2025-02-15
دامەزراوەی ڤیژن پانێڵێکی سەبارەت بە بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاری حزبە سیاسییەکاندا بە ئامادەبوونی چالاکوانانی ژنان و بەرپرسانی حزبی ئەنجام دا، تێیدا ئاستەنگ و ڕێگرییەکانی بەردەم بەشداری ژنان لە حزبەکاندا گەنگەشەکراو ڕاسپاردە و پێشنیازەکانیش خرانەڕوو.
رۆژی شەممە، 15-ی شوباتی 2025، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە هۆڵی (دیدگا) پانێڵێکی بەناونیشانی (ئاستی بەشدارری ژنان لە ناوەندی بڕیاری حزبە سیاسییەکان)دا ئەنجامدا، کە تێیدا ژمارەیەکەی بەرچاو لە ژنانی سەرکردەو چالاکوانانی مافەکانی ژنان، بەرپرسانی حزبی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەیبوون.
پانێڵەکە بەبەشداری دەستەبژێرێک لەژنان و ئافرەتانی چالاکی بواری ژنان بەڕێوەچوو کە تێیدا سێ پانێڵیست بە سێ بابەتی جیاواز بەشداربوون، ئەوانیش بریتین لە: لیا سەیفەدین- ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، کنێر عەبدوڵا- نووسەر و ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، سەبریە غەفار- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هەروەها د. هەژان خالید، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دامەزراوەی ڤیژن، پانێڵ و گفتوگۆکانی بەرێوەبرد.
لە دەستپێکی چالاکییەکەدا، پانێڵیست کنێرعەبدوڵا ژمارەیەک داتا و ئاماری بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، داتاکان بەشێکبوون لە توێژینەوەی ناوبراو، کە لەئێستادا لەدوتوێی کتێبێکدا چاپکراوە بە ناونیشآنی (بەشداری سیاسیی ژنان لە باشووری کوردستان 2024-1992)، تێیدا شیکاری بۆ ڕێژەی بەشداری ژنان لە دوا پەیڕەو و پڕۆگرامی 10 حزبی سیاسیی باشووری کوردستاندا خستۆتەروو.
لە درێژەی چالاکییەکەدا، هەریەک لە پانێڵستەکان خاتوو لیا و خاتوو سەبریە، باسییان لە ڕۆڵ، بەشداری و ئاستی کارامەیی ژنان و ئافرەتان کرد لەنێو ئەو پارتە سیاسیانەی کە خۆیان کاری تێدا دەکەن. هەروەها راو سەرنج و پێشنیاری چارەسەرەکانیان لەروانگەی خۆیانەوە خستەروو.
لەدوا بەشی چالاکیەکەدا، درگای گفتوگۆکان کرایەوە و ژمارەیەکی زۆر پرسیار، سەرنج و پێشنیاز لەلایەن سەرجەم بەشدارانی پانێڵکەوە ئاراستە و گەنگەشەکرا، کە دەتوانن رۆڵی کاریگەر لە ئامادەکردنی تویژینەوە و پۆڵیسی پەیپەرەکانی دامەزراوەی ڤیژن بگێڕن بەمەبەستی کاراکردنی رۆڵی ژنان لەناوەندی سیاسی و بڕیاردان لەهەرێمی کورستان، کە ئەمەش یەکێکە لە ئامانجە دیارەکانی دامەزراوەکە لەچوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی ٢٠٣٠ ڤیژن بۆ هاوئاهەنگبوون لەگەڵ ئامانجی ژمارە پینجی نەتەوە یەکگرتوەکان (SDG5) بۆ کاراکردنی رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
بڵاوکردنەوە