هەڵسەنگاندنێک بۆ بایکۆتی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە پانێڵی تایبەت بە ئاریشە و لێکەوتەکانی بایکۆت و رێگاکانی چارەسەرکردنی

2025-01-23

سەرلەبەیانی ئەمرۆ ٢٠٢٥/١/٢٣ کاتژمێر ٩:٣٠ دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە هۆڵی دیدگای دامەزراوەکە پانێڵێکی تایبەتی بۆ قسەکردن لەسەر بابەتی بایکۆت لەلایەن مامۆستایانەوە رێکخست و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و توێژەران بەشداربون.

لەدرێژەی زنجیرە چالاکیەکانی دامەزراوەکە، وەک ئاوەڕدانەوەیەک لە کێشەی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵی کوردی، بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارەی کێشەی بایکۆت، دامەزراوەی ڤیژن ئەم پانێڵەی سازکردوە کە بەشێکە لەپرۆژەیەکی درێژخایەن خۆی لە ئەنجامدانی توێژینەوە و پانێڵ و ئامادەکردنی نەخشە رێگەیەک بۆ حکومەت بە نیازی چارەسەرکردنی بنچینەی دەبینێتەوە. 

لەسەرەتای پانێڵەکەدا بەڕێوەبەری پانێڵ د. دیدار کە لەهەمانکاتدا بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەکانی ڤیژنیشە پێشەکیەکی دەربارەی ئاریشەو لێکەوتەکانی بایکۆت خستەروو، دواتر هەریەک لە بەشدارانی پانێڵەکە راو سەرنجی خۆیان راشکاوانە گەیاندە ئامادەبوان، هەردوو لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی بایکۆت خرانەروو و بوە جێی باسوخواسی گەرمی بەشداران.

لەبەشی دوەمی دانیشتنەکەدا کە زیاتر لە ٣٠ مامۆستا و پەروەردەکار ئامادەیبوون، پرسیار و وەڵام و گفتوگۆی گەرموگوڕ لەنێوان بەشداران و پانێڵیستەکاندا هاتەئاراوە و سەرجەم راو بۆچونە جیاوازەکان خرانە بەرنامەی کاری توێژینەوەکانی دامەزراوەی ڤیژن و وابڕیارە بە یاداشتنامەی کار پێشکەش بە حکومەتی هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بکرێت و بەدواداچونی پێویست و بەردەوامی بۆ ئەنجامبدرێت بە مەبەستی گەیشتن بە رێگەچارەی کیشەی بایکۆت و باشترکردنی بواری پەروەردەو فێرکردن لەهەرێمی کوردستان.

baykoty-mamosta-2

baykoty-mamosta-3

baykoty-mamosta-4

baykoty-mamosta-5

baykoty-mamosta-6

baykoty-mamosta-7

baykoty-mamosta-8

baykoty-mamosta-9