوەندی دۆستانە بکات.
بڵاوکردنەوە