پانێڵی حەوتەمی لوتکەی سلێمانی: داهاتووی پرۆژەکانی نیشتەجێبون، لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە بۆ شار و ژێرخانی سەوز و بەردەوام

19 ئەیلوول 2026

رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2026 لە کارنامەی دووەم رۆژی لوتکەی سلێمانی، پانێڵی  سێیەم و کۆتایی بەناونیشانی "داهاتووی پرۆژەکانی نیشتەجێبون: لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە بۆ شار و ژێرخانی سەوز و بەردەوام" بەڕێوەچوو، بە بەشداریی د.هەڵۆ عەسکەری، راویژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کاروباری ژینگە. حەیدەر دەڕاجی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئابووریی کاربۆن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق. د.نوور جاسم لە زانکۆی کوردستان – هەولێر. د.موسا محەمەد تۆفیق، راوێژکار و توێژەری دارایی و خانووبەرە. خالید سلێمان، نووسەر و پسپۆڕی بواری ژینگە- فاروق گروپ بۆ وەبەرهێنان. لەنجە شەهاب، ئەکادیمی و توێژەر، بەڕێوەبەری پانێڵەکە بوو.

قسەکەرانی پانێڵەکە باسیان لە داهاتووی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، کاریگەریی و لێکەوتە ژینگەییەکانی کرد بۆ سەر ژێرخانی سەوز و ژینگەی ناوچەکە. 

گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەری گرنگ کرا بۆ بەدەستهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام، ئەوانیش: گەشەسەندنی ئابووریی، گەشەسەندنی ژینگەی دروستکراو و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی. 

د.هەڵۆ عەسکەری، راوێژکاری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ژینگە ئاماژەی بەوەکرد، مانگی نیسانی 2026، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دۆکیومێنتێکی گرنگی بە ناوی پێوەری بیناسازیی سەوزی عێراقی دەرکرد، کە تایبەتە بە باڵەخانەکان و شارە زیرەکەکان، لەگەڵ پاشکۆیەکی تایبەت بە قوتابخانە سەوزەکان، گەر ئەم رێنماییە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان دەباتە ریزی وڵاتانی پێشکەوتوو لە رووی پاراستنی ژینگەوە.

وتیشی: "عێراق لەسەر ئاستی جیهان پێنجەمین وڵاتە، کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی ئاو، دابەزینی باران و بەفر و دیاردەی بەبیابانبوون.

هەر لە پانێڵەکەدا، حەیدەر دەڕاجی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی ئابووریی کاربۆن رایگەیاند: عێراق زیاتر لە 70سەرچاوەی دەوڵەمەندی هەیە بۆ دروستکردنی رەسیدی کاربۆنی، ئێستا زیاتر لە 140 پڕۆژەی بۆ ئەو بوارە ئامادەیە.

وتیشی: "گرێبەستی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی فڕۆکەمان لە پاشماوە و خاشاک واژۆ کردووە. پڕۆژەی تاکسیی سەوزمان راگەیاندووە بۆ گۆڕینی یەک ملیۆن تاکسیی کۆن بۆ تاکسیی کارەباییی زیرەک کە بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکەن."

سەبارەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەرپرسەکەی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەموو بینایەکی سەوز مەرج نییە کاربۆن دروست بکات؛ دەبێت پڕۆژەی کەمکردنەوەی کاربۆنی هەبێت. بیناسازیی سەوزی ئاسایی تەنیا %2 بۆ %4 تێچووی زیاد دەکات، بیناسازیی سەوزی تەواو پێشکەوتوو %8 بۆ %10، لە بەرانبەردا بەهای پڕۆژەکە %15 بۆ %20 لە بازاڕد بەرزدەبێتەوە و خەرجیی کارپێکردن و کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

له‌م لينكه‌وه‌ بينه‌رى ته‌واوى پانێڵه‌كه‌ بن...