27 ئاب 2026
بە سپۆنسەری میدیایی دامەزراوەی ڤیژن، پەیماننامەیەکی هەشت خاڵی بۆ کارکردنی کەناڵەکانی راگەیاندن لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گرفتە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.
بەشداربووانی چالاکییەکە، کە رۆژی 26ـی ئابی 2026 لە پەیمانگای ناشناڵ بۆ تەکنەلۆجیا و بە سپۆنسەری میدیایی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بەڕێوەچوو، پێکهاتبوون لە رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پەیمانگای ناشناڵ و نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان. بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەمان چالاکی لە هەولێریش بەڕێوەبچێت.
پڕۆفیسۆر دکتۆر حەکیم عوسمان راگری پەیمانگای ناشناڵ بۆ تەکنەلۆجیا، جەختی لە گرنگی ئەو چالاکییە بۆ میدیا و میدیاکاران کردەوە و وتی: "پێویستە میدیاکان شارەزایی زیاتر لە بارودۆخی ژینگە و گرفتەکانیان لە هەرێم هەبێت و ئەو رۆڵە جێبەجێ بکەن، کە لەلایەن خەڵکەوە لێیان چاوەڕوان دەکرێت."
لەبارەی گرنگی ئەو پەیماننامەیەی کە لەلایەن کەناڵەکانی راگەیاندنەوە واژۆ کرا، رایگەیاند: ئامانجی سەرەکی روونکردنەوەی نەخشەڕێگای کارکردنی دامەزراوە میدیاییەکان و دیاریکردنی رۆڵی میدیایە لە خستنەڕووی کێشە و گرفتە ژینگەییەکان.
بەوتەی حەکیم عوسمان؛ میدیا دەتوانێت بەهۆی پەیامەکانییەوە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کێشە ژینگەییەکانەوە ئاگاداربکاتەوە و ببێتە بەشێک لە پرۆسەی چارەسەرکردن.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، کە یەکێک بوو لە لایەنە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی چالاکیی و پەیماننامەکە، باسی لە رۆڵی گرنگی میدیای لە رووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان کرد، کە دەتوانێت لە ئاست خراپی دۆخی ژینگەدا دەستەوسان نەبێت و رۆڵی خۆی لەو بوارەدا ببینێت.
بە وتەی سکرتێری لقی سلێمانی رۆژنامەونووسان،30 کەناڵی راگەیاندن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ واژۆکردنی پەیماننامەی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان ئامادەبوون. نیگەرانیی خۆی نیشاندا، لە ئامادە نەبوونی ژمارەیەک کەناڵ بۆ واژۆکردنی پەیماننامەکە و ئەوەی بە "گرنگی نەدان بە پرسی ژینگە" وەسفکرد.
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاشکرای کرد، لە هەرێمی کوردستان1250 کەناڵی میدیا هەیە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 200 کەناڵی میدیایی لە سلێمانی کار دەکەن، بەڵام هیچ کەناڵێکی تایبەتمەند بە پرسی ژینگە بوونی نییە، لەکاتێکدا میدیا دەتوانێت پرسی ژینگە بکاتە بابەتێکی سەرەکی، چونکە مەترسییەکانی ژینگە لە دەرگای هەمووان دەدات.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، باسی خراپی دۆخی ژینگەی هەرێمی کوردستانی کرد و بەشێک لە گرفتەکانی بە زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانەوە بەستەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی خستییەڕوو، دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان لەسەر شەقامەکانن و ئەم ئۆتۆمبێلانە رۆژانە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین دەسوتێنن و بەهۆی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانەوە ژینگە پیس دەکات.
مەعروف مەجید، هۆشدارییدا لە کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و بە نموونە ئاماژەی بە هەولێر کرد؛ لە رابردوودا لە هەولێر بیری ئاسایی لە قووڵایی200 مەتر گەیشتووە بە ئاو و ئاوی ژێرزەوی دەرهێنراوە، بەڵام ئێستا قووڵایی گەیشتن بە ئاو دەگاتە700 مەتر.
مەعروف مەجید، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانی لە رێگەی میدیاکانەوە بە گرنگزانی و ووتی: "بە رێگریی لە فڕێدانی پاشماوەی خواردن و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک، دەتوانرێت %80ـی کێشەی زۆربوونی پاشماوەکان چارەسەر بکرێت."
لە چالاکییەکەدا نوێنەرانی میدیاکان و کەناڵەکانی راگەیاندن ئامادەبوون، بۆچوون و سەرنجی خۆیان خستەڕوو، ژمارەیەک کەناڵیش ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بایەخدان بە پرسی ژینگە و کارکردنی زیاتر لەسەر ئەو پرسە گرنگە.
ژمارەیەک لە ئامادەبووان باسیان لە رۆڵی پەروەردە کرد لە هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران بۆ پاراستنی ژینگە. هەروەها رۆڵی مامۆستایانی ئایینی بە گرنگ دانرا، بەتایبەتی لە رێگەی وتاری رۆژی هەینیەوە، بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان لەسەر مەترسییەکانی ژینگە و پاراستنی ژینگەی کوردستان.
جگە لە پەیماننامە هەشت خاڵییەکە، کە لەلایەن رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ئامادە کرابوو،26 بەرنامەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە تۆمار کراون. لەو بەرنامانەدا کەسانی ئەکادیمی، شارەزایان و پسپۆڕانی ژینگە، لایەنە بەرپرسەکان بەشدارییان کردوە و باسیان لە گرفتەکانی بەردەم ژینگە، هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و رێگاکانی چارەسەرکردنیان کردووە. بۆ ئەوەی کەناڵەکانی راگەیاندن بەپێی توانای خۆیان کاریان لەسەر بکەن و بڵاویان بکەنەوە.
بڵاوکردنەوە