15 تەممووز 2026
کەرتی خانووبەرە یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە بنەڕەتییەکانی بزوێنەری ئابووری لە هەرێمی کوردستان؛ چونکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە کەرتە ئابوورییەکانی تری وەک پیشەسازی، بازرگانی، بانک، هێزی کار و باجەوە گرێدراوە. هەر جۆرە سستبوون یان گەشەسەندنێک لەم کەرتەدا، ڕەنگدانەوەی خێرا و ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی جومگە ئابوورییەکانی تر دەبێت.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، لە ڕێکەوتی ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ لە شاری سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری بە بەشداریی ٥٤ وەبەرهێنەری کەرتی نیشتەجێبوون، نوێنەرانی بانکەکان، پسپۆڕان و بەرپرسانی پەیوەندیداری حکومەت ساز کرد. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە داڕشتنی سیستەمێکی دارایی بۆ خانووبەرەی نیشتەجێبوون، «بارمتەی خانووبەر» (Mortgage)، لە هەرێمی کوردستان.
ئەم توێژینەوەیە بە وردی و لە ڕوانگەیەکی گشتگیرەوە، تیشک دەخاتە سەر ڕەوشی بنەڕەتیی هەرێمی کوردستان لە بواری دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی خانووبەرە. تەوەری سەرەکیی ئەم باسە، گەڕانە بەدوای ئەو هۆکارانەی کە وایان کردووە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای بوونی یاسای وەبەرهێنان، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، خواستی زۆر بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی گونجاو و هەبوونی پرۆسەی تۆمارکردنی موڵک، هێشتا نەبووەتە خاوەنی سیستەمێکی دابینکردنی دارایی بۆ بارمتەی خانووبەر (Mortgage Finance).
بڵاوکردنەوە