پانێڵی دووەمی لوتکەی سلێمانی: بازاڕی خانووبەرە لە هەرێم: لەنێوان گەشەی خێرا و مەترسییە داراییەکان، میکانیزمی دارایی پارێزراو و بەردەوام

19 ئەیلوول 2026

رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2026 لە کارنامەی یەکەم رۆژی لوتکەی سلێمانی، پانێڵی دووەم بەناونیشانی "بازاڕی خانووبەرە لە هەرێم: لەنێوان گەشەی خێرا و مەترسییە داراییەکان، میکانیزمی دارایی پارێزراو و بەردەوام" بەڕێوەچوو. بەبەشداریی ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی. پێشەوا مەلا عومەر خاوەنی کۆمپانیای گەردین. رابەر تەڵعەت، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی. مستەفا حاجی خەیروڵڵا خاوەنی عقارات حاجی سەلام لە سلێمانی. ئەلەند مەحوی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، پانێڵەکەی بەڕێوەبرد.

ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند؛ کەرتی نیشتەجێبوون یەکێکە لە هەرە گرنگترین ئەو کەرتانەی کە گەشەی ئابووریی لەسەر بونیاد دەنرێت، بە خوێنبەری سەرەکی و داینەمۆی هەڵسوڕێنەری گەشەی سەرجەم کەرتەکانی تریش ئەژمار دەکرێت.

ئاماژەی بە دوو قوناغی سەرەکی کەرتی نێشتەجێبوون کرد، کە  بریتین لە: قۆناغی یەکەم لەساڵی 2004 تا 2013، لەو ماوەیەدا کەرتەکە دەستی پێکرد و بە دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان (یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2006) گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی. ئەو گەشەیە تا ساڵی 2013 بەردەوام بوو. لەو قۆناغەدا زیاتر لە 49 پڕۆژە مۆڵەتیان پێدرا، کە قەبارەی گشتییان زیاتر لە 44 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بوو.

قۆناغی دووەم، قۆناغی وەستان بوو لە 2013 تا کۆتایی 2020، بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، پێدانی مۆڵەتی نوێ و سەرمایەگوزاریی لە کەرتی نیشتەجێبووندا بە تەواوی وەستا. ئەم وەستانەش کاریگەرییەکی نەرێنیی زۆر گەورەی بەسەر کەرتەکەوە بەجێهێشت. دواتر دووبارە گەشەی کەرتی نیشتەجێبوون دەستیپێکردەوە.

مستەفا حاجی خەیروڵڵا، خاوەنی عقارات حاجی سەلام لە سلێمانی، لە پانێڵەکەدا وتی: بابەتی خستنەڕوو و خواست (عرض و طلب) لە کەرتی خانووبەرە لە شاری سلێمانی بە تەواویی تێر نەبووە، ئەو کەسەی دەڵێت کەرتی خانووبەرە روو لە دابەزینە، دەبێت وردتر سەیری بکات؛ چونکە زۆن بۆ زۆن، شوێن بۆ شوێن، پڕۆژە بۆ پڕۆژە جیاوازیی هەیە.

ئاماژەی بە سیستمێکی راستەقینەی رەهن و پێدانی قەرزی خانووبەرە ناسراو بە "مورگەیج" کردەوە، کە ئاسانکاریی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکات و دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان.

له‌م لينكه‌وه‌ بينه‌رى ته‌واوى پانێڵه‌كه‌ بن...