22 حوزەیران 2026
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و شارهوانیی بەغدا (امانة بغداد) گفتوگۆیان لەسەر دۆخی ژینگەیی پایتەختى عێراق، هۆکارەکانی پیسبوونی رووباری دیجلە كرد و رێگاکانی چارەسەرکردنيشيان تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکە رۆژی پێنجشەممە، 18/6/2026، لە بەغدا بەڕێوەچوو و تێیدا هەردوو جێگری سەرۆکی شارهوانیی بەغدا و نوێنەرانی دامەزراوەی ڤیژن بەشدارییان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی شارهوانیی بەغدا هۆشدارییان لە پیسبوونی رووباری دیجلە و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی گشتی و ژینگەی شارەکەدا و جەختیان له پێویستی هەنگاوە خێرا و زانستییەکان کرد بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە.
دروستكردن و بەهێزکردنی پشتێنەى سهوزايى و فراوانکردنی سهوزايى بەغدا وەک یەکێک لە گرنگترین رێکارەکان بۆ باشترکردنی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا خرایەڕوو.
لایخۆیەوە، دامەزراوەی ڤیژن باسی لە توێژینەوە و پڕۆژە ژینگەییەکانی خۆی کرد و ئەو نەخشەڕێگا و پێشنیارانەی خستەڕوو کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی رووبارەکانی دیالە و تانجەرۆ ئامادەکراون.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، شارهوانیی بەغدا داوای لە دامەزراوەی ڤیژن کرد كارى هاوبەشیان ههبێت لە ئامادەکردنی توێژینەوە و پڕۆژەی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە جێگیرەکان بۆ کێشە ژینگەییەکانی بەغدا، هەروەها هاوکاری بکات لە گەڕان بەدوای پشتگیری و بەخشەرانی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ژینگەییەکان.





بڵاوکردنەوە