25 ئاب 2026
گەورەترین جین بانک بۆ پاراستنی بنەتۆوی رووەکی خۆماڵی لە سلێمانی کرایەوە، پڕۆژەکە جگە لەوەی ناوەندێکی گەورەی پاراستنی جۆرە دەگمەنەکانی رووەک و تۆوە رەسەنەکانی کوردستانە، دەبێتە ناوەندێکی گەورەی توێژینەوەی زانستی و کشتوکاڵی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە کوردستان و عێراق.
بانکی جیناتی رووەکی، کە بە ناوەندێکی گرنگ دادەنرێت بۆ پاراستنی هەمەجۆریی رووەکی کوردستان لە مەترسیی لەناوچوون، پەرەپێدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە، رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئاب لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بە هاوکاریی و پاڵپشتیی یەکێتیی ئەوروپا، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (فاو-FAO ) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ کراوە، کرایەوە.
جین بانک؛ پرۆژەیەکی نیشتیمانییە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند: جین بانک یەکێکە لە گرنگترین پرۆژە نیشتمانییەکانی کوردستان و عیراق، جگە لەوەی هەموو جۆرە رووەکێکی کوردستان و ناوچەکە لە مەترسی لەناوچوون دەپارێزێت، کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەی نوێی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات و سەدان هەلی کاریش بۆ پسپۆڕانی بوارەکە دابین دەکات.
جین بانکی رووەکی، بە نوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم درووستکراوە و دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە تۆوەکان لە فەوتان بپارێزێت و کار لەسەر پەرەپێدان و گونجاندنی بکرێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە.
ناوەندێکی گەورەی توێژینەوە
بێگەرد تاڵەبانی، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کردنەوەی جین بانکەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، بە تەکنەلۆجیای تازە و سەردەمیانە بونیاتنراوە و دەبێتە ناوەندێکی گەورەی توێژینەوە و کۆکردنەوەی بنەتۆوەکان و پاراستنیان لە فەوتان بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ.
جین بانکەکە، دەبێتە یەکەم پرۆژەی لەوشێوەیە بۆ ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان و رێکخراوەکانی بواری کشتوکاڵی و نێوەندەکانی توێژینەوە و گەشتیاری و جوتیاران و کەرتی تایبەت و ناوەندە جیهانییەکان.
یەکەم جین بانکی عێراق
یەکەم بانکی جینی رووەک لەسەر ئاستی عێراق لە ساڵانی 1977-1978 لە قەزای ئەبوغرێبی بەغدا کرایەوە، بەهۆی دۆخی عێراقەوە جین بانکەکە لە ناوچوو، هاوکات لەگەڵ پڕۆژەکەی سلێمانی، لە لایەن رێکخراوی فاوەوە نۆژەنکرایەوە و بەگەڕخرا.
پاراستنی ژێنەتیکییە کشتوکاڵییەکان
بێگەرد تاڵەبانی، هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی بە گرنگ دانا بەوپێیەی ناوەندێکی گەورەیە بۆ توێژینەوەی زانستی و لە رووی سەرچاوە رووەکییەکان و کەشوهەواو و گونجاوە، چونکە جین بانک پرۆژەکەیەکی ژینگەیی، کشتوکاڵی و ئابوورییە، ئامانجی سەرەکی کۆکردنەوە، تۆمارکردن، پاراستن، تاقیکردنەوە و بەکارهێنانێتی وەک بنەتۆوی جۆراوجۆری ناوخۆیی و کشتوکاڵیی و دەبێتە سەرچاوەیەکی گەورە بۆ پاراستنی ژێنەتیکییە کشتوکاڵییەکان بۆ پشتگیری جوتیاران لە بەرهەمهێنانی بەردەوامدا.
جین بانک لە کاتێکدا لە سلێمانی کرایەوە، کە گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، زیادبوونی رێژەی خوێ لە ئاودا، بووەتە هۆی لە دەستدانی هەندێک جۆری کۆنی رووەک و بنەتۆوەکان، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیستمێکی ریکخراو هەیە بۆ پاراستنی بنەتۆوەکان. ئەوەش بەووتەی وەزیری کشتوکاڵ.
پڕۆژەیەکی گەشتوکاڵییە
جین بانکی بنەتۆوی سلێمانی، سەرچاوەیەکی درێژخایەنە بۆ پاراستنی جۆرەکان و دابینکردنی بنەتۆوی کوالێتی بەرز بۆ جوتیاران و ئەو ناوەندانەی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا دەکەن، رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هەزاران کەس کە دەیانەوێت لەم بوارەدا کارەکانیان ئەنجامبدەن و توێژینەوەکانیان سەرپێ بخەن.
