2025-01-29
چوارشەممە، ڕێکەوتی 29-ی کانوونی دووەمی 2025، شاندێکی دامەزراوەی ڤیژن، سەردانی وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پیکهاتەکانی کرد.
ئایدن مەعروف، وەزیری پێکهاتەکان، پێشوازی لە شاندەکە کرد و کۆبوونەوەیەکی تایبەتییان سەبارەت بە بارودۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێکهاتەکان، جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و زامنکردنی دەنگی سەربەخۆیان لەپرۆسەی سیاسی کوردستاندا کردەوە، بەجۆرێک کە سەرجەم پێکهاتەکان دەنگورەنگی خۆیان دەرببڕن، رێگە بە هیچ لایەنێکی سیاسی نەدرێت هەژموونی بۆ زەوتکردنی دەنگ و مافەکانییان بەکاربێنیت.
جەختی لەوەشکردەوە، جگە لە هەندێک کێشەی لاوەکی لەناو یەکێک لە پێکهاتەکان، هەڵکەوتەی فرەڕەنگی و فرەپێکهاتەیی کۆمەڵگەی کوردستان، جوانییەکی تایبەتی پێ بەخشیووە.
لای خۆشییەوە شاندەکەی ڤیژن، سەرەڕای ناساندنی دامەزراوەکە، ئاماژەیان بە هەنگاوە کردەییەکانی دامەزراوەکە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ گرفتە هەڵواسراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، هەروەها ئامادەیی دامەزراوەکەیان بۆ توێژینەوە و کارکردنی جدی لەسەر بابەتی پێکهاتەکان پیشاندا و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشە یاسایی و سیاسیەکانییان.
بڵاوکردنەوە