فۆكه‌س گروپێكى ڤيژن: رێكخستنێكى باشتر بۆ فێستيڤاڵه‌كانى سلێمانى بكرێت

20 ئاب 2026

ڤیژن فاونده‌يشن

لە دامەزراوەی ڤیژن، ستراتیجی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ و بۆنەکان، گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە کرا، کێشەی رێکخستن، نەبوونی پلان، دووبارە بوونەوە و هاوشێوەیی فێستیڤاڵەکان، قەتیسبوونی لە چەند شوێن و پارکێکی دیاریکراو، رۆڵی میدیا لە روماڵکردنی فێستیڤاڵەکان و لایەنی دارایی و ئابوری تەوەری سەرەکی بوون.

دامه‌زراوه‌ى ڤيژن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيجى، فۆکەس گروپێکی بە ناونیشانی ستراتیجی رێکخستنی فێستیڤاڵ و بۆنەکان لە سلێمانی، بە بەشداریی شارەزایان و پسپۆڕان، خاوەن کۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکخست، بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی رێکخستن و خوێندنەوەی پێشوەختە بۆ فێستیڤاڵ و چالاکییەکان، تا ببێته‌ سه‌ره‌تايه‌ك بۆ رێکخستن و بەرەوپێشبردنی فێستیڤاڵەکان لە سلێمانی.

دووبارەبوونەوەی فێستیڤاڵەکان

ئەلەند مەحوی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ئامانجی رێکخستنی گفتوگۆکەی خستەڕوو، کە فۆکەس گرووپە تایبەتە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رێکخستنی فێستیڤاڵ و بۆنە و چالاکییەکان و ژمارەیەک کێشە و گرفتی سەبارەت خستەڕوو و وتی: "ئەو جۆرە فێستیڤاڵانەی بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێن، دووبارەن و زۆرینەیان تایبەتن بە خواردن".

تێکدانی ژینگە و سرووشت 

ئەلەند مەحوی، ئەوەی خستەڕوو، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە پێشوەختە خوێندنەوەی بۆ ناکرێت و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئەنجام دەدرێن، کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگە و سرووشتی ئەو شوێنەی فێستیڤاڵەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت. 

کوالێتی فێستیڤاڵەکان 

کازێو کاوە عەبدوڵڵا، نوێنەری ژووری بازرگانی سلێمانی، بەشێک لە کێشە و گرفتی بۆنە و فێستیڤاڵەکانی خستەڕوو و رایگەیاند: بێ کوالێتی و نەخوێندنەوەی پێشوەختە بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکان، کێشەیەکی سەرەکیین. 

ئاماژەی بە گرفتێکی دیکەی بەردەم رێکخستنی فێستیڤاڵەکان کرد، ئەویش لاوازی و خراپی لایەنی داراییە، کە رێگرە لە ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکی گەورە و نموونەیی لە شوێنی گونجاوتردا. 

نەبوونی هەماهەنگی 

نوێنەری ژووری بازرگانی سلێمانی، ئاماژە بە نەبوونی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لە بەڕێوەچوونی بۆنە و فێستیڤاڵەکاندا، کە دەبێتە هۆی شکستهێنان و بەڕێوەنەچوونی چالاکییەکی نموونەیی. 

زيانى زۆر له‌ پاركه‌كان ده‌درێت

خەرمان محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار لە فۆکەس گرووپەکەدا روونیکردەوە، فێستیڤاڵەکانی ئێستا دووبارەن و ئامانجیان تەنها فرۆشتن و پارە پەیداکردنە، لەکاتێکدا داهاتی ئەو فێستیڤاڵانەی لە هەواری شار دەکرێن بۆ پارکەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو دەدرێت بە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.  

ووتیشی: "ئەو جۆرە فێستیڤاڵانەی ئەنجام دەدرێن، زیانێکی زۆر بە پارکی هەواری شار دەگەیەنێت، لە رووی تێکدانی سرووشتی شوێنەکە و کارەبا و رووناکی و سیستەمی ئاودێرییەوە.

پارکەکان بۆ فێستیڤاڵ نییە 

بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار ئاماژەی بەوەکرد، پارکەکان بۆ فێستیڤاڵ و بۆنە و ئاهەنگەکان دیزاین نەکراوە، بەڵکو بۆ پشوودان و کات بەسەربردن و وەرزشکردن درووست کراون. 