بێگەرد تاڵەبانی ووتی: "پرۆژەیەکی تەواوەتی گەشتوکاڵە، ئەو چەمکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران هێنایە ناو کلتووری کاری پێکەوەیی نێوان کەرتی کشتوکاڵ و دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستاندا".
ئاماژەی بەوەکرد؛ جین بانک دەبێتە ناوەندێکی گەورەی گەشتیاریی بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەکەن، لەو چوارچێوەیدا دەچێتە نێو ناوەندە تۆمارکراوەکانی گەشتیاریی، جگە لە کەسانی پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکە، گەشتیارانی دەتوانن سەردانی ئەم نێوەندە گەورە زانستییە بکەن و بینەری ئەم جۆرە بنەتۆوانە بن.
سندوقی رەشی رووەکە دەگمەنەکان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەم بانکە تەنها پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو "سندوقی رەشی" پاراستنی جۆرە دەگمەنەکانی رووەک و تۆوە رەسەنەکانی نیشتیمانە. گەرنتی و پتەوکردنی پایەکانی ئاسایشی خۆراکییە، بەرهەمی کارێکی هەرەوەزیی نێوان حکومەتی هەرێم، حکومەتی فیدراڵ، یەکێتیی ئەوروپا و رێکخراوی فاوە.
پاراستنی بنەتۆوەکان بۆ 50 ساڵ
جین بانک، سەرچاوەی بۆماوەیی خۆماڵی دەپارێزێت و دەهێنرێتە ناو توێژینەوە و دروستکردنی چەشن و جۆری نوێ کە بەرگەی دۆخی نوێ بگرێت، هاوکات دەبێتە سەنتەرێکی گەورەی توێژینەوەی زانستی کشتوکاڵی و تا 50 ساڵ تۆوەکان لە فەوتان دەپارێزێت.
هیوا بایز، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی لەبارەی گرنگیی جین بانکی رووەکی لە سلێمانی دەڵێت: ئەم جین بانکە سەرچاوەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەتی بۆ جوتیارەکان، پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک دەکات بۆ نەوەی داهاتوو و هیچ تۆوێک لەناو ناچێت.
600 رووەکی دەگمەن
سنووری پارێزگای سلێمانی دەوڵەمەندە بە چەندین جۆری رووەک کە تەنیا لە سرووشت و کەشووهەوای ناوچەکە دەڕوێن.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لەوبارەیەوە دەڵێت: لە هەواری شار، گەورەترین پارکی سەوزایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوای تەنیا ساڵێک لە دانانی بەردی بناغەکەی، ئەمڕۆ جین بانک کرایەوە، سلێمانی و ناوچەکەی شوێنێکە 600 جۆر رووەکی تێدایە کە تەنیا لە سلێمانی هەیە.
سلێمانی؛ سەبەتەی خۆراکی عێراق
ئاماژەی بەوەکرد؛ بەپێی بەرنامەی یەکێتی ئەوروپا، لە ئایندەدا و لە ساڵانی 2027 بۆ 2035 سلێمانی دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی عێراق، پیشەسازییە خۆراکییەکان، پاراستنی بنەتۆو پاراستنی خاک، پاراستنی ئاو، پاراستنی ووزە نوێیەکان، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمە خۆراکییەکان، پاراستنی ژینکە و چوونە سەر رێڕەوی تازەی بازرگانی.
تۆڕی پاراستنی تۆو و دانەوێڵە
یەکێتی ئەوروپا، دەیەوێت جینک بانکی سلێمانی و جین بانکی نیشتیمانی لە بەغدا، ببێتە تۆرڕێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی تۆ و دانەوێڵەکان، دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم پێکەوە کاربکەن، بۆ پێدانی بەهای راستەقینە لە بەکارهێنانی ئەو تۆو و دانەوێڵانە بۆ پەرەپێدان و هەمەچەشنی زیاتر سوودی لێوەربگرن بەجۆرێک بەرگەی کەشوهەوای سەخت بگرن.
پاراستنی مێژووی کشتوکاڵ
ڤیلێم ریپما، سەرۆکی هەماهەنگیی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە عیراق، لەبارەی کردنەوەی جین بانکی رووەکی سلێمانی دەڵێت: کردنەوەی ئەم بانکە بۆ پاراستنی مێژووی کشتوکاڵی عێراقە، وەبەرهێنان لە داهاتووی سیستمی کشتوکاڵ دەکات، کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەر کشتوکاڵ هەیە بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە، کە لە زۆر وڵات روبەڕووی پوکانەوەی بەرهەمەکان دەبنەوە، بۆیە کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانرێت رووەک و کشتوکاڵ بگونجێنین بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتووی کەشوهەوا و ژینگە.
