پانێڵی شەشەمی لوتکەی سلێمانی: بەستنەوەی بانکەکان، خانووبەرە، پیشەسازی لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام

19 ئەیلوول 2026

رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2026 لە کارنامەی دووەم رۆژی لوتکەی سلێمانی، پانێڵی دووەم بەناونیشانی "بەستنەوەی بانکەکان، خانووبەرە، پیشەسازی لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام" بەڕێوەچوو، بە بەشداریی ئارام بابان، نوێنەری کارگەکانی سلێمانی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی. دەیڤید مولەر، راوێژکاری پێشکەوتوو لە دەزگای (OJCOS) چالاکوانی دیار لە کایەی گشتی و سیاسەتی ئەڵمانیا. د.بیرند ڤیلهور، راوێژکاری پێشکەوتووی پەیمانگای وێڵتێتۆس (Weltethos-Institut | Global Ethic Institute). د.ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی بوودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان. د.دیدار عەبدولکەریم بەرپرسی بەشی توێژینەوەکانی دامەزراوەی ڤێژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بەڕێوەبەری پانێڵەکە بوو.

د.ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بە پێکهاتەی ئابووریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە پێویستی بە شۆڕشێکی زۆر گەورەیە، بەوپێیەی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان پابەندی کۆمەڵێک رێسا و بنەمای زۆر کۆنن، لە کاتێکدا ئابووریی ئێستا گۆڕاوە و بەرەو ئابووریی نەوەی پێنجەم و شەشەم دەڕوات.

بەپێویستیزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە یاسای بودجەدا چاکسازیی بکات و لەوێوە چاکسازیی سەرجەم سێکتەرەکانی دیکە بگرێتەوە.

قسەکەرانی پانێڵەکە ئاماژەیان بەوەکرد؛ لە کەرتی خانووبەرە و نیشتەجێبوون، نا هاوسەنگی لەگەڵ خواستی ناوخۆییدا هەیە، بەشێوەیەک ساڵانی رابردوو بە ئەرکی حکومەت زانراوە لە رێگەی بانکی خانووبەرەوە پێشینە و پارەیەکی زۆر دابین بکات بۆ ئەو کەرتە.

د.ماکوان جەمیل ئاشکرای کرد؛ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ترلیۆن دینار قەرزی خانووبەرە دراوە، تائێستا نزیکەی دوو ترلیۆن دینار لای هاوڵاتییان ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە، بۆیە مەحاڵە حکومەت بتوانێت بەردەوام بە تەنیا ئەم کەرتە لە رووی داراییەوە بەڕێوەببات. 

ئارام بابان، نوێنەری کارگەکان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ووتی: ئەوەی ئێستا هەیە، بەشێکی زۆری بە هەوڵ و ماندووبوونی تاک کراوە، لەسەر ئەرک و بەرپرسیارێتی و هەندێکجار سەرکێشیی خۆیان کراوە. بازرگانان و خاوەن کارگەکان دڵسۆزن، بە کەمترین گرەنتی و دڵنیایی، زۆرترین سەرمایە دەخەنە پڕۆژەکانەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک سەرمایەدارێک بیەوێت پڕۆژەیەکی پیشەسازیی ئەنجام بدات، رووبەڕووی رۆتینی زۆر و گرفت دەبێتەوە و کارئاسانی بۆ ناکرێت.

له‌م لينكه‌وه‌ بينه‌رى ته‌واوى پانێڵه‌كه‌ بن...