19 ئەیلوول 2026
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2026 لەیەکەم رۆژی لوتکەی سلێمانی، پانێڵی سێیەم بەناونیشانی "لە ئابووری كاشەوە بۆ گشتگیری دارایی، پارەدانی ئەلیکترۆنی: چۆن بانکەکان دەتوانن ببنە بزوێنەری گەشەپێدانی ئابووری؟" بەڕێوەچوو، بە بەشداریی عەمار میرزا، سەرۆکی جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی عەممار، رامی خەفش سەرۆکی بەڕێوەبردنی گەنجینە و وەبەرهێنان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان لە بانکی ئەهلی عێراقی، ساڤۆ بەختیار بەڕێوەبەری ستراتیجی و هاوبەشی لە ئاسیا پەی. راڤە محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی پەیمانگای گەشەپێدانی پیشەیی لە زانکۆی ئەمریکی- سلێمانی، بەڕێوەبەری پانێڵەکە بوو.
قسەکەرانی پانێڵەکە، باسیان لە هەنگاوەکانی تێپەڕین لە ئابووریی نەختینەیی بەرەو گشتگیریی دارایی و سیستمی دیجیتاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
پانێڵستەکان ئەوەیانخستەڕوو، ژێرخانی تەکنەلۆجی ئامادەیە؛ بەجۆرێک زیاتر لە 25 ملیۆن کارتی بانکی و 20 کۆمپانیای مۆڵەتپێدراوی پارەدانی ئەلیکترۆنی هەیە، بەڵام ئاستەنگی سەرەکی دەستگرتن بە نەریتی کاش و نەبوونی متمانەیە.
ئاماژەیان بەوەکرد، گۆڕانکاریی دیجیتاڵی بۆ مانەوە و گەشەی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان پێویستە، کە داتای ورد و پارێزراوی ئابووریی دەستەبەر دەکات.
گرنگترین تەوەر و دەرئەنجامەکانی پانێڵەکە خۆی لە ئامادەیی تەکنەلۆجیا و بەربەستی کولتووری بینیەوە، لە بوونی 25 ملیۆن کارتی چالاک لە بازاڕدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کار لەسەر گۆڕینی بیرکردنەوە و رەفتاری رۆژانەی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی سیستمی دیجیتاڵی بکرێت.
لە پانێڵەکە جەخت لەسەر تێپەڕاندنی ترسی باج کایەوە، لەرێگەی هۆشیارکردنەوەی بازرگانان، لەوەی کە تۆماری دیجیتاڵی مەرجی سەرەکییە بۆ سەلماندنی توانای دارایی و وەرگرتنی ئاسانکاریی و قەرزی بانکی بۆ پەرەپێدانی کارەکانیان.
بەپێویستیانزانی گرنگی بە هۆشیاریی دارایی خەڵک بدرێت، بۆ چاودێریکردنی رێژەی نەختینەی بانکەکان و بەهێزکردنی کۆمپانیای دەستەبەری سپاردەکان تا پارەی نەختینەی ناو ماڵەکان بگەڕێتەوە ناو کەرتی بانکی و سیستمی دیجیتاڵی دارایی.
بڵاوکردنەوە