پانێڵی یەکەمی لوتکەی سلێمانی: تێڕوانینی ستراتیجی بۆ کەرتەکانی خانووبەرە، بانکەکان، پیشەسازی

19 ئەیلوول 2026

رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2026، لە یەکەم رۆژی کارنامەی لوتکەی سلێمانی، پانێڵی یەکەم بەناونیشانی "تێڕوانینی ستراتیجی بۆ کەرتەکانی خانووبەرە، بانکەکان، پیشەسازی" بەڕێوەچوو، بەبەشداریی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان. د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان. د.بەیاد جەمال میرەیی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەیاد گروپ پانێڵەکەی بەڕێوەدەبرد.

 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، لەچەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە وەک پێویست یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەمداهات درووست بکەن کە یەکێکە لە ئەرکەکانی وەزارەت، لەکاتێکدا هەموو ساڵێک پلانیان داناوە یەکەی زیاتری نیشتەجێبوون درووست بکەن.

ووتیشی: "کەرتی خانووبەرە، ناڕێکی و هەڕەمەکیبوونی پێوە دیارە، لەبەرئەوە پێویستە سەرجەم سێکتەرەکان هاوتەریب بن و تەواوکەری یەکتر بن، نەک تەنها سێکتەرێک بە تەنیا باز بدات و سێکتەرەکانی دیکە بە هاوشانی ئەو لە جووڵەدا نەبن."

ئەوەیخستەڕوو؛ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە چەند ساڵی رابردوودا، زیاتر کارکردنیان لەسەر رێگاوبانەکان بووە، کارێکی نموونەیی کراوە، کۆی گشتی 488 پرۆەی رێگاوبان جێبەجێکراوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 3 هەزار کیلۆمەتر رێگای نوێ و ستراتیجی درووستکراو، بە بودجەی 1 ترلیۆن دینار. سەرەڕای ئەوەی 2500 کیلۆمەتر رێگا چاکسازیی تێداکراوە، بەڵام بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کاری کەمتر کراوە و ئەو بابەتەش پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە، بەرەوپێشبردنی سیستمی بانک لە هەرێمی کوردستان بەگرنگ دەزانێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین بانک و لقی بانکیی بوونیان هەیە، بەڵام سێکتەرە بازرگانییەکان، خزمەتگوزارییەکان و دارایی بە شێوەیەکی تۆکمە و کارا پێکەوە نەبەستراونەتەوە. 

د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر بەهۆی نەبوونی سەرژمێری گشتییەوە داتای پێویست لەبەردەستدا نەبووە، کۆتای سەرژمێری گشتی دانیشتوان ساڵی 1987 کراوە کە هەموو عێراقی گرتووەتەوە. تا ئەوکاتەی سەرژمێری 2024 کرا کە سەرژمێرییەکی گشتی بوو، بۆ ئەوەی داتای وورد دەستبکەوێت.

وتیشی: "ئێستا سەرژمێری بە کێشەمان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، تازە داتا و ئامارەکانمان بەدەستمان گەیشتووە، بەڵام هێشتا شیکاریی بۆ نەکراوە، بۆ ئەوەی بیکەینە بەشێک لە پرۆسەی بڕیاردان."

وەزیری پلاندانان ئاشکرای کرد، بەپێی دوایەمین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 6.500.000 کەسی تێپەڕاندووە، ئێستا داتاکانیان بە ووردی لایە و سەرقاڵی شیکاری کردنین لە سیستمی وەزارەتی پلاندانان. 

د.دارا رەشید ئەوەیخستەڕوو:"ئەو داتا نوێیانە دەبێتە بنەمایەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانی داهاتوودا، لە سەرجەم بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، تەندروستی، پەروەردە. ئەوەش زۆر زۆر گرنگە، چونکە بەبێ سەرژمێری گشتی دانیشتوان، ئەستەم بوو هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن داتای وورد لەسەر سەرجەم سێکتەرەکان."

عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پانێڵەکەدا بە ئامار باسی لەوەکرد، سلێمانی پێشەنگی هەموو شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە لە رووی پیشەسازییەوە، کەرەستەی بیناسازیی پێویست و کوالێتی بەرز دابین دەکات. لە چیمەنتۆدا، باشترین کارگەی چیمەنتۆی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و بگرە کێبڕکێی بەرهەمی دەرەوەی وڵاتیش دەکات، لە شیش و خشت و بلۆک و بیهارتۆن و ساندویچ پەناڵ و کەرەستەکانی دیکەی بیناسازی پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیووە.

وتی: "لە رووی کەرەستەی بیناسازییەوە توانای تێرکردنی بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، سەرقاڵی ئەوەین بەرهەمەکانیان هەناردەی وڵاتانی دراوسێ بکەین".

بەوتەی بریکاری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ژمارەیەک کارگەی دیکەی بچووک و مامناوەند هەیە لە قەیراندان، لە قەیرانی زەوی و کەرەستەی سەرەتایی، پاڵپشتی بانکی ئەوەش پێویستی بە چارەسەری گونجاو هەیە.

ئاماژەی بەوەکرد شانازیی بە کارگەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەکەین، چونکە پیشەسازی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کشتوکاڵ، وەبەرهێنان، خانووبەرە و زۆر سێکستەری دیکە.

لە کۆتاییدا لەلایەن پانیڵستەکانەوە دوو پیشنیاز خرایەڕوو، کارکردن لەسەر رێکخستنەوە و بەمۆدێرنکردنی سیستمی بانکی، بە شێوەیەک کە بەستراوە بێت بە کەرتەکانی بازرگانی، پیشەسازی و وەبەرهێنانەوە.

دووەم پێشنیاز بریتی بوو لە رەخساندنی دەرفەت بۆ سەرمایەداران، وەبەرهێنەران، کارگەکان و کۆمپانیاکان تا بتوانن لە رێگەی کارئاسانیی بانکی، پێدانی قەرز و مامەڵەی فەرمییەوە بەشێکی سەرەکیی کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن.

لە پانێڵەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، دەبێت ستراتیجیی هەرێمی کوردستان بریتی بێت لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات؛ گواستنەوە لە هەرێمێکی بەکاربەر و هاوردەکارەوە بۆ هەرێمێکی بەرهەمهێنەر و هەناردەکار، لە رێگەی ئاڕاستەکردنی سەرمایە بۆ کەرتەکان وەک کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک، پیشەسازیی ناوخۆیی و تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد،  کە ئێستا تەواوی جیهانی داگیر کردووە و نابێت ئێمە لێی بێبەش بین.

له‌م لينكه‌وه‌ بينه‌رى ته‌واوى پانێڵه‌كه‌ بن..