2025-02-04
شاندێکی باڵای کەسایەتیە ئاینیەکانی ئەوروپا، بە یاوەری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی (ستیڤانۆس) سەردانی دامەزراوەی ڤیژنیان کرد، بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مافی پیکهاتەکان، پرسی پێکەوەژیان و بەشداری ژنان لە هەرێمی کوردستان خرایەبەرباس.
رۆژی سێ شەممە، ٢٠٢٥/٢/٤، شاندێکی باڵای کەسایەتییە ئاینییەکانی ئەوروپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ستیڤانۆس بەیاوەری بەڕێز خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئۆفیسی دامەزراوەی ڤیژنیان کرد و لەگەڵ ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە کۆبوونەوە.
شاندەکە، چەند بابەتێکی پەیوەندیداری بە پرسی پیکهاتەکان و بەشداری ژنان لە سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەدا تاوتوێ کرد، بەگرنگیشەوە لە دەستپێشخەرییەکانی دامەزراوەکەی لەو بوارانەدا ڕوانی، بەدیاریکراویش لە پڕۆژەی ئەنجامدانی تویژینەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.
سەرەڕای ئەوانەش، باس لە گرنگی نزیکایەتی و هاوتەریبوونی ئامانجەکانی دامەزراوەکە لەگەڵ شێواز و میکانیزمەکانی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، بەدیاریکراویش بابەتی توێژینەوەکانی دامەزراوەکە کە دەچنە چوارچێوەی ئامانجەکانی پڕۆژەی(SDGs) -ی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
(ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام- (Sustainable Development Goals، پڕۆژەیەکی ستراتیجی درێژمەودای حەڤدە خاڵی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئامانج لێی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانییە لە جیهاندا، پڕۆژە و توێژینەوەکانی دامەزراوەکەش دەچنە چوارچێوەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامەوە
بڵاوکردنەوە