19 ئەیلوول 2026
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2026 لە کارنامەی یەکەم رۆژی لوتکەی سلێمانی، پانێڵی چوارەم بەناونیشانی "زەوی و رەهنی خانووبەرە و قەرز، چۆن پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بتوانن پاڵپشتی دارایی بانکەکان بەدەستبهێنن؟" بەڕێوەچوو، بەبەشداریی، د.سەعد عەبدولقەهار شێخ، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نێودەوڵەتی دارایی و بازرگانی (ICFT). سەڵاح هەدمی، جێگری بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بانکی بەغداد. مەی ئیسماعیل، نوێنەری بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (EBRD). هەندرێن عەلی بارام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆسەکان و پەرەپێدانی کۆمپانیای هیوا رەئوف. بەناز ستار، سەرپەرشتیاری بەشی پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکان لە (FIB) بەڕێوەبەری پانێڵەکە بوو.
قسەکەرانی پانێڵەکە، باسیان لە چۆنێەتی پاڵشتیکردنی دارایی بۆ وەبەرهێنەران کرد، ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پاڵپشتییکردنی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان، هەروەها ئەو ئاڵەنگارییانەی دێتە بەردەم خاوەن پرۆژەکان.
ئەوەیانخستەڕوو، پڕۆژە بچووکەکان سەرەڕای بچووکی سەرمایەکەیان، پێداویستییە دەستبەجێ و ناوخۆییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکەن؛ نەک ستراتیژیی گەورە، ئەم پرۆژانە لە وڵاتانی دیکەش پێگەیەکی گەورەیان هەیە. چونکە لەبری دامەزراندنی حکومی و دروستبوونی بێکاریی و مووچەی کەم، پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی راستەقینە و دابەزاندنی رێژەی بێکاریی لەنێو گەنجان و دەرچووانی زانکۆدا.
د.سەعد عەبدولقەهار، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی سەنتەری نێودەوڵەتی دارایی و بازرگانی، ئاماژەی بە گرنگی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی کردەوە، کە لەسەر شێوازی ناوەندەکانی دوبەی، قاهیرە، قەتەر و کوەیت دامەزراوە، بەڵام گونجێنراوە لەگەڵ تایبەتمەندیی کوردستان و عێراق بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان بانکەکان، کۆمپانیا داراییەکان و کارسازان.
لە پانێڵەکەدا، گفتوگۆ لەسەر سەرەکیترین گرێکوێرە و ئاستەنگەکانی بەردەم دابینکردنی دارایی بۆ پرۆژە بچووکەکان کرا؛ چونکە بانکەکان داوای مەرجی قورس دەکەن وەک بوونی موڵکی رەهنکراو (عەقار) یان کەفیلی فەرمانبەر، ئەمەش بۆ گەنجێکی بێکار ناگونجێت و لە توانایدا نییە.
بڵاوکردنەوە