لەچوارچێوەی پلانی (٢٠٣٠) بۆ هاندانی پێکەوەژیان ،ڤیژن دیداری پێکهاتەکان ساز دەکات

22 شوبات 2025

دامەزراوەی ڤیژن دیدارێکی سەبارەت بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان بەبەشداری کەسانی پەیوەندیدار لە شاری سلێمانی ئەنجام دا، تیایدا گفتوگۆیەکی تایبەت، پانێڵێک و گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو. 
رۆژی شەممە، 22-ی شوباتی 2025، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، پانێڵێکی سەبارەت بە "پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان لە شاری سلێمانی"، بەبەشداری بەرپرسانی باڵای حکومی، نوێنەری پێکهاتەکان، ڕێکخراوەکان و پسپۆڕان لە گراند میلینیۆم لە شاری جوان لە سلێمانی ئەنجام دا. 

چالاکییەکە لە سەرەتادا بە خوێندنەوەی وتاری هەریەک  لە بەڕێزان: عەدنان عوسمان، بەڕێوبەری دامەزراوەی ڤیژن، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، د.موحسین ئەدیب، بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری وهونەری سلێمانی دەستی پێکرد. 

دواتر گفتوگۆیەکی تایبەت لەنێوان بەڕێز. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز عەدنان عوسمان بەڕێوەچوو، تێیدا باسییان لە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرامبەر پێکهاتەکان کرد و باسیش لە پەیوەندی تایبەتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی شاری سلێمانییدا کرا، جگە لەوە چەند مژارێکی دیکەش خرانەبەرباس کە بریتیبوون لە: سەردانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ لای یەکێتی و پارتی و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گفتوگۆ داراییەکانی نێوان بەغداد- هەولێر و دواکەوتنی مووچە و چارەسەرکانی و هەروەها بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

دواتریش، پانێڵێک بەبەشداری سێ پانێڵست بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوون لە: مەریوان نەقشبەندی- چالاکوان لە بواری پێکەوەژیان، دیلان لەتیف پۆلس- نوێنەری کڵێسای ماریوسف، د.سامان حسێن- پسپۆڕی بواری مێژوو، ئەلەند مەحوی- جێگری بەڕێوبەری دامەزراوەی ڤیژن پانێڵ و گفتوگۆکانی بەڕێوەبرد. 

لە درێژەی چالاکییەکەدا، میوانانی بەشداربوو بیروڕا و سەرنجەکانییان خستەڕوو، بڕیارە پێشنیاز و ڕاسپاردەکان بکرێنە پۆلیسی پەیپەر و توێژینەوەیەکیش لەسەر "پێکهاتەکان لە شاری سلێمانی" لەلایەن د.سامان حسێن ئەنجام بدرێت.