دۆکیومێنتکردنی بنەتۆو
یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی جین بانکی رووەکی سلێمانی، دەیەوێت کاربکات بۆ بە دۆکیومێنتکردنی ئەم تۆوانە، وەبەرهێنانی تێدا دەکات، بۆ ئەوەی ببێتە پلاتفۆرمێک، توێژەر و زانکۆکان و دامەزراوەی کشتوکاڵی و جوتیاران و کەرتی تایبەت پێکەوە ببەستێتەوە.
فاو: جین بانک خەونە
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوەیەکگرتووەکان (فاو)، کە پرۆژەکەی جێبەجێکردووە، جین بانکی سلێمانی بە خەونێک دەزانێت کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بە دیهێنانی مەحاڵ بووە.
سەڵاح حاجی حەسەن نوێنەری فاو لە عێراق، لە مەراسیمی کردنەوەی جین بانک رایگەیاند: ئەمە خەونێکە بووە بە راستی، چوار ساڵ لەمەوپێش ئەم خەونە مەحاڵ بوو، بەڵام یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی دارایی کردوون و حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم ئەوەی لەدەستدایە خستویەتییە خزمەت ئەو پڕۆژەیەوە بۆیە بەدیهاتووە.
ووتیشی: "جین بانک، پرۆژەیەکی ستراتیژییە زۆر گرنگە بۆ کوردستان، لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، سودمان بینیوە لە چەند پرۆژەیەکی هاوشێوە لە ناوچەکە، ئەمەش چیرۆکی سەرکەوتنێکە بۆ ناوچەکە و جیهان و لاپەڕەیەکی رووناکە".
رێکخراوی فاو، لە سەر پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، بانکی جیناتی رووەک لە سلێمانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی "گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی خۆڕاگریی سیستمە خۆراکییە کشتوکاڵییەکان لە عێراق" لەسەر رووبەری 25 هێکتار زەوی (100 دۆنم) جێبەجێکراوە.
پاراستنی بۆماوەیی رووەک
ئامانجی سەرەکیی جین بانک؛ پاراستنی سەرچاوە بۆماوەییەکانی رووەک، پشتیوانیکردنی توێژینەوەی زانستی، بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدانی جۆرەها تۆوە کە بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو بگرن.
جن بانک، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دروستکراوە و بەشەکانی پاراستنی تۆو، تاقیگەی زانستی، شوێنی توێژینەوە و راهێنان و ئامێری بەگەڕخراو بە وزەی نوێبووەوە لەخۆدەگرێت.
رێکخراوی فاو، ئەو دەستکەوتە بە وەبەرهێنانێکی درێژخایەن دادەنێت لە داهاتووی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان، و ههنگاوێکى هاوتەریبە لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی بانکی نیشتمانیی جینات لە بەغدا بۆ پاراستنی فرەچەشنیی کشتوکاڵی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ نەوەکانی داهاتوو.
فرەچەشنی بۆماوەیی رووەک
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەبارەی کردنەوەی جین بانکەکەوە بڵاوی کردەوە، میساق خەفاجی بریکاری هونەریی وەزارەت، لە شاری سلێمانی بەشداریی کردووە لە کردنەوەی یەکەمین بانکی جینات و تۆو لە هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی فرەچەشنی بۆماوەیی رووەک و پاراستنی بنەتۆو و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی عێراق.
ئاماژەی بەوەکردووە، کردنەوەی جین بانکی سلێمانی، هاوکاتە لەگەڵ دووبارە بەگەڕخستنەوەی بانکی نیشتیمانی جینات لە بەغدا، هەنگاوێکە بۆ پاراستنی میراتی کشتوکاڵ و کەلەپووری کشتوکاڵی و سەرچاوە بۆماوەییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو، پاراستنی داهاتووی کشتوکاڵی عێراق لە رووبەڕووبونەوەی کەمئاویی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
بەردی بناغەی جین بانک
رۆژی 7ـی تەمموزی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق و پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناغەی پڕۆژەی جین بانکی دانا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، جین بانک پرۆژەیەکی گرنگیی ستراتیژی گەشتوکاڵییە و بودجەکەی لەلایەن رێکخراوی فاوەوە دابین کراوە. لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت بە ئامانجی کۆکردنەوە و پاراستنی بنەتۆو و رەگەز و وەچەی ئەو رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی کە مۆرکی رەسەنی کوردستانی و عێراقیان پێوەیە. لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا ناوەندێکی زانستییش دادەمەزرێت بۆ توێژینەوە لەسەر رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و چۆنییەتی پاراستنیان و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ پسپۆڕانی بوارەکە دەڕەخسێنێت.
بڵاوکردنەوە