ڤیژن؛ توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ئایندەی ڕاهێنانی پیشەیی و بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

10 ئاب 2026

توێژینەوەیەکی زانستی دامەزراوەی ڤیژن، گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی؛ ناوەندەکانی ڕاهێنانی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین بەربەست بوونەتەوە. بەتایبەتی هاوسەنگی خولەکانیان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار، نەبوونی پرۆگرامی ستاندارد، کەمیی ڕاهێنەری شارەزا، هەروەها ڕێنماییە کارگێڕییەکان و بنەما نەرێنیییەکانی کۆمەڵایەتی بۆ پەروەردەی پیشەیی.

توێژینەوەکە لەلایەن "دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی"یەوە و لەلایەن توێژەر سارا کەمال مەعرووف بەناونیشانی (ئایندەی ڕاهێنانی پیشەیی و بەهێزکردنی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان)، ئەنجامدراوە، داتاکانی لە ڕێگەی شیکاریی گفتوگۆی فۆکەس گروپی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کۆکردووەتەوە. و تیایدا لێکۆڵینەوە بۆ کاری ناوەندەکانی ڕاهێنانی پیشەیی کردووە، لە کۆتاییدا گەیشتووەتە چەندین دەرئەنجامی زانستی، لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەرئەنجامانەش ڕاسپاردەی پێویست ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

راهێنانی پیشەیی و دەستکەوتنی هەلی کار

فۆکەس گروپەکە و گفتووگۆکە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن لە تەمووزی ٢٠٢٦ ڕێکخرا وەک بەشێک لە بەرنامەی (چاوی کراوە)، لەژێر ناونیشانی (ئایندەی ڕاهێنانی پیشەیی و بەهێزکردنی بازاڕی کار). بەشداربووان لە ڕوانگەی جیاوازی دامەزراوەیی، ئەکادیمی، پەروەردەیی و بازاڕی کارەوە پرسەکانی ڕاهێنانی پیشەیی پرسەکەیان تاوتوێ کرد.

لە توێژینەوەیەکەدا دەرکەوتووە رێژەی دامەزراندنی دەرچووانی ناوەندەکانی ڕاهێنانی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لە (١١٪) تێناپەڕێت، لەکاتێکدا لە ساڵی (٢٠٠٤)ـەوە تا مانگی حوزەیرانی (٢٠٢٦)، ناوەندەکانی ڕاهێنان (٣٠٤) خولیان کردووەتەوە. کۆی گشتی (٤٦٤١) فێرخواز بەشدارییان کردووە، (١٧٥٨) نێر و (٢٨٨٣) مێ.  لەو رێژەی تەنها (٥٠٠) کەس کاریان دەستکەوتووە، یان بوونەتە خاوەنی کاری خۆیان.

لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەدرێژایی (٢٢) ساڵی کارکردنیان، ناوەندەکانی ڕاهێنانی پیشەیی ڕۆڵێکی باشیان گێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی لێهاتووی گەنجان و کەسانی بێکار لەڕێگای ئەنجامدانی خولی جۆراوجۆرەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامارى هەرێم و ڕووپێوى هێزى كارى هەرێمى كوردستان، ڕێژەی بێکاری لە (٢٠٢١)، گەیشتووەتە (١٦.٥٪).

بێکاریی و پێویستی راهێنانی پیشەیی

بەپێی ئامار و داتاکانی توێژینەوەکە، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی ڕێژەی (١٦.٥٪) بێکاری لەناو گەنجاندا، هەروەها گەڕانەوەی هاونیشتیمانیان لە دەرەوەی وڵات و بوونی ڕێژەیەکی زۆری ئاوارە، پێویستی و گرنگی گەشەپێدانی ئەم ڕاهێنانانە و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کارامەیی و دەستەبەرکردنی هەل و هێزی کار، زیادی کردووە. 

بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەیی، خاوەنی (٢٥) وەرشەی کردارییە لە بوارەکانی (کۆمپیوتەر، درومان، چنین، بیناسازی، وێنەی ئەندازەیی، ئاو و ئاوەڕۆ، شۆفاژ، کارەبا، سۆلار، دەلاکی، ئارایشتگا، بازاڕگەری، چاککردنی ئۆتۆمبێل، چاککردنی مۆبایل، دانانی کامێرای چاودێری ماڵان، دادەی باخچەکان، بەڕێوەبردنی بۆنەکان، دارتاشی، دیکۆرات، دروستکردنی شیرینی و بواری تر).

ئامار و داتاکانی راهێنان و هەلی کار 

توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، بە رێبازی چۆنیەتی ئەنجامداروە بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئێستای راهێنانی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان و ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر بەشداریکردنی لە بەهێزکردنی بازاڕی کاردا هەیە، ئەنجامدراوە.

توێژینەوەکە پشتی بە چەند جۆرێک لە داتای سەرەکی بەستووە، ئەوانیش: ڕێنماییە کارگێڕییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئامار و ڕاپۆرتە فەرمییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان. داتا ڕەسمییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕاهێنانی پیشەیی پەیوەست بە ژمارەی ناوەندەکان، خولەکان، ژمارەی دەرچووان بەپێی ڕەگەز. تێڕوانین و ئەزموونی بەشداربووانی فۆکەس گرووپەکە سەبارەت بە ئاستەنگ و چارەسەرەکان.

توێژینەوەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی گفتوگۆی فۆکەس گرووپی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک نوێنەرانی ناوەند و سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پیشەیی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەرتی گشتی، زانکۆکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتییە. لە ڕێگەی شیکردنەوەی دیدگای ئەم لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسانەوە، توێژینەوەکە ڕاسپاردەی زانستی بۆ باشترکردنی کاریگەریی  و ئاراستەی داهاتووی ڕاهێنانی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش بە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.

لاوازی سەنتەرەکان و رەنگدانەوەی لەسەر هەلی کار

توێژینەوەکە هۆکاری لاوازیی ئاستی ناوەندەکان و کەمیی دامەزراندن دەگەڕێنێتەوە بۆ ناهاوسەنگی خولەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار، نەبوونی پرۆگرامی ستاندارد، کەمیی ڕاهێنەری شارەزا، ڕێنماییە کارگێڕییەکان و بنەما نەرێنیییەکانی کۆمەڵایەتی بۆ پەروەردەی پیشەیی. 

توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ڕاهێنانە پیشەییەکان دەبێت ببنە یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکان بۆ بەدەستهێنانی کەسانی لێهاتوو. بۆ ئەوەش چەندین رێگا چارە دەخاتەڕوو لەوانە: پێداچوونەوە بە ڕێنماییە کارگێڕییەکان. دانانی پرۆگرامێکی یەکگرتووی ڕاهێنان و هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی.  دروستکردنی میکانیزمی بەدواداچوون بۆ دەرچووان و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان. 

راسپاردە بۆ سەنتەرەکانی راهێنان 

توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن، بە پشتبەستن بەو ئاستەنگانەی دەستنیشانکران، چەندین راسپاردەی خستووەتەڕوو بۆ بەرەوپێشبردنی کاری بەڕێوەبەرایەتی و بەهێزکردنی بازاڕی کار، لەوانەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتەکانی حکومەت، کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەڕێگای: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن: واژۆکردنی یاداشتنامە.

رۆڵی کەرتی تایبەت و خاوەنکارەکان

پێشنیازێکی دیکە، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی کەرتی تایبەتە بەو هۆیەی خاوەنکارەکان زانیاری تەواویان هەیە لەسەر پێداویستییەکانی شوێنی کار و پێداویستییە پیشەییە نوێیەکان. بەشداریکردنیان لە پەرەپێدانی پڕۆگرام، ڕاهێنانی کرداری، مەشقکردن و هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی ڕاهێنان یارمەتیدەر دەبێت لەوەی، ئەو کارامەییانەی ڕاهێنانی پیشەیی دەیبەخشێت کاریگەربن و لە بازاڕی کاردا کارپێکراو بن. 

هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە وادەکات توێژینەوەی بازاڕی کار، باشترکردنی پڕۆگرام، پەرەپێدانی ڕاهێنەر و داهێنان لە شێوازەکانی ڕاهێناندا ئاسانتر بکرێت. مامۆستایانی شارەزا و سەرچاوە ئەکادیمییەکان ئاستی ڕاهێنانە پیشەییەکان و متمانەیان زیاتر دەکەن. 

جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خەرجییەکان، بەرزکردنەوەی ڕەزامەندیی کەرتی تایبەت و زیادکردنی ڕێژەی دەستکەوتنی هەلی کار بۆ دەرچووانی ناوەندەکانی راهێنانی پیشەیی.

ئامانجی کورتخایەن و درێژخایەن

لە کۆتای توێژینەوەکەی دامەزراوەی ڤیژن ئەوە خراوەتەڕوو، جێبەجێکردنی ڕێگاچارە و پێشنیازەکان بە شێوازێکی قۆناغ بە قۆناغ، نەخشەڕێگەیەکی ڕوون بۆ گەشەی بەردەوام دەستەبەر دەکات و وەک ئامانجی کورتخایەن هەتا ساڵی (٢٠٢٧)، بە کاراکردنی سیستمی بەدواداچوونی دەرچووان و جێبەجێکردنی مۆدێلی بەگرێبەستکردنی ڕاهێنەرانی کەرتی تایبەت، ڕێژەی بەکارخستنی دەرچووانی ناوەندەکان بەرز دەبێتەوە و هاوبەشیی فەرمی لەگەڵ دامەزراوە داراییەکان بۆ قەرزی بچووک جێگیر دەبێت. هەروەها ئامانجی درێژخایەن هەتا ساڵی (٢٠٣٠)، بە گشتگیرکردنی چوارچێوەی بڕوانامە پیشەیییەکان و گەیشتنی ڕاهێنانەکان بۆ ناوچەی جوگرافی دوورتر، بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕەزامەندیی خاوەنکاران بە دەرچووان. 

بەم جۆرە ڕاهێنانی پیشەیی دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ دابینکردنی هێزی کاری ناوخۆیی کارامە و کەمبوونەوەی پشتبەستن بە کارمەندی بیانی و ئامادەکردنی ئابوریی هەرێم بۆ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە خێراکان.

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی ساڵی (٢٠٢٤) لەلایەن کۆمەڵێک لە دەستەبژێری ئەکادیمی، رۆژنامەوان و رۆشنبیرەوە دامەزراوە. وەک خانەیەکی هزری  بونیادنەر کار دەکات، لەپێناو دروستکردنی تێگەشتنی هاوبەش، بە ئامانجی دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رێگەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دروستکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.