نەبوونی هاوکاریی 

شکار عەتا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و مارکێتینی هۆتێل رۆتانا، باسی لەوەکرد: بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵیکی گەورە و باش پێویست بە بودجەیەکی زۆرە، تەنها حکومەت دەتوانێت دابینی بکات، بەڵام حکومەت نەک هاوکار نییە، بەڵکو پارەش لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە وەردەگرێت.

رێکخستنی کات و تەمەن

بەشداران ئاماژەی بە هۆکارێکی دیکەی باش بەڕێوەنەچوونی فێستیڤاڵەکان کرد، ئەویش رێکخستنی کات و دیاریکردنی تەمەنە بۆ فێستیڤاڵەکان، چونکە لە بەشێکی زۆری فێستیڤاڵەکاندا رەچاوی تەمەن ناکرێت، گەورە و بچوک بەشداریی تێدا دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و پیسبوونی ژینگە و سرووشتی شوێنەکە.

ئاماری بەشداربووان

یەکێک لە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵی مەولانا، لە فۆکەس گرووپەکەدا داتا و ئاماری بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەی لەماوەی سێ ساڵی رابردوو خستەڕوو، لە ساڵی یەکەمی فێستیڤاڵەکەدا 46 هەزار کەس بەشداربوون، لە ساڵی دووەم رێژەکە بۆ 86 هەزار کەس بەرزبووەتەوە، ئەمساڵ رێژەکە گەیشتووەتە 156هەزار بەشداربوو. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرەڕای هەموو تێبینییەکان، ساڵانە سەردانیکاران و بەشدارانی فێستیڤاڵەکان زیاد دەکات.

وەرگرتنی مۆڵەت 

سەرپەرشتیارەکەی فێستیڤاڵی مەولانا، ئاماژەی بە جیاوازی وەرگرتنی مۆڵەت لەنێوان خاوەن کۆمپانیاکان کرد و وتی: "هەندێک لایەن بەبێ مۆڵەت بەشداریی لە فێستیڤاڵەکان دەکەن و بەشێکیان خاوەنی مۆڵەتن، بەڵام مۆڵەتی فێستیڤاڵ نا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریی لە فێستیڤاڵەکاندا دەکەن. 

رۆڵی میدیا 

ئامادەبووانی فۆکەس گرووپەکە، بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە رۆڵی میدیا هەبوو بەشێکیان پێیانوابوو، میدیا رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە رووماڵکردن و ناساندنی فێستیڤاڵەکان بە خەڵک و ئەنجامدانی بەرنامەی تایبەت لەناو فێستیڤاڵەکان و راکێشانی گەشتیاران.

لە بەرانبەردا بەشێک لە بەشداران رەخنەیان لە کەناڵەکانی راگەیاندن و میدیاکان گرت بەشێوەیەکی چالاکانە کاری خۆی ئەنجام نادات و بەپێی پێویست بازاڕگەریی بۆ فێستیڤاڵ و بۆنەکان نەکردووە، بەشێک لە میدیاکاران کاریان بۆ ناشرینکردنی فێستیڤاڵ و چالاکییەکانی سلێمانی کردووە.

گواستنەوەی فێستیڤاڵەکان بۆ دەرەوەی سلێمانی 

د.بیلال رەئوف، رۆژنامەنووس و شارەزای ئابووری و نوێنەری کەناڵی کوردسات، کە سپۆنسەری بەشێکی چالاکی و فێستیڤاڵەکان دەکەن، بەپێویستیزانی بەشێک لە فێستڤاڵەکان لە ناوخۆی سلێمانی بۆ دەرەوە بگوێزرێنەوە و چالاکییەکان فرەجۆر بکرێن.

پێشنیازەکان

لە فۆکەس گرووپەکەدا ژمارەیەک پێشنیاز خرانەڕوو، دیارترینیان دروستکردنی شوێنی تایبەت و گونجاو بە فێستیڤاڵەکان لە سلێمانی بوو، چونکە بەشداریی رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە فێستیڤاڵەکاندا، ئاستەنگی هاتوچۆ لە پارکەکان دروست دەکات، ئەمەش کاریگەری خراپی بۆ سەر شوێنەکە دەبێت.

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، ناوەڕۆک و دەرئەنجامی فۆکەس گرووپەکە لە پۆڵسی پەیپەرێک و لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکی زانستیدا بڵاودەکاتەوە، نەخشەڕێگا و راسپاردە و پێشنیازی زانستی، بۆ کۆمپانیا و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵ و بۆنەکان و لایەنی پەیوەندیداری حکومەت دەخاتەڕوو.