20 ئەیلوول 2026
چۆن هەموو کەرتەکان بەشێوەیەکی هاوسەنگ گەشە بکەن؟ هاوکات لەگەڵ گەشەپێدانی ئابووری، بوارەکانی کولتووری و زانستی و رۆشنبیریش گەشە بکەن. کارکردن بۆ بونیاتنانی سیستمێکی بانکی پێشکەوتوو. رۆڵی وەبەرهێنەران و بازرگانان لە گرنگیدان بە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ناوەڕۆکی کۆبونەوەیەکی قوباد تاڵەبانی و وەبەرهێنەران و بازرگانانی سلێمانی بوو.
لە پەراوێزی یەکەم رۆژی لوتکەی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی پارێزگای سلێمانی، بە بەشداریی رێکخەرانی لوتکەی سلێمانی، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای گوێگرتن لە راوبۆچوونی ئامادەبووان، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لێکردن کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا وەبەرهێنەران و بازرگانان شانبەشانی هەنگاوەکانی حکومەت رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی. بەڵێنی پێدان بە هەموو تواناوە هاوکاریان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا ئامانجیانە هەموو کەرتەکان بە شێوەیەکی هاوسەنگ گەشە بکەن، هاوکات لەگەڵ گەشەپێدانی ئابووری؛ لە بوارەکانی کولتووری و زانستی و رۆشنبیریشدا وڵاتەکەمان گەشە بکات. هانی وەبەرهێنەرانیدا لەو بوارانەشدا وەبەرهێنان بکەن.
سەبارەت بە سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: لە ماوەی رابردوودا هەوڵ دراوە و پلانیش هەیە بۆ ئەوەی سیستمێکی بانکی پێشکەوتوو بونیاد بنێین کە جێی متمانەی هاووڵاتییان بێت.
قوباد تاڵەبانی بە پێویستی زانی وەبەرهێنەران و بازرگانان تەنها گرنگی بە بازاڕەکانی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان نەدەن، بەڵکو چاویان لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بێت.
لوتکەی سلێمانی، رۆژانی 17 و 18ـی ئەیلوولی 2026، لە هۆتێل گراند میلینیۆمی شاری سلێمانی، لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بە هاوبەشی ناوەندی دارایی و ئابووری لە سلێمانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و کۆمپانیای مونلاین، رێکخرا.


بڵاوکردنەوە