6 تشرینی یەکەم 2026
ڤیژن فاوندەیشن
دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاستەنگەکانی بەردەم کار و هەلی کارکردن لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە فۆکەس گروپێکی دامەزراوەی ڤیژن گفتوگۆیان لەبارەوە کرا؛ پێشنیاز و رێکارەکانی کەمکردنەوەی بێکاری و بەربەستەکانی بازاڕی کار خرانەڕوو.
سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، فۆکەس گروپێکی تایبەتی لەسەر کار و بێکاری بە بەشداری نوێنەرانی رێکخراوەکان، بەڕێوەبەرانی سەنتەرەکانی دۆزینەوەی هەلی کار و لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەبرد.
لە گفتوگۆکانی فۆکەس گروپەکەدا، چەندین خاڵی سەرەکی پەیوەندیدار بە هۆکارەکانی بێکاری، دۆزینەوەی هەلی کار، پێداویستییەکانی بازاڕی کار و خاوەنکاران، یاساکانی کار و چاوەڕوانییەکان لە حکومەت تاوتوێ کران و بەشداربووان پێیان وابوو جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دەتوانێت بەشێک لە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەلی کار لە هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.
بەشداربووان ئاماژەیان بە کێشەی نەبوونی ئەزموونی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کرد و پێشنیازیان کرد خولی راهێنان و فێرکاری بۆ دەرچووان دابین بکرێت، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ئاماژەیان بەوە کرد، نابێت کاری خۆبەخش بێبەرامبەر بێت و مووچەی دیاریکراو بۆ کارمەند و کرێکار کە 450 هەزار دینارە بە بڕێکی کەم دانرا.
دەرئەنجامی ئەم فۆکەس گروپە دەبێتە پۆڵسی پەیپەر و لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بڵاودەکرێتەوە، هەروەها راسپاردە و پێشنیازەکانی ئەم گفتوگۆیە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن.







بڵاوکردنەوە