19 ئەیلوول 2026
رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2026 لە کارنامەی دووەم رۆژی لوتکەی سلێمانی، پانێڵی یەکەم بەناونیشانی "ستراتیجی بەرەوپێشبردنی بەرهەمی ناوخۆ و توانای کێبڕکێ" بەڕێوەچوو. بە بەشداریی هاوڕێ توفیق، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق. نەوزاد غەفور رەباتی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی. عادل عەکاب، سەرۆکی یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق. محەمەد ئەلمساری، نوێنەری دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی(IFC). د.یادگار عەباس، ئەکادیمی و توێژەر، بەڕێوەبەری پانێڵە بوو.
لە سەرەتای پانێڵەکەدا هاوڕێ توفیق، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق باسی لە سیاسەتی عێراق بۆ کەرتی پیشەسازی کرد و رایگەیاند: سەردەمی زێڕینی پیشەسازی لە عێراق لەناوەڕاستی حەفتاکان و هەشتاکان بووە، لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی زۆر لە کارگەی گەورە لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکراوە، بەڵام دوای رووخانی بلۆکی سۆسیالیستی و شەڕ و ئابڵوقە، ئابووریی دەوڵەت هەرەسی هێنا. دواتر ساڵی 2003 سیستمی سیاسی گۆڕا بۆ دیموکراسی و لە دەوڵەتێکی مەرکەزییەوە بوو بە فیدراڵی و لامەرکەزی، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە نەبووە ناسنامەیەکی ئابووری بۆ عێراقی نوێ.
وتیشی: "عێراق خاوەنی پیشەسازیی قورس نییە؛ وەک فڕۆکە و شەمەندەفەر، بەو هۆییەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرلین داوای لە کۆمپانیای زەبەلاحی ئەڵمانی سیمێنس کرد، لق لە عێراق بکەنەوە و پڕۆژەی ئەتۆمەیشن و حکومەتی ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکەن، بە ئامانجی تێکەڵکردنی کۆمپانیا جیهانییەکان لەگەڵ کەرتی نیشتمانی عێراقی."
لای خۆییەوە، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد؛ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ تەنیا بابەتێکی بازرگانی نییە، بەڵکوو کۆڵەکەیەکی سەربەخۆی سیاسی و نەتەوەییە، هەر وڵاتێک پێداویستیی ناوخۆی دابین کردبێت، کەمتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی قەیران و فشاری وڵاتانی دەرەکییەوە.
بەپێی قسەکەرانی پانێڵەکە، بازاڕی عێراق بە 46 ملیۆن دانیشتووانەوە، شوێنی سەرەکیی ساغکردنەوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستانە، کە دانیشتوانەکەی 6.5 ملیۆن کەسە، لەبەرئەوەی خۆی کارگە و پیشەسازیی ناوخۆیی نییە.
بڵاوکردنەوە